کۆنفرانسی ژنۆلۆژی بە ڕەنگ و هاوسەنگی
سێ ڕۆژ گفتوگۆو ئەزموون و باوەڕ لە هۆڵەندا بەسەربرد، ڕووداو و دانیشتنەکانی کۆنفڕانسەکە، بە هاوئاهەنگی ڕەنگەکان و گڕوتینی ئازادی، جارێکی دیکە بە زیندووترین شێوە یەکڕیزی ژن و ژیانی خستەڕوو.
ناوەندی هەواڵ
کۆنفرانسی ژنۆلۆژی ئەوروپا کە لە نێوان ١٦-١٨ی تشرینی یەکەم لە شاری هایلن لە هۆڵەندا بە بەشداری نزیکەی ١٥٠ نوێنەر بەڕێوەچوو، سێیەم ڕۆژی خۆی کۆتایی پێهێنا، کۆنفرانسەکە کە بە دروشمی "ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە بونیادنانی ژیانێکی دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی" دەستیپێکرد، بە دانیشتنەکانی وەک "ژنۆلۆژی: زانستی بونیادنانی ناسنامەی ژن لەسەر بنەمای ئازادی" و "بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتی دیموکراتیک: ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە گۆڕانکاری ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژنەوە بۆ بەسیاسیکردنی ڕزگاری ژن" درێژەی هەبوو.
ئەزموون و دەستکەوت و کەموکوڕیەکانی توێژینەوەی ژنۆلۆژی باس کرا، بە هێزی زیرەکی و ئیرادەی بەکۆمەڵ، دیدێکی نوێ بۆ داهاتوو لەلایەن شاندێکی ژنان لە چەندین پاشخانی جیاوازەوە بونیاد نرا، ئەو کۆنفرانسە کە بە چالاکییە جێاوازەکان دەوڵەمەندتر بوو، وێنەی زیندووی تۆمارکرا، هەروەها بۆنە و ئاهەنگەکان کە جارێکی تر تیشکیان خستە سەر یەکگرتوویی ژن و ژیان لە ڕێگەی یەکگرتوویی ڕەنگ و جیاوازییەکانەوە، جەختیان لە گرنگی ڕێکخستن و یەکگرتوویی کردەوە.