بەکارهێنانی ناڕەزایی جەماوەری بۆ بەرژەوەندیی سیاسی

بڵێسە جەبار فەرمان – پەرلەمانتاری عێراق

دەوترێت سیاسەت بریتییە لە هونەری بەڕێوەبردن بەڵام لەم سەردەمەدا سیاسەت بووە بە هونەری دروستکردنی قەیران و قۆستنەوەی هەل.

خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین مافی هەموو تاک و گروپ و رێکخراوێکە، بەڵام تا دێت زیاتر و زیاتر ئەم مافە لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ مانەوەی خۆیان و گرتنەدەستی دەسەڵات, بێگومان چەندەها جۆری ناڕەزایی دەربرین هەیە کە خۆی لە ڕێپێوان و گردبوونەوە و واژۆ کۆکردنەوە و بایکۆت و چەندەها جۆری تر دەبینێتەوە, لە وڵاتانی ئەوروپا ناڕەزایی جەماوەر چەندەها حکومەتی ئاڵوگۆڕ پێ کردووە و نەخشەی سیاسی پێ گۆڕیون و بۆتە هۆی دەستلەکار کێشانەوەی چەندەها وەزیر.

 

شەرابی فەڕەنسی و چەکی ئەتۆمی

لە ناوەڕاستی نەوەدەکان دژی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی فەڕەنسا، هەموو ژینگە دۆستان و ئاشتیخوازان ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەم خۆپیشاندانە جەماوەرییە لە لایەن حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە قۆسترانەوە و لە ڕێگای ناڕەزایی جەماوەرەوە هەوڵی بە دەستهێنانی دەسەڵاتیان دەدا، هەرچەندە ڕێژەی خۆپیشاندەران لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا دەگەیشتە چەندەها ملیۆن بەڵام جاک شیراکی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی فەڕەنسا ملکەچی خواستی خۆپیشاندەران نەبوو و یەکەم تاقیکردنەوەی کرد.

ئەمەش وای کرد بیر لە شێوازێکی تری گوشار بکرێتەوە بۆ سەر فەڕەنسا بۆ دەستبەرداربوونی لە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی، بۆ ئەو مەبەستەش بایکۆتی واینی فەڕەنسی کرا لە سەرتاسەری ئەوروپا لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەمەش زەرەرێکی گەورەی بە ئابووریی ئەو وڵاتە گەیاند و حکومەتی ناچار کرد تاقیکردنەوەکانی ڕابگرێت.

ئەم سەرکەوتنە حزبە سەوزەکان و چەپەکان قۆستیانەوە و سەرتاپا دروشمەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکان بوون بە دروشمی دژ بە چەک و وزەی ئەتۆمی، لەو ڕێگەیەوە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکانی دواتری ئەو وڵاتانە.

بەشێکی زۆری ئەم حزبانە کورسی پەرلەمانی و وەزارەتی حکومەتەکانیان بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ چوونە ناو حکومەتەوە دروشمەکانی خۆیان لە بیرکرد و پشتیان لە خۆپیشاندەران کرد.

 

هەوڵەکانی ترەمپ سەری نەگرت

دیارترین بەکارهێنانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکای لە سەرەتای  ٢٠٢١بەدیکرا، کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە دووبارەبوونەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا شکستی هێنا، هەوڵی دا لە ڕێگای پشێوی دروستکردن و خۆپیشاندانەوە لەسەر کورسییەکەی بمێنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگای دروستکردنی ترسی لاوازبوونی ئەمریکا و دروستبوونی قەیرانی ئابووی و بێهێزی و لاوازی بایدنی بەتەمەن و بە جەستە نەخۆشەوە، توانی خەڵکانێکی زۆر بێنێتە سەرشەقام و گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دروست بکات.

نانەوەی ئەو پەشێوییە تەنها بۆ بەرژەوەندی مانەوەی خۆی بوو لە ڕێگای داواکاری جەماوەر و خۆپیشاندانەوە.

 

بۆلسۆنەرۆ و سەرۆکی دادگا دژ بە یەکن

نموونەیەکی تری خۆپیشاندان بۆ بەرژەوەندی سیاسی لە بەڕازیل بینرا کاتێک سەرۆکی ئەو وڵاتە ساڵێک پێش هەڵبژاردن هەوڵی لابردنی سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەدا بۆ مانەوەی خۆی لەسەر کورسی سەرۆک کۆماری.

بۆلسۆنەرۆ (Bolsonaro) سەرۆکی ئێستای بەڕازیل بە گوێرەی راپرسییەکان شانسی دووبارە دەرچوونەوەی نییە و لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٢ ی ئەو وڵاتە شکست دەهێنێت، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی ئەو وڵاتە کە یەکێکە لە دژە سیاسەتەکانی بۆلسۆنەرو سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٢ دەکات.

لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەوە لە دام و دەزگاکانی حکومەت بۆلسۆنەرۆ هەوڵی پەکخستنی دادگا و دامودەزگاکانی حکومەت دەدات و گۆڕینی سیستمی ئەلەکترۆنی لە هەڵبژاردنەکان و هەوڵی نانەوەی پەشێوی بۆ مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات.

 

خۆپیشاندان لە هەرێم، وشەی پاکێج بوو بە وشەی ساڵ

وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر حزب و لایەن ناڕەزایی جەماوەر و خۆپیشاندانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆستەوە.

لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات کە لە سلێمانی دەستیپێکرد و چەند مانگێکی خایاند، جەماوەر دژی کەمی خزمەتگوزاری گردبوونەوەیان کرد، ئەم گردبوونەوەیە دواتر فراوانتر بوو و روخانی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کرایە داخوازی خۆپیشاندەران، هەر حزب و لایەن و گروپێک پاکێجی ئامادە دەکرد و پێشکەشی حکومەتی دەکرد، کار گەیشتبووە ئەوەی رێکخراوی چەند کەسی پاکێجیان دەنووسییەوە و پێشکەش بە حکومەتی دەکرد کە خۆی لە ٢٨ خاڵ و زیاتریش دەبینییەوە.

بزوتنەوەی گۆران بووە یاریکەری سەرەکی لە بەردەرکی سەرا، ناوی سەرای سلێمانی گۆڕدرا بە سەرای ئازادی،  لەو رێگەیەوە ئەو بزووتنەوەیە توانی کورسییەکی زۆری پەرلەمانی کوردستان و عێراق بەدەست بهێنێت.

ساڵانی دواتر بە چوونیان بۆ ناو حکومەت و دەستبەرداربوونیان لە ئۆپۆزسیۆن دروشمی چوار ساڵ ئارامییان بەرزکردەوە، بەواتایەکی تر ئارمی شەقام و نەمانی خۆپیشاندان.

 

خۆپیشاندانی تشرین لە کارەوە بۆ ڕوخان

ئەوەی لە عێراق روودەدات بە هەمان شێوە بەکارهێنانی جەماوەری رەش و رووت و ماف خوراوە بۆ مەرامی سیاسی هەر جارە و لایەنێک و لەژێر دروشمێکدا بە هەزاران گەنج بە هیوایەکەوە دەهێنێتە سەر شەقام و دوای بەکارهێنانیان بە بێ هیوا دەیاننێرنەوە ماڵەکانیان.

خۆپیشاندانەکانی تشرین بۆ بەدەستهێنانی مافی دەستووری و سەرەکی بوو، لە مادەی ٢٢ بەندی یەکەم دا هاتووە کە کار مافی هەموو تاکێکی عێراقییە.

ئەو گەنجانەی لە گۆڕەپانی تەحریر بوون و داوای هەلی کار و خزمەتگوزارییان دەکرد، بەڵام بەهەمان شێوەی ئەوەی هەرێم داخوازییەکان بە سیاسی کرا و ڕوخانی حکومەتی و داواکاری هەڵبژاردنی پێشوەختە و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بووە داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران، شاراوە نییە کە ئەم داواکاریانە خواستی رەوتی سەدری لە دواوە بوو.

لە ڕێگەی پشتگیریکردنی خۆپیشاندەرانەوە سەدر خواستی بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەبوو و ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە زیاتر لە ١٠٠ کورسی بەدەستدەهێنێت.

دوابەدوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی و یەکلابوونەوەی ڕێژەی کورسییەکان، لایەنی تری سیاسی کە ئەنجامەکان بە گوێرەی خواستی ئەوان نییە، هەوڵی گۆڕینی ژمارەی کورسییەکانیان دەدەن لە رێگەی خۆپیشاندانەوە.

لایەنی براوە کە ڕەوتی سەدرە و زیاتر لە لە ٧٠ کورسی بەدەستهێناوە باس لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و هێنانەدی خواستی خۆپیشاندەرانی تشرین دەکات و هەریەک لە لایەنەکانی فەتح و گروپەکانی حەشدی شەعبی دان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا نانێن.

ئەنجامەکان هەرچۆنێک بن، ژمارەی کورسی ئەم لایەن و ئەو لایەن هەرچەند بێت بە هیوا کردنی جەماوەر لەلایەک و ترساندنیان و دروستکردنی قەیران لەلایەکی تر خۆپیشاندانی تر دەخوڵقێنێت بۆ مەرامی سیاسیی سیاسییەکان و ئەم نەریتە نوێیەی حزبەکان کە لە عێراق دا بەردەوامی دەبێت.