جەنگ و لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی

شۆخان مەحمود حسێن- مامۆستای زانکۆ

 جەنگ، یەکێکە لەو دیاردە ئەزەلییانەی کە مێژووەکەی بۆ سەرەتای خەمڵینی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە، کە لە بنەڕەتەوە تاکو ئێستا کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکی رۆڵیان لەسەرهەڵدانیدا هەبووە، بەتایبەتی فاکتەری (پاوانخوازی، هەژموون و ئارەزووی خۆسەپێنی، ئایدۆلۆژیا، بەرژەوندیخوازی، حەز و خولیای داگیرکاری و ئابووری و...هتد)، هەریەکەیان بەپێی قۆناغ و سەردەمە جیاوازەکان رۆڵیان لە هەڵگیرساندنی جەنگ و کارەساتە مرۆییەکاندا هەبووە، کە راستەوخۆ شوێنەوار و کاریگەریی فرە رەهەندیان لەسەر کۆمەڵگە جێهێشتووە لەمبارەوە زانا و پسپۆڕانی کۆمەڵناسی جەنگ، ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە، کە تاکەکانی کۆمەڵگە لە کاتی جەنگ و تەنانەت دوای جەنگیش، قوربانی یەکەمی پێشهات و پەرەسەندنە سەربازییەکانن و لەپاڵ لێکەوتە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەکاندا، نیشانە مەترسیدارەکانی لێکەوتە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانیان لەسەر دەردەکەوێت، چونکە بەشێوەیەکی گشتی زۆرجار کاریگەرییەکانی جەنگ خێرا و هەستپێکراون و بەشێوەی کتوپڕ گۆڕانکاریی ریشەیی دروست دەکەن و رەوشی کۆمەڵگە بە ئاراستەی جیاواز هەنگاو دەنێت، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر بنیادی کۆمەڵگە دروست دەکات.


لێکەوتە دەروونییەکان سەبارەت بە کاریگەریی جەنگ لەسەر لایەنی دەروونی، ئەنجامی توێژینەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە جەنگ و ناسەقامگیریی سیاسی، کاریگەری و زەبری توند لەسەر جەستە و دەروونی تاک دروست دەکەن، بەجۆرێک تاک لە بارودۆخی جەنگدا رووبەڕووی (ترس، دڵەڕاوکێ ، خەمۆکی، تراوما و شۆکی دەروونی، خەم و بێهیوایی و شڵەژانی دەروونی) دەبێتەوە، کە هەموو ئەمانەش نیشانەکانی لەسەر تەندروستی دەروونیی تاک بۆ ماوەیەکی دوورودرێژی دوای جەنگیش دەمێنێتەوە. 


توێژینەوەیەکی زانستی بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە رێژەی ٥٪ و ٤٠٪ی بەرکەوتووانی جەنگ رووبەڕووی شڵەژانی دەروونی و خەمۆکی توند دەبنەوە، لەو رێژەیەش منداڵ وهەرزەکاران پشکی شێریان بەردەکەوێت. جێگەی ئاماژە بۆکردنە، کە تاک لەناو کۆمەڵگەی جەنگدا لەژێر کاریگەریی میدیا و سۆشیال میدیادا، نیشانە توندەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە سروشتیاندا دەردەکەوێت، بەتایبەتیش ئەوانەی بە ئاستێکی بەرز ئالودەی گەڕان بەدوای هەواڵ و زانیارییەکانی جەنگ و شیکاری پێشهاتە سەربازییەکانەوەن، زیاتر رووبەڕوی فشاری دەروونی دەبنەوە و هۆرمۆنی (کۆرتیزۆڵ و ئەدریناڵین) لە جەستەیاندا زیاد دەکات و راستەوخۆ نیشانەی گرفتە دەروونییەکانی وەک: (شەکەتی و بێهێزی، کەمبوونەوەی تەرکیز، دڵتەنگی، تێکچوونی لێدانی دڵ، گرژبوونی ماسوولکەکانی جەستە، سەرگێژبوون، کەم خەوی، لاوازیی بەرگریی جەستە) لە جەستەیاندا بەدیدەکرێ. 


 لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان هاوکات توێژینەوە زانستییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە جەنگ و ناسەقامگیرییەکان، بنیادی کۆمەڵایەتی بە ئامانج دەگرن و بنەماکانی لەبەریەک هەڵدەوەشێنن و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخەنە بەر مەترسی، بەجۆرێک لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا تاکەکانی کۆمەڵگە بەهۆی هەستیاریی بارودۆخەکە و ترس لە ئەنجامە مەترسیدارەکانی جەنگ، جگە لەوەی تاڕادەیەک لە یەکتری دوور دەکەونەوە و هاوبەندیی کۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا لاواز دەبێت، لەهەمان کاتدا رێژەی توندوتیژی و ئەنۆمی کۆمەڵایەتی بەرزدەبێتەوە، هەروەها دامەزراوە پەروەردەییەکان وەک پێویست ناتوانن بە ئەرکەکانیان هەستن، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕان لە بەهاو کەلتوری کۆمەڵگەدا روودەدات، کە هەموو ئەمانەش مەترسی بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن.


ئەوەی کە لەئێستادا جیهان بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، بریتییە لە جەنگی ئیسرائیل - ئەمریکا لەگەڵ ئێران، مێژووی ململانێی نێوان لایەنە بەشەڕهاتووەکانی ئەم جەنگە بۆ نزیکەی نیوسەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ١٩٧٩  و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی-یەوە، سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا سەریهەڵدا. بەجۆرێک ئیدارەی هەردوو حکومەتی ئیسرائیل و ئەمریکا، دەرکەوتنی دەوڵەتێکی ئیسلامییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان زانیوە، ئەمەش وایکردووە بە درێژایی  ٤٧ ساڵی رابردوو ململانێی نێوان ئەم دوو جەمسەرە جیاوازە، ببێتە هۆکاری ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووریی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا و چەندین جاریش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی بریکارەکانیانەوە، رووبەڕوبوونەوەی چەکداری لەنێوانیاندا روویداوە، دواجاریش دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦ دا دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێف لەسەر پرسی پیتاندنی ئەتۆم شکستی هێنا، لە بەرەبەیانی ٢٨شوباتی ٢٠٢٦ دا ئیسرائیل و ئەمریکا جەنگیان لە دژی ئێران راگەیاند و بە نوێترین فرۆکەی سەربازی تاران-ی پایتەختیان بۆردومان کرد و خودی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج.


 ئەم پێشهاتانەش راستەوخۆ ناوچەکەیان بە ئاراستەی جەنگ و ناسەقامگیری برد و پڕیشکی ئەم جەنگەش تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گرتەوە و کاریگەریی قووڵ و هەستپێکراوی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی درووستکردووە، چونکە هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە هەرێمی کوردستان بووە جێگەی بایەخی لایەنە بەشەڕهاتووەکان، بەجۆرێک خودی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوا لە سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکات کە هاوکاریی ئەمریکییەکان بکەن لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بەرانبەریشدا دەسەڵاتدارانی ئێران بە توندی هۆشدارییان لە تێوەگلانی پارتەکانی باشوور راگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەش رۆژانە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕوی مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو دەبنەوە، بێگومان ئەم رووداو و پێشهاتانەش کاریگەریی نەرێنی (ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و خزمەتگوزاری و...هتد)، لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیی درووستکردووە، بەجۆرێک هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی پەوەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا پەکی کەوتووە و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەهۆی مەترسی کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەتەواوی کەمبووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە تەواوی عیراق و هەرێمی کوردستاندا وەستێنراوە، کە سەرچاوەی داهات و موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانە، جگە لەوەش نرخی کەل وپەل و کاڵاکان رۆژ لە دوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، هەموو ئەمانەش دۆخی ناسەقامگیریی دەروونی و ترس و دڵەڕاوکێ و پەشۆکاوی دەروونی لەنێو زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیی دروستکردووە، کە تاکو ئێستا ئاسۆی رەوینەوەی لێکەوتەکانی جەنگ نادیارە.