ژنانی جوتیاری سنووری کۆیە بارگرانی خێزانەکانیان کەمدەکەنەوە

بڕوانامەکانی زانکۆ کە ڕۆژێک ڕۆژگارێک هیوای گەورەی گەنجان بوون، ئەمڕۆ لە ڕووبەری بێکاری و نەبوونی هەلی کاردا کاڵ بوونەتەوە، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی کۆڵدانی دەرچووان و ژنانی کۆڵنەدەری وەک خۆزگە فازیل بڕیاریان دا لە  زەوییە کشتوکاڵییەکاندا جوتیاریی بکەن.

شلێر کۆیى

 

کۆیە-لە سەردەمێکدا کە گەنجان بەدەست بێکاری و نادیاریی داهاتووەوە دەناڵێنن و دەرچووانی زانکۆ چاوەڕێی دامەزراندنی حکومەتن، ژنە زەحمەتکێشەکانی کوردستان قۆڵیان لێ هەڵماڵیووەو پەنایان بردووەتە بەر کەرتی کشتوکاڵ، ئەوان بەو دەستە ماندووانەیان کە نیشانەی ڕەنج و قوربانیدانە، نەک تەنها باری قورسی دارایی خێزانەکانیان سووک دەکەن، بەڵکو مێژوویەکی نوێی کار و سەربەخۆیی لە دەشت و دەرەکاندا دەنووسنەوە، دوور لە چاوەڕوانی و بێهیوایی.

 

خۆزگە فازیل، جوتیارێکی ڕەنجدەرەو قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: من دەرچووى کۆلیژى کارگێرى کارم، بەهۆى ئەوەى هیج دامەزراندن نییە، کارى کشتوکاڵى دەکەم و ئەمرۆ لەگەڵ چەن ژنێکی دیکە بەکۆمەڵ روومان کردۆتە گوندى هەرمۆتە بۆ فاسۆلیا لێکردنەوە، سێ  ساڵە زانکۆم تەواو کردووە، دانەمەزراوم دەستم داوەتە کارى کشتوکاڵى، ئێمە لەگەڵ ئەو کۆمەڵە ژنە لەکۆیەوە بەیانیان زوو کاتژمێر شەشى بەیانى دێین بۆ سەر ئیش، جارى وایە ئیشەکەمان بە رۆژانەیە  و جارى وایە بە قۆنتەراتە.

 

" ئێمە دەمانەوێت بەم کارەمان توزێک بارگرانى سەرخێزانەکەمان کەم بکەینەوە"

وتیشى: دەستخۆشى لەو جوتیارانە دەکەم کە هەلى کاریان بۆ ئێمە رەخساندووە، چونکە ئەوەى ئەو جوتیارانە بۆ ئێمەیان کردووە حکومەت بۆى نەکردوین کە خوێندنمان تەواو کردووە و خاوەن بروانامەین بەڵام هیچ بۆ ئێمە نەکراوە، من کە لێرە کاردەکەم جیاوازیم نییە لەگەڵ ژنێکی دیکەدا، کە بروانامەى نییە، چونکە بروانامەکەمان هیچ سودى نەبووە بۆمان، ئێمە دەمانەوێت بەم کارەمان توزێک بارگرانى سەرخێزانەکەمان کەم بکەینەوە، بۆیە رۆژانە دێینە ئەو دەشت و دەرە، هاوکات بەکارکردن هەندێک خەمی دەروونمان دەڕەوێتەوە، لەو هەموو مەینەتیەى گەنجانى کوردستان تێى کەوتوون هەموو بێ کارین وچەندین ساڵە هیچ دامەزراندن نییە.

 

خۆزگە فازیل باسی لەوەشکرد کە لایەنى پەیوەندیدار بە کشتوکاڵى بەرهەمى دەرەکى دێننە ناو کوردستان بەوەش زیانى زۆر بەر جوتیاران دەکەوێت و بەرهەمى خۆماڵی هیچ نرخى نەماوە وتی: ئەوەش واىکردووە هەلى کار نەمێنێت، بەوەش دیسان من وکەسانى وەک من زیانمان بەردەکەوێت، کارى کشتوکاڵیش نامێنێ بیکەین، بەداخەوە بەرهەمى ناوخۆ هەرزان فرۆشکراوە.

 

"خەرجییەکانی شار زۆرن"

شەمام حەمەدەمین، ژنێکى بەتەمەنە لەگەڵ ئەو کۆمەڵە ژنە لە کۆیەوە هاتووە بۆ فاسۆلیا رنین و وتی: ئەمرۆ لەگەڵ ئەو ژنانە دێین جا فاسۆلیا بێت یان لۆبیا یان هەنار رنین، هەندێک جار زەیتون لێدەکەینەوە، زیاتر لە ١٠ ساڵە کارى کشتوکاڵى دەکەم، لەبەر ئەوەى موچە کەمە ئیش نییە ناچارین لەبەر ماڵ و منداڵمان دێین کاردەکەین تا بژێوى ژیانمان دابین بکەین، چونکە خەرجى گرانە بەتایبەت لەشارى پارەى ئاوو کارەبا و کرێ خانووە،  خەرجى زۆرە بەم ئیشە هەرباشە.

 

شەمام بەدەم فاسۆلیا لێکردنەوە باسی لەسەردەمى کۆنیش کرد کە  ژنانى کورد هەر ئازاو بەتواناو ئیشکەر بوون و کارى دەشتودەریان کردووە وتی: ژنان تێلگەو ئیشى کشتوکاڵیان کردووەو ئێمەش دەبێت شان بەشانى خۆمان بوەستین و کاربکەین و پشت بەکەس نەبەستین، نابێت چاومان لەدەستى کەس بێت تا تاقەتمان هەبێت کاسبی دەکەین.

 

"ژن کە  ئازاد بوو دەبێت بە رۆشنبیری و مەعریفەتەوە بێت تا بتوانێت بە سەربەرزى بژی"

سەبارەت بە ئازادى ژنان و توندووتیژیەکان شەمام حەمەدەمینی جوتیار وتى: ئێمە پشت بەخوا ئازادین و ژنى کورد زۆربەى ئازادن ئێمە هەر ئازادبووین، بۆ دەرچوون وکارکردن، بەڵام کە ژنیش ئازاد بوو دەبێت بە رۆشنبیری و مەعریفەتەوە بێت تا بتوانێت بە سەربەرزى بژیت، هەرچۆن بێت هەندێک توندوو تیژى هەیە بەڵام کەمە ئێستا توندوو تیژى بەهۆی هۆشیاری ژنان کەم بووەتەوە.

 

"بە ئەندازەی دوو مانگی زستان کارمان کردووە"

شەمام حەمەدەمین وتیشى: لەو وەرزە ئەو ئیشانە هەیە تا زستان ئیش دەکەین، دواتر دوو مانگى زستان پشوو دەدەین، ئەوەى کۆمان کردۆتەوە دەىخۆین، تا مانگى سێ وەرزى کەنگرو کاردوو دەکەین و لە شار دەىفرۆشین، دواتر وەرزى بەهارو هاوین دەست بە داچاندن دەکەین بەم دۆخە ژیان بەڕێدەکەین بۆ بژێوى ژیانمان، هیواو ئاواتم ئەوەیە بە سەربەرزى کارى خۆم بکەم و شان بەشانى خۆم بوەستم وکارەکانم رابپەڕێنم و تەندروست بم.