فێستیڤاڵی فیلمی ئامەد هەوڵدەدات کەلتوور و شوناس بپارێزێت

ڕۆژهەڵاتی ئاکسۆی بانگهێشتی بەشداری کردنی فێستیڤاڵی فیلمی دۆکیۆمێنتاری ئامەدی کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، فێستیڤاڵەکە هەوڵی پاراستنی کولتوور و شوناس دەدات و باس لە پرسەکانی دیکەی وەک ئازادیی ژنان و کێشە ژینگەییەکان دەکات.

ئامەد

 

لە ٣ی تەمموزدا، داواکاری بەشداریکردن لە هەشتەمین فێستیