"بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی کوشتنەکانی ژنان بدەین"

لەگەڵ بەبیرهێنانەویە ژینا ئەمینیدا، ئارامگەی ژنانی بێناونیشان بەبیردێنینەوە، چونکە نەک گیانی ژنان بەڵکو گۆڕەکانیشیان ترسە بۆ بکوژان و بێناونیشان دەکرێن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ سەردانی گۆرە بێناونیشانەکانی سلێمانیمان کرد، تا باسی دڕندەیی سیستمی باڵادەست و ژنکوژتان بۆ بکەین، ئەمڕۆ سێیەمین ساڵەی شەهیدبوونی ژینا ئەمینییە، ژینای خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتێک لەگەڵ بنەماڵەکەی گەشتی بۆ تاران کرد لە ١٣ی ئەیلوول بەبیانووی باش دانەپۆشینی قژی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ڕژێمی ئێرانەوە ئەشکەنجە دراو دوای سێ ڕۆژ لە کۆما لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ گیانی لەدەستدا، بیانووی کوشتنی ژینا ڕەنگە چیرۆکی کوشتنی ژنێکی ناو ئەم گۆڕانەش بێت، چونکە ئاشکرایە ئازارەکانی ژنان لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەو بیانووی کوشتنەکانی ژنان وەک یەکن.

 

ژینا لەدوای شەهیدکردنی ، هەر ترسە لە دڵی دوژمندا ،بناماڵەکەی ناتوانن وەک پێویست بچنە سەر گۆرەکەی، ناتواندرێت بەبیربهێندرێتەوە، ڕژێم قەدەغەی لەسەر گۆڕەکەشی داناوە، ژینا ترسی ڕۆچانۆتە ناو دلی رژێمەوە، هەروەها ئەو شۆرشەی بە دروشمی :ژن، ژیان، ئازادی" سێ ساڵە گەش دەبێت و ناکوژێتەوە، لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە، بووەتە مۆتەکەی سەر سەری ڕژێمی ئێران.

 

ئەمڕۆ لەگەڵ بەبیرهێنانەوەی ژینا، خوازیاربووین کە بتوانین هەموو ژنانی کوژراوی ناو گۆڕستانە بەناوی خۆیان بەبیربهێنینەوە، بەڵام جێی داخە کە ژنان دوای کوشتنیان ناوێکیان پێنەبڕا تا لەسەر گۆرەکانیان بنووسرێت.

 

بۆ قسەکردن لەسەر سێ ساڵەی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و بەردەوامی ڕاپەرینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ترسی بکوژان لە ناوی ژنان لەگەڵ بێریڤان شاهۆ، ڕۆژنامەنوس و کەژاڵ عەبدولقادر، داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، گفتوگۆمان کرد.
        

" بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی کوشتنەکانی ژنان بدەین"
         


        

