بە هەرەوەزی وەرزی، کاری هاوبەشی ژنان دەبێتە بەرهەمدار

بە ئامانجی پەرەپێدانی ئابووری کۆمەڵگە و بۆ ژیان بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک؛ لە ساڵی ٢٠١٨ کۆمیتەی ئابوری ژنانی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە هەرەوەزی وەرزی کردەوە و ئەمڕۆش بە هاوکاری ژنان پەرەی سەندووە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- کۆمیتەی ئابوری ژنان کاردەکات بۆ کردنەوەی پڕۆژەی ئابوری کە هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنێت لەهەمانکاتدا کاردەکات بەئامانجی بڵاوکردنەوەی کولتووری هەرەوەزی لەکۆمەڵگە و پەرەپێدانی ئابوری کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک.

 

هەرەوەزی وەرزی کە لە ساڵی ٢٠١٨ دامەزرا، ئەمڕۆ چەندین بەشی جوان و دەوڵەمەند لەم پڕۆژەیەدا لەخۆدەگرێت، یەکێک لەوانە چێشتخانەی ئینان، بەرهەمهێنانی نانی ساج، بەرهەمهێنانی بەرهەمی وەرزی و خواردن، ١٠ ژن لەم هەرەوەزییەدا کار دەکەن، لە کاتژمێر ٨:٠٠ بۆ ١٥:٠٠ بە ڕۆحێکی هاوبەشەوە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.

 

بۆچی وەرزیی؟

نەسرین شێخۆ، بەڕێوبەری هەرەوەزی وەرزی جەختی لەوە کردەوە، ژنان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن و وتی: ژنان ئەوانەن کە دەتوانن بە شێوەیەکی تەندروست و یەکسان و ڕاست پەرە بە کۆمەڵگە بدەن، ژنان لە کۆمەڵگەی سروشتیدا ئابوورییان پەرەپێدا و کۆمەڵگەکەیان بەڕێوەبرد، دەبینین سیستمی هاوکاری لە ژێر پێشەنگایەتی ژنان پەرەی پێدەدرێت، چونکە ئەم سیستمە لە مێژوودا لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرا، هەروەها ناوی وەرزیی بەم هەرەوەزییە دراوە چونکە لە ساڵێکدا چوار وەرز هەیە، هەر وەرزەو کارێکی هەیە، بۆیە ئەم هەرەوەزییە هەر کارێک لەو کاتانەدا بەردەست بێت ئەنجامی دەدات، ئێستا کاتی ئامادەکردنی هەموو کەرەستەی خۆراکی ماڵەوەیە، سرکەی سێو و ترێ و شەربەتی چەوەندەری ڕەش و مرەبای چەوەندەری ڕەش و پەنیر و دۆشاو و هەموویان ئامادە دەکرێن، بۆیە لە هەر کاتێکی ساڵدا کە کار هەبێت دروستیان دەکەین، مانگی داهاتوو دەست دەکەین بە ئامادەکردنی کەلوپەلی سەری ساڵ و شیرینی.

 

"هەوڵدەدەین وەڵامی قەیرانی ئێستا بدەینەوە"

لە درێژەی قسەکانیدا، نەسرین شێخۆ وتی: لەناو هەرەوەزی وەرزییدا ١٠ ژن بە خۆشەویستی و بە ڕۆحێکی هاوبەش و هاوکاری کارەکانیان بەڕێوەدەبەن، پرۆژەی وەرزیی چەند بەشێکی هەیە، یەکێک لەوانە چێشتخانەی ئینان، یەکێکیان دروستکردنی نان، یەکێکی تر ئامادەکردنی کەلوپەلی وەرزی و شۆردنی فەرش، بەشەکانی ناو هەرەوەزییەکە بە پێی پێویستی شاری حەسەکە دروست کراون، نموونەیەکیان ئەو بەشەیە بۆ شۆردنی فەرش، چونکە خەڵکی حەسەکە بەدەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێنن و ئامڕازی شۆردنی فەرشەکانیان نییە، هەستمان بە پێویستی کرد بۆ یارمەتیدان لە کردنەوەی ئەم بەشە، نرخی کارەکانمان کەمترە لە کارە بیانییەکان، تا ئەو کاتەی لە ئێمەوە بێت، هەوڵدەدەین یارمەتی کۆمەڵگەکەمان بدەین.

