سۆما ساڵح نابیستییەکەی ڕێگری لە وێنەکێشان و نمایشە شانۆییەکانی نەکردووە

سۆما ساڵح، سەرەڕای خولیای شانۆی و وێنەکێشان توانیویەتی بڕوانامەی دبلۆم لە ژمێریاریدا بەدەست بهێنێت، بە هاوکاری مامۆستاکەی ئێستا پەرە بە شانۆ دەدات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ ژنان لە هەر بارودۆخێکی تەندروستی و سیستماتیکدا ژیان بکەن، هەوڵدان بۆ سەرکەوتن دەدەن، لە ڕێگەی بەرخۆدانە زهنی و کردارییەکانەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری ڕوندەکەنەوە تواناکانیان دەیانگەیەنێتە ئامانج، ئەوەی ژیان جوانتر دەکات کۆڵنەدانە و هەوڵدانە بۆ خەون و خولیاکان، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت تێکۆشان بۆ خەونەکانیان دەکەن، هەر وەک سۆما ساڵح، سەرەڕای نابیستییەکەی بە هاوکاری مامۆستا گوڵزار عەبدوڵا، هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئامنجەکانی دەکات، لە منداڵییەوە بە هاوکاری مامۆستای ئاماژەکەی توانیویەتی قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتوی تەواو بکات، و دبلۆم لە ژمێریاریدا بەدەست بهێنێت، سەرەڕای شانۆ و وێنەکێشان، خولای بۆ میوزیک ژەنین دەبێت، بەڵام بەهۆی نابیستییەوە توانای فێربوونی بۆ ئامێرەکان نابێت، بەڵام بەدوای ئامانجەکانیدا دەچێت، وە بەردەوامی بە شانۆ دەدات

 

سۆما ساڵح بە هاوکاری مامۆستایی ئاماژەکەی گوڵزار عەبدوڵا، توانا و ئەزموونی تەمەنی خۆی بۆ ئاژانسی نوژنها خستەڕوو.

 

سۆما ساڵح، شانۆکار و نابیست، ئاماژەی بەوەکرد، تەمەنی سۆما ٣٣ ساڵە، سەرەتایی خوێندنی لە خوێندنگەی هیوای نابیستان تەواوکردووە، پاش دابڕان لە خوێندن دووبارە لە خوێندنگەی هانای نابیستان خویندنی پێش ئامادەی تەواو دەکات، پاشان لە خوێندنگەی کوردستان بەشی پیشەی بازرگانی تەواو دەکات، لە کۆتاییدا دەچێتە بەشی ژمێریار و بڕوانامەی دبلۆم بەدەست دەهێنێت، لە ئێستادا کاری وێنەکێشان و شانۆ دەکات، وتیشی: لە منداڵیدا توانای بیستن و گفتوگۆکردنم نەبوو، بۆیە بەردەوام دەگریام، لە ناو خێزانەکەمدا منداڵی دیکە هەبوو، بەڵام من بەتەنیا نەمدەتوانی گوێبیستیان ببم و یاریان لەگەڵدا بکەم، پاش ئەوەی زاندرا من نابیستم چوومە خوێندنگەی هیوای نابیستان، پاشان مامۆستا گولزار و بەهارم ناسی، تا پۆلی شەش هاوکاریان کردم تا بتوانم ئاماژەکان فێرببم، پاش ماوەیەک چومە خوێندنگەی هانا فێری کاری دەستاین دەکردین، پاشان لە ئامادەی بازرگانیدا بڕوانامەم بەدەستهێنا، وەرگرتنی بڕوانامەکەم بەبێ هەبوونی وەرگێڕی نابیستبوو، توانیم بەسەرکەوتوو خوێندنەکەم بگەیەنمە بەشی ژمێریاری و بەسەرکەوتووی بڕوانامە بەدەستبهێنم، شارەزایم لە ژمێریاریدا هەیە، بەڵام لایەنەی پەیوەندیدار دامەزراندنی بۆ نابیستان نەکردوەتەوە، بەڵام دوای خولیای وێنەکێشان و شانۆکاریدا کەوتم و ئێستە وێنەکێش و شانۆکارم، لە چەندڕۆژی ڕابردوودا لە کارێکی شانۆیدا بەشداربووم و توانیم بە سەرکەوتوانە نمایشەکەم ئەنجامبدەم، کە پاڵنەرێکی سەرەکیمبوو بۆ درێژەدان بە شانۆکاری.

 

ئامانجی مییوزیکیش بوو، بەڵام نابیستییەکەی ڕێگەی نەدا

سۆما ساڵح لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: سەرەڕای خولیای شانۆی و وێنەکێشان، ئامانجم فێربوونی میوزیک بوو، بەڵام بەهۆی نابیستیمەوە نەمدەتوانی فێرببم، خولیام بۆ کاری دروومانیش هەیە، بەشێک لە جلەکوردییەکانم دیزاین و دورینەکەی ئەنجام دەدەم، من زۆر دڵ خۆشم کاتێک بەشداری لە شانۆکاندا دەکەم، بۆیە بڕیارمداوە بە هاوکاری مامۆستاکانم لە کاری شانۆی بەردەوامبم، سەرەڕای کاری شانۆی و وێنەکێشان من دەتوانم کاری ژمێریاری ئەنجام بدەم، بەڵام بەداخەوە لە وەزارەتەکانەوە دامەزراندن وەستێندراوە، هەروەها لە کۆمپانیاکانیشدا کار بە ئێمەی نابیست نادەن، چونکە کەسێکی دیکە نییە تا وەرگێڕاناممان بۆ ئەنجام بدات، بۆیە کۆمپانیاکان کار بە ئێمە نادات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئامانجمە درێژە بە هونەری وێنەکێشان و شانۆ بدەم، هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار کار بۆ دامەزراندن و کارکردن بۆ نابیستان و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بکات، تا بتوانین وەک هەر مرۆڤێکی دیکە بژین، من نابیستم و دڵتەنگنیم بە نابیستییەکەم، زۆر بەباشی دەتوانم کارەکانم ئەنجام بدەم، با جیاکاری لە نێوان مرۆڤەکان و نابیستەکاندا نەبێت، تا بتوانین پەرە بە تواناکانمان بدەین.