ڤارونا زەردەشت ژنان و سروشت بە شێوازی خۆی لە وێنەکانیدا دەگێڕێتەوە
ڤارونا زەردەشت، لە منداڵییەوە پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ هونەر دروست کردووە ، ئێستا ژنان و سروشت بوونەتە سەرچاوەی سەرەکیی ئیلهامەکانی، بە فڵچەکەی هەوڵ دەدات چیرۆکی خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد لەسەر کانڤاس بەڵگە بکات.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ وێنەکێشان بۆ ڤارونا زەردەشت تەنها هونەرێک نەبووە، بەڵکو بووەتە زمانێک بۆ دەربڕینی بیرو هەستەکانی، ئەو تەمەنی ١٧ ساڵە، لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی بە کێشانی وێنە کردووە و بە تێپەڕبوونی ساڵان، فڵچەکەی بۆ کێشانی ژن و سروشت و گێڕانەوەی چیرۆکی ژنانی کورد بەکار هێناوە، ڤارونا لە وێنەکانییەوە جیهانێک دروست دەکات کە تێیدا ڕەنگەکان تەنها ڕەنگ نین، بەڵکو دەنگی خەبات و خەون و تێکۆشانی ژنانن. لە باخچەی ساوایانەوە تا پێشانگە و فێستیڤاڵە هونەرییەکان، ئەم ڕێگایەی بەردەوام بووە ڕێگای ژنێکی گەنج کە دەیەوێت بە فڵچەکەی چیرۆکی ژنانی شۆڕشگێڕی کورد بگێڕێتەوەو شوێنێک بۆ خەونەکانی لەسەر کانڤاسەکان دروست بکات.
" لە وێنەکاندا باس لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد دەکەم"
ڤارونا زەردەشت، وێنەکێش وتی: لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ فڵچە و بۆیەدا دەست و پەنجەم ڕاهاتووە، تا تەمەنی ١٧ ساڵی، لە ئیستاوە بەردەوامی بە کاری وێنەکێشان دەدات، زیاتر کار لەسەر کێشانی وێنەی ژنان و ژینگە دەدات، وتی: لە تەمەنی منداڵیمەوە تا ئێستەش بەردەوام کاری وێنەکێشانم کردووە، دەستوپەنجەم لەگەڵ فڵچەو ڕەنگەکاندا تێکەڵکردووە، زیاتر وێنەی ژنان و سروشت دەکێشم، لە وێنەکاندا باس لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد دەکەم، ئامانجمە وێنەی ژنانی شۆڕشگێڕی کورد بکێشم، هەروەها لە باخچەی ساوایانەوە بەشداریم لە فێستیڤاڵ و پێشانگاکاندا کردووە، لە قوتابخانەدا لە ڕێگەی مامۆستایانی وانەی هونەرەوە بەشداری فێستیڤاڵەکانی خوێندەکەمان دەکرد، دواتر لەگەڵ هاوڕێکانمدا لە کاتی بۆنەکاندا یان ئەو ساڵیادانەی پەیوەستبێت بە ژنانەوە بەشداری دەکەن، لە هەشتی ئادار بەشداری پێشانگاکان دەکەم.
" ژن و ژینگە لە لایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە"
وتیشی: ئەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەیانبینین، ژن و ژینگە لە لایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، بۆیە لە ڕێگەی کێشانی وێنەی شەهیدان و بەبیرهێنانەوەیان ئەرکی ئێمەیە، هەروەها جوانی سروشت وەک خۆی بکێشین تا لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا دیمەنی ژینگە لە ناو نەچێت، ئەو ژنە تێکۆشەرانەی لە چیاکاندا گیانیان بەختکرد بەردەوام لە زهنمدا دەبن بۆیە دەیخەمە سەر تابلۆکانم و بەڵگەیان دەکەم.
"پێویستە ژنان لە هەر بوارێکدا بێت خۆیان پەروەردە بکەن"
ڤارونا زەردەشت لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: تابلۆکانم نافرۆشم و ناهێڵم لەناوبچن، بەشێکیانم لە ماڵەکەی خۆماندا نمایش کردووە، بەشێکی دیکەی پارێزگاری لێدەکەم، نامەوێت لەناوبچن، هەروەها پێویستە لە ئێستادا ژنان لە هەر بوارێکدا بێت خۆیان پەروەردە بکەن، گرنگی بە پەروەردەکردن و بەرەوپێش چوونیان بدەن، کارکردنیان لە بوارەکەیاندا یان لەو خولیایەی هەیانە کۆمەڵگەش بەرەوپێش دەبات، بە نموونە تابلۆیەکی هونەری دەتوانێت تێڕوانینی کۆمەڵگە بگۆڕێت، کۆمەڵگە هۆشیار بکاتەوە.