کەژاڵ عەبدولقادر، داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، لە سەدەی ٢١دا، باسکردن لە کوشتنەکانی ژنان زەنگێکی مەترسیدارە، کوشتنەکانی ژنان برینێکی قوڵە تابێت زیاتر دەبێت وتی: ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، ئەم گۆڕە بێ ناونیشانانە برینێکی کراوەن و هەردەم ئازارمان دەدەن، لە شارێکدا ئەم گۆڕی بێناونیشآنانە بوونی هەیە کە لانکەی ڕۆشنبیریە، ئەمە ئازاری زیاترمان پێدەبەخشێت، لە کۆنەوە کوشتنەکانی ژنان بوونی هەبووە، ئەو ئەقڵیەتەی ژنان وەک کاڵا لێی دەڕواندرا ببوە هۆکاری زیادبوونی کوشتنەکان، لە پێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ کوشتنەکانی ژنان بونی کەمتربووە، بەڵام لە دوای ڕاپەڕین بەهۆکاری نویکردنەوەی ئەقڵی خێڵەکیی و ئاگا نەبوون لە کۆمەڵگەدا کوشتنەکان لە زیادبوندابوون، پاشان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ بەرەوسەر کوشتنەکان بە هۆکاری زیابوونی قەیرانە ئابووریەکان لە ناوچەکەدا زیادی کردبوو، بە هۆکاری خراپی بارودۆخی ئابووری ژنان و کارنەکردنیان لە بازاڕگەریدا هۆکاری کوشتنەکان زیاد دەکات، هەروەها هەبوونی مافی کارکردنی ژنان پیاوانی توڕەدەکرد، کە کارکردن و هەبوونی مافی سەرەتای ژنان پیاوانی توڕە دەکرد، کوشتنەکانی ژنان لە سەردەمی ئێستاماندا، لە سەدەی پێشکەوتندا کارەساتێکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەردەم دەمانەوێت ژنان لە پێشکەوتندا ببیندرێن، ئیمەی ژن ئاواتەخوازبووین ئێستا لە جیاتی لەسەر گۆڕی بێناونیشانەکانبین، بەشداریمان لە کۆڕێکی فکری و پەڕتووکی ژنێکی کورد بکردایە، نەک بەردەوام لە کەیسەکانی کوشتنی ژناندا کۆببینەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا کەژاڵ عەبدولقادر جەختی لەوەکردەوە، کاتێک ناوی گۆڕە بێناونیشانەکان دەهێندرێت، ڕاستەوخۆ بەشێک لە هاوڵاتیان بیریان بەرەو شەرەف دەچێت، لە کاتێکدا لەناو ئەم گۆڕانەدا بەشێک لە منداڵان و پیاوانی تێدا هەیە، بەڵام ئەقڵیەتی پیاوسالاری شەرەفی ژنی بە دامێنیەوە دەبەستێتەوە، ئاماژە بەوەدەکەن ئەو ژنەی لە ناو ئەو گۆڕانەدابێت کارێکی هەڵەی ئەنجامداوە، ئەگەر لە کاتێکدا ئەو ئەقڵیەتەیان ڕاستیشبێت، ژنێک لە پەیوەندیدا بووببێت، لەگەڵ پیاوێکدا خۆشەویستی کردووە، دووبارە پیاوان دەست وەردەدەن لە هۆکارەکانی کوشتنی ژنانەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگەیە لە لایەن ئەو دەسەڵاتەی لەسەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری وڵات بەڕێوەدەبات، شەرەف لە دامێنی ژندا کۆدەکرێتەوە، لە کاتێکدا شەرەف لە پاراستنی خاک و ڕاستگۆیدا خۆی دەبینێتەوە، هەروەها ئێمە چەندان ژنی پێشەنگی هاوشێوەی حەپسەخانی نەقیب و خانزادی میری سۆران و قەدەمخێر و چەندانی دیکە لە ناوچەکەدا هەبوون، بەڵام ئەو سیستمە دەسەڵاتدارییەی لە باشووری کوردستاندا بوونی هەیە، بۆتە هۆکاری زیابوونی کوشتنەکان، چەندساڵێکە کوشتنەکان هێندە زۆربوون، هەوآڵی کوشتنی ژنان هاوڵاتیان ڕاناچڵەکێنێت، ئێمەی ژنان دەبێت هەوڵ بۆ ئازادی کۆمەڵگە و یەکسانی ژنان و ئازادبوون لەو ئەقڵیەتەی ژنان بەرەودواوەدەبەن، کە دەکرێت لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوە و هۆشیاری میدیای هەوڵ بۆ گۆڕانکاری گرنگ لەو ئەقڵیەتە پاوانخوازیەدا بکرێت، هەروەها سیستمی پەروەردە لە ڕێگەی وتنەوەی وانەی تیبەت بە نەوەی نوێ هەوڵی گۆڕانکاری لە ئەقڵیەتی نەوەی داهاتودا بدات.

 

پاش سێ ساڵ لە شۆڕش، خۆبەڕێکخستن بوو بە مۆرکی " ژن، ژیان، ئازدی"
         


        

