نانی ساج میراتێکی نەتەوەیی و سەرچاوەی داهاتە بۆ ژنانی سوەیدا

نانی عەرەبی، یان نانی ساج، میراتێکی نەتەوەیی شاری سوەیدای سووریایە، دروستکردنی لەلایەن داپیرە و دایکانەوە گوازراوەتەوە بۆ نەوەی نوێ و بووە بە پیشەیەک بۆ ژنان.

ڕوشێل جونیۆر

 

سوەیدا- نانی عەرەبی یان نانی ساج. میراتێکی نەتەوەیی و یەکێکە لە گرنگترین پیشەسازییە میراتییە کۆنەکان، بەهۆی پشتبەستنی خەڵک بە نان لە فڕنی ئۆتۆماتیکیەوە مەترسی لەناوچوونی لەسەر بوو، بەڵام ژنانی سوەیدا کردوویانەتە سەرچاوەی داهاتی خۆیان و لە لەناوچوونیش دەیپارێزن.

 

نەدا قەزمانی، خاوەنی نانەواخانەیەکە و دەڵێت: نزیکەی ٢٤ ساڵ پێش ئێستا نانەواخانەکەم کردووەتەوە، بەهۆی بەناوبانگبوونی نانی ساج خواستێکی زۆر لەسەرە، من لە ماڵێکی دوور لە گوند دەژیام، منداڵیشم هەبوو، بەهۆی خراپی کەشوهەواوە، بۆ من قورس بوو کارەکانی ماڵەوە بکەم و لە هەمان کاتدا نان لە فڕنەکان وەربگرم، بۆیە بڕیارمدا ببمە ئەو کەسەی کە نانەکە دروست دەکەم و دابەشی دەکەم، دەستم کرد بە کارکردن لەسەر ئەو بڕە ئاردەی لە ماڵەوە هەمبوو.

 

نەدا قەزمانی دوای هەوڵێکی زۆر توانی دەست بکات بە کار، دەشڵێت: سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی داومە لە دوای شکستەکان بۆ سەرکەوتنم لە کارەکەمدا، بەڵام قورس بوو بەسەر تێڕوانینی کۆمەڵگەدا سەرکەوتوو بیت، دراوسێکان پێیان دەگوتم ژنێک جگە لە ماڵەکەی هیچی تری نییە، دەیانزانی لە ماڵەکەی خۆمدا لە ژوورێکی بچووکدا نانەواخانە دەکەمەوە، کاتێک پڕۆژە بچووکەکەم سەرکەوت، زیاتر فراوانم کرد و ژنانی گوندەکەم بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی لەگەڵم کار بکەن، دوای ئەوەی من فێری نانکردن و برژاندنم کردن، شوێنێکم کردەوە تا گەنمەکەی تیادا هەڵبگرم، دواتر گەیاندمانە ئەوەی نانەکان پاکەت بکەین و ئامادەیان بکەین بۆ فرۆشتن، هەروەها ژمارەیەک ئۆتۆمبێلم کڕی بۆ ئاسانکاری دابەشکردنی نان بەسەر فرۆشگاکاندا، ئەمڕۆ نانەواخانەکە بیست و یەک ژن لەخۆدەگرێت، ئێستا بەرهەمەکانمان جگەلە سوەیدا و گوندەکانی، بۆ شار و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەریشمان دەنێرین.

 

هەنیە حەلەبی، کارمەند، کاری ئامادەکردنی هەویرە، دوای سێ ڕۆژ لە ڕاهێنانی، بەهۆی لێهاتووییەکەیەوە وەرگیراوە و کارەکەی بە گرنگ دەزانێت، کە هەم پاراستنی کولتوورەکەیانە و هەم دابینکردنی بژێوییانە.

 

زاهیرا زەریفە ماوەی پانزە ساڵە کاردەکات و جەخت لەسەر گونجانی خۆی دەکاتەوە سەرەڕای ماندوێتی و ماوەی کارکردنی درێژخایەن، پێی وایە ئەوە تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن پێگە و خۆبژێوی خۆیان بەدەست بهێنن.

 

یاسمین ئەسەف، ژنێکی ئاوارەی ئیدلبە، کە بە زۆر لە شارۆچکەکەیەوە ئاوارە بوو و لە سوەیدا نیشتەجێیە، دەرفەتی کارکردنی لە نانەواخانەکەدا بۆ رەخسا و کاری پێچانەوەی نانەکانە، لەو ڕێگەیەوە بژێوی خۆی و دایکی بەدەستدەهێنێت.

 

بەرجات ڕیدان کاری ئامادەکردنی گونکەکانی هەویرەکەیە، تا ئە ژنانەی نان دەکەنەوە، بەکاری بهێنن، باسی لەوەکرد، کە سەرەڕای زۆری کاتی کارکردن و ئەو سەختیانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کارکردن وەک تاکە ڕێگە دەبینێت بۆ دابینکردنی داهاتێک بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.