بەشە پزیشکییەکانی زانکۆ لەنێوان هێزی کۆمەڵایەتی‌و دەسەڵاتی ناتەندروستدا

د.ئەڤین فەتاح

 

ئەمڕۆ نەک تەنها کۆلیژی پزیشکی گشتی، بگرە هەموو بەشە پزیشکییەکان بە پەیمانگەکانیشەوە بوونەتە بابەتێک کە خەڵکێکی زۆر پێوەی سەرقاڵ بووەو زۆرینەی کۆمەڵگەش خواستیان لەسەریەتی، تەنانەت کاتی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی راکێش راکێشە بۆ ئەوەی قوتابی تێدا وەربگیرێت.

 

هۆکارەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ نادروستی لەسەر تێگەیشتن لەم بەش و پسپۆریانە. هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات ، بوون بەخاوەن هێز، یان بەلایەنی کەمەوە بەناوبانگبوونی کۆمەڵایەتی، لەم کۆمەڵگەیە هەمووان خەریکی نمایشن، خەریکی بەدەستهێنانی ناوبانگن، لێرە ژیان دەکرێت بۆ بوون بەخاوەن دەسەڵات، جا چ بوون بە دکتۆر بیت یان پەرلەمانتار، وەک دوو توێژی کۆمەڵگە کە وێنە گشتییەکە وا دەخوێنرێتەوە، ئەم دووانە تێرو پڕترین توێژی کۆمەڵگە بن. بۆ تێگەشتنی باشتر لەم دۆخە هەوڵدەدەم لێرەدا چەند هۆکارێک بخەمەڕوو

 

١- کورد هەر لەسەرەتاوە حەزی لەوە بووە کە یەکێک رێنیشاندەری بێت و گوێڕایەڵی کەسێکی تر بێت، مێشکی لەلایەن کەسێکی تر حوکمی لەسەر بدرێت وەک ئاغاو دەرەبەگەکان لە ڕابردوودا، ئێستاش بە هەمان شێوە، هەمان شت رەنگیداوەتەوە لەپەیمانگە و زانکۆکان، بەشە پزیشکییەکان ئێستا حکم دەدەن وەک ئاغاکان لەسەر بەشە ئەندازیارەکان و مرۆڤایەتیەکان.

 

 ٢- مامۆستایان هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەن، ئەوان وایان کرد، ئێمەی قوتابی پیشەی دکتۆریمان خۆش بوێت، ئەوان هۆکارێک بوون گشتمان یەک ئاراستە بیربکەینەوە، کاتێک تاقیکردنەوەیەکی باش وەڵاممان بدایەتەوە، لەسەر وەرەقەکەمان دەیاننوسی "ئافەرین هەر بژیت دکتۆری زیرەک"، ئەوان لەسەردەمێک وایان وت کە دکتور حەکیم بوون بۆ ساڕێژکردنی زام و برینی کۆمەڵگە، رێزیان لێگیراو چارەسەرکار بوونە نەک وەک ئێستا بەداخەوە.

 

 ٣- حکومەت هۆکارێکی ترە بۆ ئەم بارە نەخوازراوە ، گەر حکومەت بێت لەجیاتی پزیشک مامۆستای سەرەتایی و دەروونناسی و کۆمەڵناسی تەعین بکات، بێت چ ئەندازیاری بەنداوە بیهێنیت بەپێی پلان ئیشیان لەگەڵ بکات، بێت ئەو هەموو کشتوکاڵە بخاتە خزمەت دەرچووان ئەم بەشانەوە، کوردستان شوێنێکی جوگرافی گرنگە بۆ گەشتوگوزار دروستکردنی ستافی پسپۆرو تایبەت بەم بوارە زۆر لەوە گرنگترە کە بەشە پزیشکیەکان بەرهەم بێنین.

 

 ٤ - کەمی رێژەی دەرچووانی پزیشکی بە بەراورد بەدەرچووانی پسپۆری تر کەئەمەش گاپێکی فراوانی دروست کردووە، دەرچووانی پزیشکی زیاتر دەرفەتی کاریان هەیە بۆیە بوونەتە جێگای باس و داواکاری ئەم بەشانە زیاتر بووە

 

٥- نوێخوازی لەم بەشە پزیشکییانە زۆرە وەک کرانەوەی بەشی جوانکاری و سەنتەر کەئەمەش بووە دەرفەتێکی زیاتر بۆ دامەزراندنی ستافی پزیشکی.

 

٦- فیکرەی خواستی بازاڕ، زیانێکی گەورەی دا لەدەرفەتی کار بۆ پسپۆرانی تر، بۆیەش قوتابی پێش ئەوەی دەست بە خوێندن بکات بیر لەوە دەکاتەوە کامە کار هەلی کاری زیاترە .

 

 لەکۆتاییدا، ئەم بەشە پزیشکییانە زۆر گرنگە بەپێی پێویست فراوان بکرێن لەگشت پسپۆرییەکان، کاتی ئەوەش هاتووە وەزارەتی پەیوەندیدار پێناسەیەکی وەزیفی بۆ دەرچووانیان بکات، بەڵام نابێت گرنگی پسپۆرانی وەک پەروەردکاران، ژمێریاران، کارگێڕان، ئەندازیاران لەبیر بکرێت، پێویستە چاو بخشێندرێتەوە لەسەر دروستکردنی هەلی کار بۆیان، نەک دروستکردنی کادیر بۆ بازاڕ.