پێشانگای وێنە لە سنە تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان ژن و سروشت

پێشانگای وێنەگر شاهین باخوەشی بە ناوی "بە هێواشی زیاتر ببینە" تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان ژن و سروشت، پێشانگاکە لە شاری سنە هەوڵدەدات هۆشیاری ژینگەیی بەرز بکاتەوە.

سنە

 

وێنەگر شاهین باخوەشی لە شاری سنە پێشانگایەکی هونەری بەناوی “بە هێواشی زیاتر ببینە” کردەوە. لەم پێشانگایەدا چاوی خۆی بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی سەرنج بۆ پرسە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی.

 

پەیوەندی نێوان ژن و سروشت

پێشانگای وێنە لە شاری سنە بە بەشدارییەکی بەرچاوی ژنان کرایەوە، کە ڕۆڵی سەرەکییان لە پاراستنی ژینگە و پەروەردەکردنی نەوەی نوێ نیشان دەدات، پەیوەندی نێوان ژن و سروشت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و کاریگەرە. ژنان، بە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و خێزانییەوە، زۆرجار زیاتر ئاگاداری زیانەکانی ژینگەن، ئاگرکەوتنەوە و فڕێدانی نادروستی پاشماوە و لەدەستدانی جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ و قەیرانەکانی تری ژینگەیی ژنان ناچار دەکەن هەنگاو بنێن و هەوڵی کەمکردنەوەی ئەو زیانانە بدەن. جگە لەوەش ڕۆڵی ئەوان لە پەروەردەکردنی نەوەی نوێدا دەتوانێت هۆشیاری ژینگەیی بەهێزتر بکات.

هەوڵدەدات بە وێنەکانی هۆشیاری دروست بکات

شاهین باخوەشی، وێنەگرێکی ئارەزوومەندە لە پرسە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان، هەوڵدەدات بە وێنەکانی هۆشیاری بڵاوبکاتەوە. ئەو نەک تەنها بۆ خۆشی دەکات، بەڵکو بۆ مەبەستێکی گەورەتر وێنە دەگرێت، لە پێشانگای تاکەکەسیدا بە ناوی “چۆن بە هێواشی زیاتر ببینین” سەرنجی بۆ ئەو مەترسیانە ڕاکێشا کە لە ئەنجامی پشتگوێخستنی ژینگەوە سەرهەڵدەدەن.

 

شاهین باخوەشی پیشەی پەرستار، ماوەی ١٠ساڵە لە بواری فۆتۆگرافیدا چالاکە وتی: لە کارەکانمدا سەرنج دەخەمە سەر وێنەی شەقام و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها فۆتۆگرافی سادە بە باشتر دەزانم و کامێراکەم بەکاردەهێنم بۆ بەڵگەنامەکردنی نیگەرانییە کەسییەکانم، ڕۆژانە لە ڕێگەی کارکردنماندا ئەم مەترسیانە دەبینین، بەڵام زۆرجار بەبێ ئەوەی بیریان لێبکەینەوە بەلایانەوە تێدەپەڕین.

٢١ وێنە لە پێشانگاکەدا نمایشکراون

شاهین ڕایگەیاند کە یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی تێکچوونی دۆخی ژینگەیە وتی: بڕیارمدا ئەم دۆخە تێکچووە بەڵگەدار بکەم، وێنەکانم دیمەنی ڕۆژانە پیشان دەدەن کە چاوەکانمان دەیبینن بەڵام لە ڕاستیدا 'نایانبینن'."

 

لە پێشانگاکەدا بە وردی ٢١ وێنەی بە وردی هەڵبژێردراوی بە دیوارەکانەوە هەڵواسیوە، ئەم وێنانە شێوازێکی هونەری و مۆدێرنیان هەیە و لایەنەکانی ژیانی مۆدێرن پیشان دەدەن، هەندێک لە وێنەکان سەرنجیان لەسەر دیمەنە ڕاستەقینەکانە، وەک شکاوی چاویلکەی سەلامەتی کە بە بێباکی فڕێ دەدرێتە ناو سروشت و دەبێتە هۆی مردنی باڵندە، یان پاشماوەی بیناسازی کە نەک تەنها دیمەنی گشتی تێکدەدات بەڵکو مەترسی لەسەر ئاوی ژێر زەوی دروست دەکات، جگە لەوەش ئەو ئاگرانەی کە لە شارەکە نزیک دەکەونەوە.