کارە دەستییەکانی نیگار سەردەمی کۆنمان بیر دەهێنێتەوە

بەهۆی پێشکەوتنی بوارەکانی ژیان و گرنگی نەدانی نەوە نوێیەکان، وایکردوە کولتووری کۆنی کوردەواری بەرەو نەمان بڕوات، بەڵام نیگار وەکو ژنێکی دەستڕەنگین لە ڕێگەی کارەکانیەوە ئەو کولتوورەی نوێ کردووەتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- هەموو نەتەوە و کۆمەڵگەیەک کولتووری تایبەتی خۆی هەیە و لەلایەن هاوڵاتییەکانیەوە گرنگی بە مانەوەی دەدرێت، بەڵام لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بوارەکانی ژیان و ئاشنا نەبوونی نەوە نوێیەکان، کەمتر گرنگی بە زیندوو هێشتنەوەی کولتوور دەدرێت، ژنانی کوردیش لەم بوارەدا بەهرەکانیان دیارە و لە ڕێگەی کارەکانیانەوە توانیویانە پارێزگاری لە کولتووری کوردەواری بکەن.

 

"ڕێگرییەکان کار لە توانای ژنان ناکات"

نیگار عەبدوڵا، ژنێکی دەستڕەنگینی شاری سلێمانیە و ماوەی ١٠ ساڵە کاری چنینی جانتا و مێخەک و سمڵ و کارە کوردەوارییەکان دەکات، وەک خۆی دەڵێت ماوەیەکی زۆر لە ماڵەوە بێ کار بووە، بۆیە بیرۆکەی ئەم ئیشەی بۆ دروست دەبێت و بڕیار دەدات دەست بکات بە کار کردن، لەبەرئەوەی حەزی بۆ ئیشەکەی زۆرە، بۆیە تا ئێستا بەردەوامە لەسەر کارەکەی، هەرچەندە ڕێگرییەکان زۆرن لەبەردەم ژناندا بۆ کار کردن، بەڵام نیگار وەکو ژنێکی خاوەن ئیرادە و بەهێز ڕووبەڕووی ئەو ڕێگریانە بووەتەوە و نەیهێشتوە کاری لێ بکات و دەڵێت: "هەر ژنێک بیەوێت کارێک بکات ڕێگرییەکان کاری لێ ناکەن و دەتوانێت سەرکەوتوو بێت لە کارەکەیدا".

 

"بە کارەکانم کولتووری کوردیم نوێ کردوەتەوە"

نیگار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا ژیان قورس بووە، هەروەها ژنان پێویستیان بە ئابووریەکی سەربەخۆ هەیە و گرنگە بۆیان بۆ ئەوەی پشت بە توانای خۆیان ببەستن و چاویان لە دەوروبەریان بێت، ژنان خۆشیان دەبێت هەوڵ بدەن و کاتەکانیان دابەش بکەن، بەو شێوەیە دەتوانن هەموو کارێک بکەن.

 

وتیشی: لەم چەند ساڵەی دوایدا کولتووری کوردی بەرەو نەمان دەڕۆشت، بۆیە بیرم کردەوە کە دەبێت گرنگی بە کولتووری خۆمان بدەین و بڕیارم دا ئەم کارە هەڵبژێرم، بە کارەکانم هەم کولتووری کوردیم زیندوو کردوەتەوە هەم نوێگەریم تیادا کردووە، مێخەکیشم هەڵبژاردوە کە زیاتر کاری تێدا بکەم، چونکە لە کۆندا زۆر بە کارهاتووە و بە ٣٠ شێوازی جیاواز دروستی دەکەم، هەندێک لە ئیشەکانیش داهێنانی خۆمە و وەکو یەکەم ژن نوێگەریم تیایدا کردووە.

   

 

"کارەکانم سەردەمی کۆن بە بیری کڕیاران دێنێتەوە"

نیگار عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، ئیشەکانم لەلایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی باشی لێ دەکرێت و کاتێک بەشداری پێشانگا و فستیڤاڵەکان دەکەن ئەوەی بەلای مێزەکەمدا تێپەڕ بێت، دەڵێت سەردەمی کۆنمان بیر دێتەوە کە داپیرانمان بەکاریانهێناوە، ژنانیش زۆر دەستڕەنگین و سەرکەوتوون لەو کارانەدا، من وەکو ژنیک پەیامم ئەوەیە بۆ ژنانی تر، کە بەهرەیەکیان هەیە و لە ماڵەوەن، دەستەوەستان دانەنیشن و بەهرە و تواناکانیان بە سەربەرزانە دەربخەن و باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، بەم شێوەیەش خەڵکی زۆر ڕێز لە کارەکانمان دەگرێت، چونکە ئەگەر گوێ لە قسەی خەڵک بگرین هیچمان پێ ناکرێت.

 

"کرێی زۆری شوێنی پێشانگاکان ژنان سارد دەکاتەوە لە کارکردن"

نیگار عەبدوڵا لە کۆتاییدا وتی: من کارەکانم لە ماڵەوە ئەنجام دەدەم و لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە خەڵک کارەکانم دەبینێت و داوایان دەکات، چونکە من ناتوانم دوکان بگرم بە کرێ و بڕە پارەیەکی زۆری دەوێت، ئەوەش بۆ من قورسە و وام لێدەکات کارەکانم بە نرخێکی گرانتر بفرۆشم، بۆیە لە فێستیڤاڵ و پێشانگاکاندا کارەکانمان ساغ دەکەینەوە، ئەو شوێنانەش زۆر جار کرێیەکی زۆر دەخەنە سەر شوێنەکان کە نەتوانین لەو کاتەشدا بە ڕێژەیەکی باش کارە دەستییەکانمان بفرۆشین، بۆیە بەشێک لە ژنان نایەن و وایان لێ دێت سارد ببنەوە لە کار کردن.