بێریڤان شاهۆ، ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەدا، شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی "، لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاری گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، توانی کاریگەریەک لە سیاسەت و شۆڕشدا بهێنێتە ئاراوە، دەڵێت: سەرهەڵدانی شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی "، سێ ساڵ بەر لە ئێستا ڕق و قینی پەنگخواردوو ئەو گەلانەی لە جوگرافیای ئێراندا ژیان دەکەن دروست بووە، کە سیاسەتی ناوچەکە بە دەیان ساڵە هەوڵی داوە بە هەموو شێوازێک سیاسەتی لە ناوچەکەدا جێگیربکات، کە بوە سەرهەڵدانی شۆڕشێک کە دەنگدانەوەی لەسەر ئاستی جیهان هەبوو، ئو ئەقڵیەتە پاوانخوازەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی هەبووە، هەردەم تێکۆشانی ژنانی پێ هیچ بووە، دەسەڵاتی ژنی سەرکوتکردووە، بەڵام ژنان ئەو زهنییەتەیان بە هەوڵ و ماندوبونی خۆیان بەرامبەریان گۆڕی، سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشە تێڕوانینی کۆمەڵگەی بەرامبەر تێکۆشانەکانی ژنان گۆڕی، لە کاتێکدا لە ئەقڵیەتی پاوانخوازیدا دەڵێن ژنان ناتوانن ئازادبن، بەڵام بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ژنان لەو ئەقڵیەتە خۆیان داماڵی، ئازادی ژنان لەپێش ئازادی هەموو نەتەوەکانە، تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت، لەو شۆڕشەی ڕۆژهەڵاتدا و بە هاتن و ڕژانی گەلانی دیکە بۆسەر شەقامەکان بینیمان ژنان بەرەو ئازادی لە تەواوی جیهاندا هەنگاو دەنێن، لە پاش سێ ساڵ کپبوونی شۆڕش لە شەقامەکاندا سەری هەڵداوە، بە هەبوونی ترس و دڵە ڕاوکێ لە سەرجەم ماڵەکاندا، هەروەها ڕێژەی توندوتیژی لە لایەن دەسەڵاتی ئێران لە دوای شۆڕشەوە ڕووی لە زیادبوونکردووە، ئازادیخوازان و ژنانی تێکۆشەر لە زیندانەکاندا ڕوو لە زیادبوون دەکەن، بەڵام ئەو شۆڕشە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و لە بواری تێکۆشانەکانی ژناندا دروستکرد، لە ئێسستدا لە ماڵی هەر کوردێک کە دڵی بۆ ئازادی لێدەدات، باس لە تێکۆشانەکانی ژنان دەکرێت، باس لە شۆڕش و بەرخۆدانی " ژن، ژیان، ئازدی " دەکرێت.

 

بێریڤان شاهۆ لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەرجەم جومگەکاندا جێ دەگرێت، وتی: لە ڕێگەی زیندانەکان و توندکردنی سزاکان هەوڵ بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد دەدەن، ژنان ڕوبەڕووی ئەشکەنجە و لە سێدارەدان دەکەنەوە، ئێمە شکەستی دەوڵەتی ئێرانمان لە کەسایەتی " شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی و زەینەبی جەلالیان و شیرینی عەلەمهولی و وەریشە موڕادی " ئازادی دەبینین، کە بونە دەنگی ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، هەروەها تەواوی جیهان لە کەسایەتی ژنانی سیاسیی لە زیندانەکاندا دەزانن تێکۆشانی ئەو ژنانە بۆ ئازادی تەواوی ژنانی جیهانە، ئەو تێکۆشانەیئ لە زیندانەکان بۆ ئازادی جەستەی ژنە لە تەواوی جیهاندا، تا ژنان ئازاد دەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت، بۆیە لە زیندانەکانەوە بەرخۆدان بۆ ئازادی ژن دەدرێت، ئەوان خەباتی خۆیان بەردەوام دەکەن، ئەوان لە زیندانەکان ڕێگە نیشاندەری ئێمەی ژنان تا بتوانین کار لەسەر هەمان دیدگا بۆ ئازادبونمان بکەین، ڕژێم لە هەوڵی سەرکوتکردنی ئەو شۆڕشەیە، بەڵام گرنگە ئێمە لە سێهەمین ساڵیادی ئەو سۆڕشەدا چۆن بەیەکدەنگ هاتینە سەر شەقام بەیەک دەنگ لە هەمان خەبات لە جیهاندا بەردەوامبین، لە ڕابردودا شاهیدی ئەوەبوونی کە نەبوونی خۆبەڕێکخستن لە جیهاندا نەیتوانی بەرەوپێشچونەکانی ژنان بەردەوامبێت، بۆیە دەبێت ژنان هەوڵی خۆبەڕێکخستم لە تەواوی جیهاندا بکەن، هەروەها خۆبەڕێکخستن بوو بە شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازدی "، چۆن لە زیندانەکان یەکدەنگی هەیە ئێمەش لکە دەرەوەی زینداندا خۆمان لەسەر هەمان بیر بەڕیکخستن بکەین.