بەهاری کانیاوی گراوان لە ورمێ

سەردەشت

 

کانیاوی ئاوی کانزایی گراوان، کەوتووەتە نزیک گوندێک بە ناوی کانی گوێز و نزیک ڕووباری زاپی بچووک لە پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە شاری ڕەبەت و ١٢ کیلۆمەتر لە شاری سەردەشتەوە دوورە، ئاوی ئەم کانییە قورسە و پڕە لە خوێ، بەدرێژایی ساڵان خوێکانی دەنیشێت و پێکهاتەیەکی سروشتی لەسەر دروستبووە کە گردێکی ڕەنگاوڕەنگ و جوانە.

 

جگە لە جوانی سروشتی، ناوچەی دەوروبەری کانی گراوان چەندین شوێنەواری مێژوویی و کۆنی تێدایە، ئەم ناوچەیە پاشخانێکی مێژوویی زۆر کۆنی هەیە، کە لە ڕابردوودا سەرچاوەی یەکێک لە گەورەترین شارستانیەت و شارە دێرینەکانی باشووری گۆلی ورمێ بووە.

 

بە پشتبەستن بە ئەزموونی دانیشتوانی ناوچەکە، کانیاوی کانزایی گراوان تایبەتمەندی چارەسەری هەیە، لە هەر لیترێک ئاوی کانیاودا نزیکەی یەک گرام خوێی کانزایی هەیە، ئەمەش وای لێدەکات ئاوێکی کانزایی کوالێتی هەبێت، بەڵام ئەو خاڵەی ئاوی ئەم کانییە جیاواز و ناوازە دەکات ئاوی کاربۆنییە، کە لە کاتی ڕۆیشتنی بە درێژایی ڕێڕەوەکەیدا خوێی بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گردێکی گەورەی شێوە کون دروست بووە.