بۆچی رۆژئاوای کوردستان بۆ ئێمە گرنگە؟

بڵێسە جەبار فەرمان – سیاسەتمەدار

 

کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، یان کورد گەلی بێ وڵات. ئەمە یەکێکە لەو پێناسانەی کە بۆ کورد دەکرێت. ھەرجارێک ئەم پێناسەیە دەخوێنمەوە یا دەبیستم پەست دەبم و جۆرێک لە شەرم دامدەگرێت، پەست بوون لە دوژمنەکانمان و ئەوانەی بوونە ھۆکاری دابەش بوونمان نا، بەڵکو لە خۆمان.

 

کورد، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ھۆکاری سەرەکی دەردەسەریەکانی دەزانێت، بەڵام لە بری دروست کردنی لۆبی و دیبلۆماسیەت و سیاسەتکردن لەسەر بنەمای دەوڵەتداری لە دژیان، پەنا دەبات بۆ شاخەکان و دژ بە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دەجەنگێت. وێنەی کورد لە زھنی جیھان و خۆمانیشدا وێنەی پێشمەرگەیەکە بە بڕنەوەوە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان لە سەنگەردا، دەوترێت لە سیاسەتدا دۆستایەتی و دوژمنایەتی تا سەر نیە. بائێمەش بە لیستی دۆست و دوژمنەکانمان دا بچینەوەو لەسەر بنەمای دەستکەوت بۆ نەتەوەکەمان سیاسەتمان داڕێژین.

 

پرسی کورد چەن ناوخۆیی و پەیوەندی بەدەوروبەرەوە ھەیە، لەوە زیاتریش پەیوەندی بە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلمیەوە ھەیە، دۆزی کورد لە مەتبەخی سیاسی جیھان دا بڕیاری لەسەر دەدرێت. کەواتە مەحفەلی نێودەوڵەتی ھەمیشە یەکلاکەرەوەیە، کورد دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و بە لیستی دۆست و دوژمنەکانی دا بڕواتەوە و دۆستایەتی و دوژمنایەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بکات.

 

دەوترێت کورد ھەمیشە خیانەتی لێ دەکرێت و ھەرزان فرۆش دەکرێت. ئایا ھۆکاری ئەم بەکارھێنانەی کوردو دواتر پشتتێکردنی بێ شەھامەتی ئەو وڵاتانەیە یا ساویلکەیی کوردە؟ دەرس لە مێژوو وەرگرتن و پێداچونە بە سیاسەت و ستراتیجیەتەکان و دانانی نەخشەڕێگای نوێ بۆ ئایندە دەبێت لە دەستپێکی شێوازی کارکردنمان بێت، شەرمە لەمە زیاتر گەورەترین نەتەوەی بێ وڵات بین، لە ئێستا بە دواوە دەبێت سنورە دروست کراوەکانی نێوان بەشەکانی کوردستان نەھێڵرێت و کارو سیاسەتی ھاوبەش لەنێواندا دابڕێژرێت، بەرخورد کردنمان لەگەڵ ھەموو بەشەکانی نیشتمان لە روانگەی نەتەوەییەوە بێت.

 

پشتیوانی سیاسی یەکتر، پشتیوانی کولتووری و ئابوری یەکتر، لەجیاتی دەستتێوەردان لە کاروباری یەکتر، کە داگیرکەر سودی لێ دەبینێت. باشترینە. با ئەو سنورە دروست کراوەی غەدری وڵاتان و مێژوو بە پشتیوانی لەیەکتر کاڵ بکرێتەوە، کورد سەرباری مەترسیەکان لەسەری بەھۆی بوونی حوکمڕانیەکی نیمچەیی لە ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەتوانێت ھێزی دیبلۆماسی بەکاربھێنێت. لە رێگەی کەناڵی جیاجیاوە کە دەتوانرێت کار بکەنە سەر بیروڕای ناوەندی بڕیار بەدەستی جیھانی. ھەروەھا تێگەیاندنیان لەسەر کرۆکی کێشەی مێژوویی ناوچەکە ئەو کێشەیەی کە بڕیاری نێودەوڵەتی خۆی دروستی کردوە. دواجار ئەرکی ئەوانە چارەی بکەن و ئەرکی کورد خۆشیەتی تێگەیشتنی چارەسەریان بۆ دروست بکات.

 

رۆژئاوای کوردستان بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگیەکی ستراتیجی ھەیە، ھەرێمی کوردستانیش بایەخی زۆر ستراتیجی تری بۆ رۆژئاڤا ھەیە. هەرێمی کوردستان شەریکی راستەقینەی سەرکەوتنی رۆژئاڤایە و بەھێزی پێشمەرگە بەشداری شەڕەکانی دژی تاریکپەرستانی داعشی کرد، نوسینگەی فەرمی کانتۆنەکانیش لە سلێمانی کرایەوە و ئعتراف کرا بەو ئەزموونە کوردستانیە لە رۆژئاڤا.

