بەشداریی ژنان لە کایەی سیاسیدا؛ لە نێوان کاریگەریی ڕاستەقینە و بەکارهێنانی سیمبولیدا
ئاڵا ئەحمد- نووسەر
لەم چەند ساڵەی دوایدا، بەشداری ژنان لەنێو کایەی سیاسی و حکومیدا بۆ وەرگرتنی پۆستە کارگيڕی و ئیداریەکان ڕوو لە بەرەوپێشچونە، هاوکات ئەمە بە زەقتر لە زۆنی سەوز دەبیندرێت، لێ ئەم گەشەسەندنە دوو ڕووی هەیە، پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ.
بەشداری ڕاستەقینە ژنان
لە ئاراستەی پۆزەتیڤدا، ژنانی خاوەن کارامەی و بڕوانامە و لێهاتوین، شانبەشانی پیاوان بەشدارن لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی کردن، بەشداریی کارا و ڕاستەقینە کاتێک دەستپێدەکات کە، ژن لەسەر بنەمای سەربەخۆیی فکری و توانا و ئەزموون هەڵدەبژێردرێت، ئەوکات توانای گۆڕینی هاوکێشەکان و دەرکردنی بڕیاری سەربەخۆیان دەبێت. گەر ئەم جوڵەیە لە رەوڕەوەی مێژووشدا هەرچەند خاو بێت هێشتا بۆ ئێمەی ژنان مایەی دڵخۆشیە.
دەسەڵاتی سمبولی( کارتۆنی)
ئاراستەکەی تر ئەوەیە، کە ژنان ڕووبەڕووی بەشداریی سیمبولی دەبنەوە کە ڕووی نێگەتیڤی ئەم بەشداری پێکردنەیە، ژنان تەنها وەکو ئامرازێک بۆ جوانکردنی ڕووی دەسەڵات یان بۆ ئامار و بانگەشەی سیاسی بەکاردەهێنرێن، بێ ئەوەی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بڕیاردان و ڕێکخستنی سیاسەتەکانیان پێبدرێت، کە ئەمەش وا دەکات بوونیان لە پۆستەکاندا هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کایەی گشتیدا دروست نەکات و هەمیشە پاشکۆی بڕیاری پیاوان بن کە ئەمەش نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر ئاگای ژن لە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی.
لەکاتێکدا لە بەشداریی سیمبولیدا جڵەوی ئیدارە و دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە پشتی پەردەوە بە دەست هەمان ئەو پێکهاتەیەوە دەمێنێتەوە کە پۆستەکەی بەخشیوە کە ئەویش پیاوە، کارەکتەری ژن تەنیا وەک کاڵایەکی جوانکردنی سیمای بەڕێوەبردن دەبیندرێت، ئەنجامی ئەم جۆرە مزایەدە سیاسییە لێکەوتێکی گەورە دروستدەکات کە دەبنە هۆی پاشەکشەی ڕاستەقینەی پێگەی ژنان، چونکە بەهای ماندووبوونی ژنانی لێهاتوو کەم دەکاتەوە و بڕوابوونی کۆمەڵگەش بە توانای ئیدارەدانی ئافرەت لاواز دەکات.
لێ، لە بەشداریی ڕاستەقینەدا ژنان دەبنە هاوبەشی بەهێزی دەسەڵات و خاوەنی سەربەخۆیی تەواون لە ئاڕاستەکردنی کارەکاندا بێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی پشت پەردە، چونکە هێز و توانا و ئیرادەی خۆی بە کەمتر لە ڕەگەزی بەرامبەر نابینێت.
لە کۆتایدا، بەشداریی سیمبولی، بڕوابوونی کۆمەڵگە بە توانای ژن لەق دەکات و پڕوپاگەندەکان دەربارەی ژن وەک ڕەگەزی دووەم و بۆچوون و تێڕوانینێکی پاسیڤ دەربارەی ئەو ژنانەش دروست بکات کە کارامەیان هاوتایە بە کارامەی پیاوان، لێ ژنانی سمبولی هەمیشە لەژێر هەرەشەی سەندنەوەی پۆست و پێگەدان بە هەر بیانویەکی جۆراوجۆر گەر پارالێڵ لەگەڵ خواستەکانی پیاوی ژێر پەردە نەڕون و ئامانجەکانی ئەوان نەپێکن . هاوکات لە کۆمەڵگەی پیاو سالاریدا ژنی کارامە هەمیشە هەرەشەیە بۆسەر پێگەی پیاو وەک مەترسی سەیردەکرێت، هەر لەبەر ئەوەشە پیاوانی دەسەڵات دار هەمیشە لە هەوڵی هێنانە پێشەوەو و پشتگیری ژنانی بودەڵەدان و بەخشینەوەی دەسەڵاتی وەهمی و سمبولی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان.