شەم ئەبووبەکر؛ لە پلانە ئەندازیارییەکانەوە بۆ تابلۆی سەرکەوتن
لە نێوان ژمارە و هێڵدا شەم ئەبووبەکر ڕێگایەکی تایبەتی دروست کردووە، بەجۆرێک ئەم ژنە ئەندازیارە پلانە فەرمی و جیاوازەکانی کارەکەی نەبۆتە کۆتایی ڕێگا بۆی، بەڵکو بۆتە سەرەتایەکی نوێ بۆ دەستکردن بە کاری هونەری.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی- دەچینە ناو ژیانی ژنێکی ئەندازیار کە لەگەڵ کارە فەرمییەکانی، هونەری وێنەکێشانیشی وەک پەناگەیەک هەڵبژاردووە، هەروەها لە نێوان پلان و پڕۆژە ئەندازیارییەکاندا وێنەکان بۆی بوونەتە زمانێک بۆ دەربڕینی هەست و کێشەکانی ژن لە کۆمەڵگەی ئێستادا، شەم ئەبووبەکر لەم گفتوگۆیەدا هەوڵ دەدات ئەوە ڕوون بکاتەوە چۆن ئەم دوو جیهانە ''ئەندازیاری و هونەر'' بەیەکترەوە پێکەوە گرێدراون، چۆن ژنێکیش دەتوانێت لە نێوانیاندا ناسنامەی خۆی دروست بکات، هەروەها لە ماوەی خوێندن و کاردا، هێڵ و ڕەنگ بوونەتە ڕێگای دەربڕینی هەست و بیرۆکە، کە بە هۆی ئەم تێکەڵبوونەوە توانیویەتی ناسنامەیەکی نوێ دروست بکات، ناسنامەیەک کە سەرکەوتن تەنها لە ناو پۆستی پیشەییدا نەبینێت، بەڵکو لە توانای دروستکردندابێت.
''لە منداڵیەوە حەز و خولیام بۆ وێنەکێشان هەبووە''
شەم ئەبووبەکر، ئەندازیاری پلان دانان و وێنەکێش، وتی: لە منداڵیەوە حەز و خولیام بۆ وێنەکێشان هەبووە، هەروەها بیرمە منداڵبووم بە بەردەوامی دەچوومە حەوشەکەمان و لەوێ دادەنیشتم و وێنەم دەکێشا، هەر لە قۆناغی باخچەوە زۆرینەی وێنەی سەر دیواری باخچەکەمان ئەو وێنانە بوون کە من دروستم دەکردن، دواتر بەهۆی سەرقاڵبوونم بە خوێندنەوە ماوەیەک دابڕام لە هونەر و وێنە کێشان، تا ئەوکاتەی چوومە بەشی ئەندازیاری پلان دانان و بوومە ئەندازیار، کە لە ماوەی خوێندنم لە بەشی ئەندازیاری لە زانکۆی دهۆک، کۆمەڵێک هونەرمەندی زۆر بەڕیزم ناسی کە لە زانکۆی دهۆک مامۆستا بوون و لە بەرێوبەرایەتی ڕۆشنبیری ئەوێش بوون، کە دواتر وردە وردە لەگەڵ ئەواندا گەڕامەوە ناو جیهانی هونەری و دەستم کردەوە بە وێنە کێشان، هەروەها کاتێک گەڕامەوە بۆ سلێمانی و بەکالۆریۆسم لە ئەندازیاریدا بەدەستهێنا، حەزم کرد لە بواری هونەردا بخوێنم و وەک کەسێکی ئەکادیمی کار بکەم، بۆیە کە گەرامەوە بۆ سلێمانی بەشی هونەرم خوێند، هەروەها لە ناو خانەوادەکەماندا خاڵم هونەرمەندە، بەڵام بەشێوەیەکی ئەکادیمی نییە و هەندێک کات تابلۆ دەکێشێت، لەناو خێزانەکەشمدا براکەم کەمانچە ژەنە و خوشکەکەشم کاری چنین دەکات، واتە هەریەکەمان لەگەڵ کاری خۆماندا کاری هونەری دەکەین، تەنانەت ئێستا خوشکەزاکانم بە هەمان شێوە ژەنیاری زۆر باشیان لێدەرچووە و هەمان حەزی هونەریان هەیە.
وتیشی: هەمیشە باوکم پێم دەڵێت ئەوەی تێکەڵ بە هونەر نەبێت هەمیشە شتێکی هەیە تەواو نەکراوە، چونکە ئێمە هەندێک شتمان هەیە کە ناتوانین بە قسە کردن بیڵێین و گوزارشتی لێ بکەین، بەجۆرێک لە دەروونماندا دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە لە ڕێگەی هونەرێکەوە هەموو ئەو شتانەی لە ناخماندایە بیهێنینەدەرەوە، هەربۆیە هەموومان بە هۆی باوکمانەوە ئەو حەزە هونەرییەمان بۆ دروست بووە و لەگەڵ پیشەکەکانماندا کاری هونەری دەکەین، هەروەها دایکم بەردەوام بۆمان باس دەکات کە لە کۆندا ئیشی چنین و ئەتەمینی کردووە، بەڵام من بیرم نایەت، بەس خوشکەکانم باسی دەکەن کە جلەکانی خۆمان هەمووی ئەو چنیویەتی و بە دەستی خۆی عەزی و کڵاوی بۆ دروست کردووین، هەروەها لە منداڵییەوە هەموومان دەستێکی چنینمان هەبووە و دواتر کە چوینەتە جیهانی هونەرەوە لەسەری بەردەوام بووین.
''کاتێک لەگەڵ دایکم دەچووم بۆ بازار تاکە ئاواتم ئەوەبوو گۆڤارێک یان چیرۆکێکی منداڵان بکڕم''
وتیشی: من لە منداڵیدا کەسێکی زۆر بێدەنگ بووم، بیرمە کاتێک لە پۆلی یەکی سەرەیایی وەرگیرام یەکسەر پەرتووکەکانم هێنایەوە ماڵەوە و دەمویست بگەمە ئەو ئاستەی کە بتوانم بخوێنمەوە، هەر بۆیە لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە من دەستم کرد بە پەرتووک خوێندەوە، هەروەها کاتێک لەگەڵ دایکم دەچووم بۆ بازار تاکە ئاواتم ئەوەبوو گۆڤارێک یان چیرۆکێکی منداڵان بکڕم، من وەکو منداڵانی دیکە نەبوون بچم بوکێک بکڕم، بەڵکو زۆربەی کاتەکانم بە خوێندنەوە یاخود وێنەکێشان بەسەر بردووە، ئەمەش وایکردبوو مناڵێکی زۆر بێدەنگبم، هەروەها کاتێک یەکەم وێنەم کێشا بیرمە لە باخچە بووم و هەندێک لە وێنەکانم ئێستاش ماوە و لە ئەرشیفدا هەڵم گرتووە، ئەوەندەی بیریشم بێت بە منداڵی وێنەکانم کەمێک سەیر بوون بۆ نموونە، کە دەمووچاوی کەسێکم دەکێشا لوتەکەم لە سەروو چاوەوە دروست دەکرد یان دەمیم بە پیچەوانەوە دروست دەکرد و ڕەنگەکانم تێکەڵ دەکرد و داهێنانم دەکرد و بابەتی خەیاڵیم دروست دەکرد، ئەو وێنانەشی کە یەکەم جار دروستم کردون ئەوانەی باخچەکەمە، هەروەها لە ژمارە یەکی گۆڤاری پەپوولە بابەتێکی هونەریم دانا، کە ئەوانەش بوونە دەستپێکی کاری هونەریم.
''حەزم کردووە کارەکانم زیاتر کوردەواریانە بێت و مۆرکی کوردەواری پێوەبێت''
لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی: سەرەتا کە دەچیتە ناو دونیای هونەرەوە حەز دەکەی هەموو شێوازەکان تاقی بکەیتەوە و لەسەر هەموو ڕێبازەکان کار بکەیت، بێگومان دواتر بە بەردەوامی کار کردن و وێنەکێشان وا دەکات لە یەکێک لە شێوازەکان و ڕێبازەکان خۆت بدۆزیتەوە، هەروەها من ئەم ماوەیە زیاتر لەسەر یادەوەری و ئەبرستراک کارم کردووە و بە هەمان شێوەش ئیشم لەسەر ژن و کولتووریش کردووە و تابلۆشم هەیە تەنها پۆرترەیتە و ستیڵ لایفە، بۆیە دەتوانم بڵێم بە هەموو شێوازەکانی وێنەکێشان من وێنەم کێشاوە و ئەزمونێکی زۆرم باشم هەیە و ماوەی چوار ساڵیشە بە تەواوەتی قوڵ بوومەتەوە لەناو هونەدرا، هەروەها ئەوەی من زیاتر کارم لەسەر کردووە کولتووربووە، وەکو یادەوەری سلێمانی و نۆستالیجیای شوێنە کۆنەکان، دواین پرۆژەشم لەسەر شوێنە کۆنەکان بووە و باسم لە کاری دەستی ژنان کردووە وەک چنین، کە هەوڵمداوە چنین بهێنمەوە ناو هونەر، لەبەر ئەوەی ژنی کورد لە کۆندا کارێکی زۆریان لەسەر چنین و ئیشی دەست کردووە، من بەتایبەتی ئیش لەسەر یادەوری دەکەم کە چۆن سروشت یادەوەری خۆیمان بۆ بەجێدەهێڵێت لە شێوازی ژەنگدا یاخود چۆڕانەوەی باران لەسەر دەرگاکان یاخود لەسەر پەنجەرەکان، هەروەها کارم لەسەر ژنان کردووە کە چۆن لە ناو هونەردا کاریان کردووە و چەندین ژنی جوانی دەستڕەنگینیشمان لەم بوارەدا هەبووە لە کۆندا، هەربۆیە تا ئێستا کارەکانم بەم شێوازە بووە و حەزم کردووە کارەکانم زیاتر کوردەواریانە بێت و مۆرکی کوردەواری و یادەواری خۆمان بێت لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا.
''یەکێک لەو هونەرانەی کە لە ناو ژنی کوردا زۆر باو بووە ئیشی چنین بووە''
شەم وتیشی: ئەگەر بگەرێینەوە بۆ مێژووی کۆنی کوردی کاتێک دەچوویتە ماڵێکێکەوە کە سەیرت دەکرد دەتزانی کە ژنی ئەو ماڵە دەستڕەنگینە، من بە ماڵی نەنکمدا دەزانم، هەروەها ئەگەر سەرنجت بدایەتە ئەو ژنەی کە خەریکی کاری دەست و چنین و ئەتەمین بوو، تابلۆی ئەتەمینی دروست کردبوو بە خووری و دەزوو، هەروەها کە دەچوویتە ژوورەوە هەست دەکرد کە ئەم کارانە هەمووی ئیشی خۆیەتی، چونکە خۆیان جلیان بۆ مندالەکانیان دووریووە، بۆیە یەکێک لەو هونەرانەی کە لە ناو ژنی کوردا زۆر باو بووە ئیشی چنین بووە، لەبەر ئەوەی ژنانی جاران کەمتر لە دەرەوە ئیشیان کردووە، ئەمەش وایلێکردوون زیاتر کاری چنین بکەن، بۆیە جێدەستیان زۆردیاربووە و هیچ ماڵێک لە ماڵەکەی دیکە نەچووە لە ڕووی ڕەنگ و دانانی کەلوپەلەکانەوە، هەروەها چەندەها هونەرمەندی ژنمان هەیە کە زۆر بەتوانا بوون لە کۆن و ئێستاشدا کە ئێمە لە ئاستی ئەواندا هێشتا زۆر لە سەرەتاداین، بۆیە بە شانازییەوە دەڵێم کە کولتووری کوردی پڕە لە ڕەنگ و جوانی، لە هەر چوار پارچەی کوردستان هونەرمەندی ژنی زۆر باشمان هەیە کە لە ڕێگەی هونەرەکانیانەوە ئەو کولتوورەیان بە ئێمە پیشانداوە، تەنانەت کۆمەڵێک هونەرمەندمان هەیە کە لە ناو زیندانەکانەوە بەردەوامن لە کارە هونەریەکانیان، کە لە و ڕێگەیەوە ئێش و ئازارەکانی خۆیان و گەلی کوردیان خستۆتە ڕوو.
''ڕۆشنبیری هونەری لای ئێمە زۆر لاوازە''
ئاماژەی بەوەشدا، وەکو هونەرمەند لە ئێستادا دەیانەوێت کارەکانیان بابەتی بێت، هەروەها ڕەخنەیەکی گەورەشیان لە پشتەوە بێت، وتی: بۆیە زۆر گرنگە کەسانی دەورووبەر ئیشەکانی ئێمە ببینن، کە دەکرێت ئەوانیش لە ڕوانگەی خۆیانەوە لێکدانەوە بۆ وێنەکان و کارەکانی ئێمە بکەن، بۆیە گرنگە نەک تەنها لە هۆڵەکانی نمایشدا بەڵکو لە چەندین شوێنی دیکەش نمایشەکانمان بکەین بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەکاندا، هەرچەندە ئێمە هونەرمەندی زۆر باشمان هەیە، بەڵام ڕۆشنبیری هونەریمان زۆر لاوازە، واتە خەڵکی ئاسایی زۆر بە کەمی بەرهونەر و تابلۆکان کەوتوون، بۆیە ئێمە زۆر کات کە نمایشەکان ڕێک دەخەین زۆر حەز دەکەین کەسێکانێک بێن سەردان بکەن کە یەکەم جاریانە سەردانی پێشانگاکان دەکەن، چونکە هونەر تەنها ئەوە نییە کە تابلۆیەک بکێشیت، بەڵکو دەچێتە زۆر بوار و کاری دیکەوە، بۆیە بەڕای من زۆر گرنگە کە کارە هونەرییەکانمان نمایش بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک ڕۆشنبیری هونەری بۆ دروست ببێت و بتوانن بگەنە ئارامی دەروونی لە ڕێگەی هونەرەوە، چونکە هونەر ئارامییەکی زۆر دەبەخشێت بە مرۆڤ.
''لە باشووردا هونەرمەند ناتوانێ هونەر وەک سەرچاوەی داهات بەکاربهێنێت''
وتیشی: زۆر کەم دڵم هاتووە ئەو تابلۆیانەی کە کێشاومە بیفرۆشم، بەڵام ئەگەر کەسێک داوام لێ بکات و تابلۆیەکم بۆ بنێرێت ئەوا لەسەر داوای خۆی تابلۆکەی بۆ دەکێشم ، هەروەها ئاسانتریشە بۆ من وەک لەوەی تابلۆیەک کە بە هەستی خۆم دروستم کردبێت و لەگەڵیدا ژیابێتم بیفرۆشم پێی، چونکە من بە پرۆژە ئیش دەکەم ، واتە کارم هەیە کە بۆ ماوەی چوار ساڵ کارم لەسەرکردووە، شانازیشە بۆ من کە وێنەکانم بچێتە هەموو ماڵێکی کوردەوە، بەڵام هەندێک تابلۆم هەیە دڵم نایە بیانفەوتێنم، هەروەها ئەو تابلۆیانەی لەسەر کولتوور کردوومە وەک، دەرگا کۆنەکانی سلێمانی دەکرێت دروستی بکەمەوە و جارێکی دیکە بیبەخشم، بەڵام هەندێکیان یادگاریان لەگەڵدایە، بۆ نموونە ئەو تابلۆیەی کە لەگەڵ هونەرمەندێکدا دروستم کردووە دڵم نایەت بیفرۆشم، هەروەها بەرهەمێکم هەیە کە دەرگایەکی سەوزە زۆرم خۆش دەوێت باوەڕ ناکەم هیچ کات بیدەم بە هیچ کەسێک، هەروەها تابلۆی ژنێکم دروست کردووە کە باس لە ئازارەکانی ژنان دەکات، کە تاجێکی مۆمی لەسەرە و مۆمەکە تواوەتەوە بەسەریا وەک گوزارشت لە ئازارەکانی ژنان، کە ئەوەش یەکەم تابلۆ بوو کە خۆم دامڕشتەوە و کارم لەسەر کرد، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی لە باشووردا هونەرمەند ناتوانێ هونەر وەک سەرچاوەی داهات بەکاربهێنێت، هەروەها بەشێکیشی دەکەوێتە سەرئەوەی کە ئەو هونەرمەندە چەندە ناوبانگی هەیە، بێگومان کۆمەڵێک هونەرمەندمان هەیە توانیویانە هونەر بکەنە سەرچاوەی داهاتیان، بەڵام بە گشتی زۆر کەم هونەرمەندمان هەیە بتوانن بە داهاتی تابلۆکانیان بژین، بۆیە لەپاڵ کاری هونەریدا کاری دیکە ئەنجام دەدەن و ٨٠٪ی هونەرمەندەکانمان ناتوانن لەسەر کارە هونەریەکانیان بژین.
