دەستکەوتەکانی دەیان ساڵی خاباتی ژنان دەبێت پارێزراو بێت

شەدە بەشیر- چالاکوانی مافەکانی ژنان

(لە پەراوێزی دەنگۆی ئەو ڕیفۆرمەی کە بڕیارە وەزارەتی ناوخۆ بەسەر بەڕێوەبەراڕەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا ئەنجامی بدات)

 

ڕیفۆرم بەبێ شەفافیەت و بەشداری چالاکانەی ڕێکخراوەکانی ژنان چاکسازی نییە،  پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی ڕەشنووسی ڕیفۆرمەکە لەبەر دەستی ڕێکخراوەکانی ژناندا نییە؟ ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕاستی نیازی ڕیفۆرم و چاکسازی لە وەزارەتی ناوخۆو پۆلیسدا هەیە، و ئەم گۆڕانکارییانە بە مەبەستی باشترکردنی کار و خزمەتگوزارییەکان ئەنجام دەدرێن، ئەوا پێویستە بپرسین بۆچی ڕەشنووسی ئەم ڕیفۆرمە، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی هەیە، تا ئێستا نەگەیشتووەتە دەستی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی؟.

 

لە ڕۆژی (٢٠٢٦/١٠/٢٨) لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان، لیژنەی باڵای چاکسازی پۆلیس لەوەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و گەشەپێدان، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی، ڕێکخراوەکانی ژنان بە ڕوونی داوایان کرد کە دەستکەوتەکانی ساڵانی خەبات و داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەبێت پارێزاوبن، لەوانە مانەوە و بەهێزکردنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و پابەندبوون بە یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠١١)ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیار درا ڕەشنووسی ڕیفۆرمەکە بۆ ڕێکخراوەکان بنێردرێت، تا بتوانن بە وردی بیخوێننەوە، لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و دواتر لە گفتوگۆیەکی هاوبەشدا تێبینی و پێشنیارەکانیان بخەنەڕوو. بەڵام تا ئێستا ڕەشنووسەکە نەگەیشتووەتە دەستی ڕێکخراوەکان و لەچاوەڕوانیداین.

 

لێرەدا ئەوەی جێگەی تێڕامانە، ئەوەیە ئەگەر ڕیفۆرمەکە هیچ مەترسییەکی بۆ مانەوە و کاریگەریی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دروست ناکات، ئەوا چی ڕێگری دەکات لەوەی ڕەشنووسەکە بە شێوەیەکی فەرمی و ڕوون بخرێتە بەردەم ڕێکخراوەکان؟ ئەگەر مەبەست لە ڕیفۆرم، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانە، ئەوا نابێت هیچ هۆکارێک هەبێت بۆ دوورخستنەوەی ئەو لایەنانەی ساڵانێک لە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و داکۆکی لە مافەکانی ژناندا خەباتیان کردوە، وە دەبو لەسەرەتاوە ئاگاداری ئەم ریفۆرمەو میکانیزمەکانی جێ بەجێکردنی بن، نابێت ڕیفۆرم ببێتە پاساوێک بۆ بڕیاری ئامادەکراو، کە رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی تەنها دوای بڕیاردان ئاگاداری بکرێتەوە،  بەشداریی ڕێکخراوەکان نابێت تەنها لە کۆبوونەوە و گوێگرتن لە تێبینییەکانیاندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت دەرفەتی ڕاستەقینەیان هەبێت بۆ خوێندنەوە، ڕەخنەگرتن و پێشکەشکردنی پێشنیار، پێش ئەوەی هیچ بڕیارێکی کۆتایی بدرێت.

 

ئێمە لە دژی چاکسازی نین، بەڵکو لە دژی ئەو چاکسازییەین کە بەبێ شەفافیەت، بەبێ گفتوگۆ و بەبێ بەشداریی ئەو لایەنانە ئەنجام دەدرێت کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەو پرسانەوە هەیە، ڕیفۆرمێک کە خزمەتگوزارییەکان لاواز بکات، دەسەڵاتی دامەزراوە تایبەتەکان کەم بکاتەوە یان دەستکەوتەکانی ژنان بخاتە مەترسییەوە، نابێت بە ناوی نوێکردنەوە و چاکسازی پەسەند بکرێت.

 

لە کاتێکدا ژنان هێشتا ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن، خۆسوتاندن، توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی و هەزاران شێوەی سەرکوتکردن دەبنەوە، بوونی دامەزراوەیەکی تایبەت، پسپۆڕ و بەهێز بۆ وەرگرتن و چارەسەرکردنی سکاڵاکانی توندوتیژی پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی گرنگە، ناکرێت ریفۆرم بیکاتە کەرتێکی ئاسایی لە چوارچێوەی پێکهاتەی وەزارەتی ناوخۆدا.

بۆیە گرنگە پێداگیری بکەین لەوەی ڕەشنووسی ڕیفۆرمەکە دەبێت بەبێ دواخستن بگاتە دەستی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی، هەموو وردەکارییەکانی ڕوون بکرێتەوە و پێش هەر بڕیارێکی کۆتایی، دەرفەتی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوەکان بڕەخسێنرێت.

 

لە کاتێکدا ئێمە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان لە ھەڵمەتێکی سەرتاسەریداین لە ھەموو شارەکانی کوردستان لە دژی کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان، پاراستن و بەھێزکردنی دەستکەوتەکانی دەیان ساڵەی خەباتی ژنان ئەرکێکی دەستبەجێیە و قابیلی پشتگوێخستن نیە. ھەموو ڕێکخراوەکانی ژنان و ھەموو ئەو ھێز و لایەن و کەسانەی داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن و باوەڕیان بە ئازادی و پرسی یەکسانی ژنان ھەیە، پێویستە و دەبێت بە ڕاشکاوانە پێداگریبکەین کە حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ  نابێت بەناوی ڕیفۆرم دەست بەرێت بۆ دەسکەوتەکانی خەباتی دەیان ساڵەی ژنان و باز بدات بەسەر ڕێکخراوەکانی ژناندا.

 

چاکسازی بە شەفافیەت دەست پێدەکات، بە بەشداری بەردەوام دەبێت و بە پاراستنی ماف و دەستکەوتەکان دەبێت، ژنان نابێت لە بڕیارێکدا کە چارەنووسی پاراستنیان دیاری دەکات، دوایین لایەنی ئاگادارکراوە بن.