 

"دەمانەوێت ژنان سەربەخۆ بن لە بواری ئابووریدا"

نەسرین شێخۆ باسی لەوە کرد کە چێشتخانەکەی ئینان لە پەرەپێدانی هەرەوەزی وەرزییدا شتێکی بنەڕەتییە و وتی: ئینان ژنێکی خواپەرستە و بە خوداوەندی خۆشەویستی و شەڕیش ناسراوە، پێشتر ژیان و مردنی بەڕێوە دەبرد، یاساکان، یاساکانی ژیانی دۆزیەوە، بۆیە ویستمان چێشتخانەکەمان بە ناوی ئینان ناو بنین، چونکە لە چێشتخانەکەمان هەموو خواردنە فۆلکلۆرییەکان لەلایەن ژنانەوە ئامادە دەکرێن و پێشکەش دەکرێن، کاری چێشتخانەکە بەپێی داواکاریەکان ئامادە دەکرێت، دەمانەوێت ژنان لە بواری ئابووریدا سەربەخۆ بن، بە ڕۆحی پێکەوە کار بکەن و ئەمەش لە ڕێگەی هەرەوەزییەوە ئەنجام دەدرێت، هەمیشە پێکەوە کارکردن سەرکەوتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت و کێشە ئابوورییەکان لە ڕێگەی هەرەوەزییەوە چارەسەر دەکرێن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، نەسرین شێخۆ وتی: ئێمە فرۆشگەیەکیشمان هەیە، هەموو ئەو بەرهەمانەی لێرە دروست دەکرێن لە ڕێگەی فرۆشگەکەمانەوە دەفرۆشرێن، دەمانەوێت هەرەوەزی وەک ئەمانە زیاد بکەن و ژنان لەم کارەدا پەرە بە خۆیان بدەن، بە شێوەیەکی بەهێزتر ڕۆڵی خۆیان لە بواری ئابووریدا بگێڕن.

 

"یەکگرتنی ژنان، هەرەوەزی وەرزی سەرکەوتوو کرد"

جەلیلە حسێن، یەکێک لە ژنانی دامەزرێنەرانی هەرەوەزی وەرزی، جەختی لەوە کردەوە کە هاوکاری و خۆشەویستی ژنان بۆ یەکتر، پڕۆژەی وەرزی سەرکەوتوو کرد و وتی: من یەکێکم لە ژنە یەکەمەکان، لەم هەرەوەزییەدا شوێنێکم دەستکەوت، بەڕاستی کارێکی پڕ خێر و بەرەکەتە، ئەمڕۆ ١٠ ژن هاوکاری یەکتر دەکەن، بە ڕۆحێکی هاوبەش کارەکانیان ئەنجام دەدەن، گرنگترین و بنچینەییترین شت لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەدا ڕۆحی هاوبەشی ژنانە، لە ڕاستیدا ئێمە ڕۆژانە دێینە سەر کار، هەموو شتێک کاتی خۆی هەیە و بەپێی کات کارەکانمان ئەنجام دەدەین، ئەو ژنانەی بەشداری ئەم هەرەوەزییە دەکەن، کورد و عەرەبن، وەک ژنێک ئامانجم لەم کارە ئەوەیە کە لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ بم، ئاگاداری خۆم و خێزانەکەم بم، کارەکە زۆر خۆشە و کارەکانمان دوور نییە لە ژن چونکە هەموویان سەر بە سروشتن، دەمانەوێت کارەکانمان فراوانتر بێت.

 

"زیاتر کاردەکەین بۆ فراوانبوونی ئەم پڕۆژەیە"

جەلیلە حسێن بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: هەموو ئەو شتانەی لەم هەرەوەزییەدا دروست دەکرێن پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە، بۆ نموونە دروستکردنی نانی ساج یەکێکە لە کولتوورە کۆنەکانی ژنان، بۆیە ئەم کارە بە سەختی نازانین و بە خۆشەویستییەوە ئەنجامی دەدەین، لەسەرەتای دامەزراندنی هەرەوەزییەکەدا، بەشی ئەوەندە زۆر نەبوو، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنەکەیەوە، پێویست بوو فراوانتر بکرێت، هێشتا ئێمە زیاتر کاردەکەین بۆ فراوانبوونی ئەم پڕۆژەیە.