سولافە بوزی: هونەر دەبێتە پەیامی خەباتی گەلان

هونەر ئامرازێکی کاریگەرە بۆ دەربڕینی نیگەرانی و پرسەکانی کۆمەڵگە، بەهێزکردنی تاکەکان بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان ببیستن و کاریگەرییان لەسەر دەوروبەریان هەبێت، بەتایبەتی لە هەلومەرجی سەختدا کە داوای شێوازی دەربڕینی بەهێز و کاریگەر دەکات.

سیلڤا ئیبراهیم

 

کۆبانێ-هونەر ئامرازێکی قووڵی مرۆڤییە بۆ دەربڕینی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە بەدەست شەڕ و پەراوێزخستنی کولتوورییەوە دەناڵێنن. تاکەکان لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانن دەنگی خۆیان ببیستن و بەرگری لە ناسنامەیان بکەن، ڕۆڵی ژنان بە تایبەتی لە بەکارهێنانی هونەر وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری و کاریگەریدا تیشکی دەخرێتە سەر.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ئەزموونی هونەرمەند سولافە بوزی، هاوڵاتی شاری کۆبانێ وەک نموونەیەکی زیندوو دەردەکەوێت کە ڕەنگدانەوەی هێزی هونەرە لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و بەهێزکردنی کولتووری کوردی، کە چەندین سەدە ڕووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە.

 

”هونەر وەک هێزێکی بەرخۆدان و شوناس”

سولافە بوزی تەمەن ٢٤ ساڵ، دایکی دوو منداڵە و ئەندامی تەڤگەری هیلالی زێڕینە، لە تەمەنێکی بچووکدا بەهرەی گۆرانی وتنی دۆزیوەتەوە، لە هەروەها خێزانەکەی بشتیوانیان کردووە بۆ بەشداریکردن لە بۆنە و چالاکییە هونەریەکان، وتی: چالاکی هونەریم لە قۆناغی سەرەتاییەوە لەگەڵ گرووپی ”فەلک” دەست پێکرد کە لە حەوت کەس پێکهاتبوون، ئەوە یەکەم هەنگاوم بوو بۆ ناو چاوی گشتی، تەنها گۆرانیم لەگەڵ گرووپەکە نەدەوت، بەڵکو هاوکات گۆرانیم بە تەنهاش گۆرانیم دەوت، یەکەم ئەزموونم متمانەی پێ بەخشیم، هەستم بە جۆرێکی جیاواز لە خۆشی و شانازی دەکرد، چونکە بە زمانی کوردیی گۆرانیم دەوت کاتێک قسەکردن بە زمانی کوردی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا قەدەغە بوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هونەر هەست و شێوازێکی جیاواز لە دەربڕینی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاستیەکانی شەڕ و بەرخۆدان بە مرۆڤ دەبەخشێت، تەنانەت لە پەیوەندی خێزانیشدا هونەر ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دەربڕینی هەستەکان بە شێوەیەکی بەهێز کە دەتوانێت جیاوازی دروست بکات.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئێمە هاوسەنگین لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵدەدەین ڕۆڵێکی کاریگەر ببینین لەو بابەتانەی کە کاریگەرییان لەسەر بەرخۆدان و کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان هەیە، لەماوەی ڕابردوودا توانیمان چەندین گۆرانی بەرهەمبهێنین کە لەگەڵ هەر قۆناغێکدا تێدەپەڕین، بۆ نموونە کاتێک بەنداوی تشرین لەلایەن داگیرکاری تورکیا هێرشی کرایە سەر، چەندین گۆرانیمان لەسەر بەرخۆدانی شەڕڤانان و ئەو بەرخۆدانەی گەل ئامادەکرد کە بەنداوەکە شایەتحاڵی بوو.

 

دووپاتی کردەوە، کە ڕۆڵی هونەر تەنها لە لایەنی مۆسیقیدا سنووردار نییە، بەڵکو هەموو شێوازەکانی هونەر توانای ئەوەیان هەیە گۆڕانکاری دروست بکەن و ئەم ڕۆڵە بگێڕن، جا چ لە ڕێگەی نیگارکێشانەوە، شانۆ، یان شیعر بێت، هەروەها هونەر قسە لەگەڵ هەست و سۆزی مرۆڤ دەکات، بۆیە توانای بەرهەمهێنانی وزەی گۆڕانکاری هەیە لە ناوەوە، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر هێزی هونەر لە کاریگەریکردن لەسەر کۆمەڵگە، چەکێکە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی هەیە، هەروەک چۆن شەڕڤانێک بە چەکەکەی ڕووبەڕووی هێرشەکانی دوژمن دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم کاتە سەختانەدا بۆ کۆمەڵگە، هەموو هونەرمەندێک دەبێت خۆی وەک بەرپرسیار ببینێت لە دۆزینەوەی چارەسەر و گەورەکردنی دەنگی کۆمەڵگەکەیان، هەروەها هونەر ڕێگەیەکە بۆ دەرکردنی وزەی نەرێنی و پەناگەیەکی ئاسوودەبەخشە لەکاتی هەستکردن بە خەمۆکیدا.

 

”تەڤگەری هیلالی زێڕین کەشێک بۆ پەرەپێدانی بەهرەییەکانی ژنان”

سولافە بوزی وتی: تەڤگەری هیلالی زێڕین کەشێک دابین دەکات کە ژنان بەهێز دەکات بەو متمانە و پاڵپشتی و ڕاهێنانەی کە پێویستە بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان، وەک دەنگێکی هونەری دەربڕینی بەرخۆدانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دیارە، ئەم تەڤگەرە سەرکەوتوو بووە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەقلیەتە کۆمەڵایەتیەی کە پێشتر نەیهێشتبوو ژنان لە دەربڕینی داهێنەرییان بەشداری بکەن، ڕێگەیان خۆشکردن بۆ ئەوەی بچنە سەر شانۆ و بە متمانەوە تواناکانییان نیشان بدەن.

جەختی لەوە کردەوە، کە هاوسەنگکردنی ڕۆڵی هونەرمەند و دایک ئاسان نییە، بەڵام ئیرادە دەتوانێت بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بێت، هەروەها هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان کارە هونەرییەکانی و بەرپرسیارێتی خێزانییدا بپارێزێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵەکانی بە شێوەیەکی سروشتی پەرە بە بەهرەکانیان دەدەن لە ئەنجامی پراکتیزەکردنی بەردەوامی لە ماڵەوە، ئەمەش ئامادەیان دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببنە هونەرمەندی گەشەسەندوو لە داهاتوودا، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنیان بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە زیندووکردنەوەی کولتوور و هونەری کوردی لە بەرامبەر هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەیان لە ڕێگەی ناساندنی کولتوورە بیانییەکانەوە.

 

سولافە بوزی شانبەشانی ڕۆڵی خێزانی خۆی درێژە بە چالاکییە هونەریەکانی دەدات، هەروەها سوودمەندە لە پاڵپشتیی تەڤگەری هیلالی زێڕین لە پەرەپێدانی بەهرەکەیدا، بەشداری دەکات لە پێشکەشکردنی ئەو بەرهەمانەی کە گوزارشت لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و ئامادەیی هونەر و کولتووری کوردی بەرز دەکەنەوە.