''من سوپاسی خانەوادەکەم دەکەم کە زۆر پشتیوان و هاوکارمن لە کارەکانمدا''
شەم ئەبووبەکر، ئەندازیاری پلان دانان و وێنەکێش، وتی: من سوپاسی خانەوادەکەم دەکەم کە زۆر پشتیوان و هاوکارمن لە کارەکانمدا، بەڵام بۆ زۆرێک لە ژنان لەبەر بارودۆخی خێزانی ناتوانن بەردەوام بن لە کارە هونەریەکانیان، لە لایەکی دیکەشەوە لەبەر کولتوور و دابونەریت و دینەوە لە هونەر دووردەکەونەوە، کە من ئەمانە بە هۆکار نازانم بۆ واز هێنان لە هونەر، هەروەها لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەندێک خەڵک حەز ناکەن لە هونەر نزیک ببنەوە بەتایبەت ژنان، چونکە کاری هونەری دەرکەوتنی تێدایە و دەبێت وێنەکان نمایش بکرێت،ل ەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک ژنی زۆر باشمان هەیە کە کاری هونەری دەکەن و لە هەمان کاتیشدا دایکن خێزانیش بەڕێوە دەبەن و جێگەی شانازین، بۆیە هیوادارم بەردەوامبن لە کارەکانیان، هەروەها هەست دەکەم کاری هونەری بۆ ژنان تۆزێک قورسترە وەک لە کەسانی دیکە ، چونکە لە خێزان و کۆمەڵگەوە پاڵپشتیەکی کەمان هەیە، هەروەها من بێجگە لە کاری وێنەکێشان لە بواری ژینگەی و توندوتیژی خود وهونەری ریسایکلیندا کارم کردووە، کە بۆ ماوەیەکی زۆر وەک ڕاهێنەری دەروونی لە توندوتیژی خوددا کارم کردووە، بە جۆرێک کارمان لەسەر ئەوە دەکرد کە چۆن تاک دەتوانێت دژی توندوتیژی بوەستێتەوە بەرامبەر بە خۆی یاخود کاتێک بەرامبەر کەسێکی دیکە ئەنجام دەدرێت، هەروەها لەسەرتاسەری کوردستان کارم کردووە و زیاد لە ٤٠ بروانامەی ڕێزلێنانم هەیە.
''ژنانی ئێمە لە شاخ شەڕدەکەن و پڕن لە هونەر و هێز''
لە کۆتایی قسەکانیشدا وتی: من هەمیشە شانازی بەو کارانەمەوە دەکەم کە بۆ ژنان و کولتوور کردوومە، بەتایبەت کۆتا کارم کە لەسەر شوناسی سلێمانی و نۆستالیجیای بەها و ڕەنگ و کولتوور بوو، هەروەها بۆ من هەستێکی زۆر خۆشە کاتێک کارە هونەریەکانم نمایش دەکەم و خەڵک بەرەوڕووی دێت و پێان جوانە، بۆ من هەمیشە کورد و کولتوور و ژنە دەستڕەنگینەکانمان جێگەی شانازین، بۆیە هیوادارم لە هەر بارودۆخێکدا بێت بەهێز بمێنەنوە و هەوڵ بدەن هونەرە جوانەکانیان نمایش بکەن، دەشزانم بۆ ئەوان کە خێزانیش بەڕێوە دەبەن قورسترە، بەڵام هەرژنێکی کورد بەهرەیەکی تایبەتی هەیە و هەمیشەش کولتووری ئێمە باس لە دەستڕەنگینی و بەهێزی ژنانی کورد دەکات، هەروەها ژنانی ئێمە لە شاخ شەڕدەکەن و پڕن لە هونەر و هێز، بۆیە من سوپاسی هەموو ژنێکی کورد دەکەم کە لە هەر بوارێکدا کار دەکات و خزمەت دەکات .