 

لە ئێستادا بەرەیەکی ھاوبەش وەک بەرەی دژ بە تیرۆر، ئاوەھاش بەرەیەکی کوردستانی ھاوبەش زەرورەتی خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی کوردستانە، بۆچی رۆژئاڤا بۆ ئێمە گرنگە، چونکە تاقە حوکمڕانیەکە بە خوێنی کوردی ھەر بەشی کوردستان ئازاد کراوەو ھەرێمی کوردستانیش رۆڵی راستەوخۆی ھەبوو لەو سەرکەوتنە. لەھەمان کاتدا دوژمنی ھاوبەشمان ھەیەو خاڵی ھاوبەشی خوێن و کەلتورمان ھەیە. پشتیوانی کردنی یەکترو دۆستی نێودەوڵەتی زیاتر کردن تەجروبەکە ئەباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو تر.

 

ھەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا لەسەر ھێڵی ھەناردە کردنی نەوت و گازن بە بەندەرەکانی جیھان، بونی ئەم ھێڵە گرنگە ھاوپەیمانی نوێ و دۆستی نوێمان بۆ پەیدا دەکات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش، باش ئیدارەدانی ئەم مەلەفە کورد دەباتە ئاستێکی تر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، بێگومان ئەم ھاوکێشەیە لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و بەکرێگیراوەکانیان نیە. بەدڵنییایەوە دیسانەوە لەناو خۆماندا لە ئیدارەدانی ئەو مەلەفە ناکۆکیمان دەبێت و ھەندێ لایەن لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ دژایەتی دەکەن.

 

ئەمە بێجگە لەوەی ئەو ھێڵە حەریریە کە ساڵانێکی زۆرە لە لایەن چینەوە کاری بۆ دەکرێت بە رۆژئاڤا و ھەرێمی کوردستان دا تێدەپەرێت. ئەم ناوچەیە بەو ھۆیەوە بازرگانی جیھان دەبەستێتەوە، بەرژەوەندی ھاوبەش و ھێڵی ئاسنین ئسرائیل و سعودیەی پێکەوە خستە بەرەیەکەو و ھاوپەیمانی و پەیماننامەیان لە نێوان خۆیان دا ئەنجام دا، یەکێک لە پایە گرنگەکانی سیاسەت بریتیە لە ئابوری، وەک ئاماژەم پێیدا سیاسەتی جیھانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتەکان پەیڕەو دەکرێت.

 

گەر کورد بە لێھاتوویی سیاسەت بکات، دەتوانرێت دەرگای ئەم سیاسەتە لە گۆڕەپانی جیھانیدا بەسەر کورد دا بکرێتەوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک ھێزێکی کوردستانی کاریگەر بە گرنگیەوە دەڕوانێتە ئەو ھاوکێشە نوێیانەی سیاسەت و چی لەبەرژەوەندی یەکڕیزی نیشتمانی گەلەکەمان بێت درێغی نەکردوەو نایکەین، بەتابەتیش بۆ زیندوو کردنەوەی نەریتی پشتیوانی بەشەکانی تری کوردستان. دیداری یەکێتی بڕیاری پەیڕەو کردنی سیاسەتی پشتیوانی دا. لەھەمان کاتدا دەستێوەردانی رەتکردۆتەوە، یەکێتی وەک ھێزی حوکمڕان لە ھەرێمی کوردستاندا توانیویەتی ئەزمونێکی باش لە راگرتنی باڵانس پێشکەش بەم خەباتە بکات.

 

لە گوتاری سیاسی باڵای یەکێتیەکەماندا ئەم نەھجە بە روونی ئاماژە پێ دەکرێت نەک ھەر ئەوە لە دیدارو کۆبونەکان لەگەڵ لایەنە کوردستانیەکان ئاماژە بە پەرۆشی یەکێتی بۆ یەکڕیزی نیشتمانی لە پێناو ئامانجە باڵاکاندا دەکرێت و شاھیدی بۆ دەدەن، لە ماوەی رابردودا بە نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشدار بوین لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا لەگەڵ پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان کۆبووینەوە.

 

بە ئامادەبوونی ئاسیا عەبدوڵا بەرپرسی پەیەدە و عەبدولکەریم عومەر بەرپرسی پەیوەندیەکانی کانتۆنەکانی رۆژئاوا و سەرۆک و نوێنەری زیاتر لە حەوت پارتی تری رۆژئاوا. ھاوکاری و پشتیوانیەکانی یەکێتی و سیاسەتی یەکێتی بۆ پرسی رۆژئاوای کوردستان روون کردەوە، لایەنەکانی ئامادەبووی کۆبوونەوە رۆڵی یەکێتیان لە سەرخستنی ئەزموونی رۆژئاوا بەرزنرخاند. بوونی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی سیاسیان بە پێویست زانی، ئەم ھەوڵانە دواجار دەڕژێنە جۆگەڵەی بەھێز کردنی بەرەی ناوخۆییمان و پەیداکردنی پشتیوانی بۆ نزیک بوونەوە لە ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان.

 

بۆ ئەوەی چیتر نەوترێت کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، ئەو دوو ئەزموونەی حوکمڕانی کوردستان بە ھاوکاری یەکترو ھاوبەشیکردنی زۆرتر و کردنەوەی سنوری زۆرتر لەنێوان دا بەھێز بکرێت. ھەم بۆ خۆشگوزەرانی ھاونیشتمانیانی ھەردوو لاو ھەم پتەو کردنی بەرەی دژایەتی کردنی تیرۆر، ئاکامیش لە فۆرمێکی باشتر لە ئێستا ببێتە ناوکی دەستخستنی مافی چارەنووسی کوردستان.