کولتووری خاکەکەی لەسەر فەرشەکان دەنەخشێنێت

حەلیمە ئەحمەد کە لە دەوری قەڵای مێژوویی نەجم لە مەنبج فەرشی دەستی لە مووی مەڕ دروست دەکات، جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی کولتوور دەکاتەوە و دەڵێت: فەرش کولتووری ئەم خاکەیە، ئەزموونەکانی ئەم خاکەن.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- ژنانی گوندی نەجم، کە قەڵای مێژوویی نەجمی لێیە، لە شاری مەنبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا؛ بەردەوامن لە دروستکردنی فەرشی دەستی بە خوری، موهیر، پەموو، قامیش و ئاوریشم، بە پێچەوانەی ئەو فەرشانەی لە کارگەکاندا دروست دەکرێن، هەر نەخشێک لەسەر فەرشەکان کە هەڵگری داهێنەری دەستی ژنانە لە هەر ئینجێکدا، چیرۆکێکی جیاوازی هەیە.

 

حەلیمە ئەحمەد لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە دایکیەوە فێری دروستکردنی فەرش بووە، چەندەها فەرشی چنیوە، دەشڵێت فەرشی دەستی لە فەرشی مەکینە جوانتر و بەهێزتر و بەسوودترە، هەڵگری میراتێکی کولتوورییە.

 

"ئەم فەرشە کولتوور و ئەزموونی ئەم خاکانەیە"

حەلیمە ئەحمەد، کە مۆزەخانەیەکی بچووکی فەرشی دروستکردووە بە هەڵواسینی فەرشی بچووک بە دیواری ماڵەکەیەوە، باس لەوە دەکات، پێش دەستپێکردنی شەڕی سووریا لە ساڵی ٢٠١١، ئەو سەردانکەرانەی دەهاتن بۆ بینینی قەڵای نەجم، فەرش و جانتایان پێدەگەیشت کە لەلایەن ئەوەوە دروستکرابوو، دەشڵێت: ژمارەی ئەو ژنانەی کە فەرشی دەستی دروستدەکەن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەم دەبنەوە، فەرشە دەستییەکان هەڵگری کولتووری خەڵکە لەسەر ئەو خاکەی تێیدا دەژین و بەو هۆیەوە پێویستە کولتووری فەرشچنی بە زیندووی بهێڵرێتەوە .

 

حەلیمە باسی لە دروستکردنی فەرش کرد و وتی نزیکەی سێ مانگ دەخایەنێت تا مووی مەڕ بکرێتە فەرشێكی ڕەنگاوڕەنگ، من ساڵانێکە هەوڵم داوە ئەم میراتە کولتوورییە بپارێزم و بیگوازمەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، گرنگیدان بە هونەری بونیادنان کەمی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی ئێمەیە وەک داپیرانمان هاندانی گەنجان بدەین ئەم هونەرە بپارێزن، چونکە ئەم فەرشە کولتوور و ئەزموونی ئەم خاکانەیە.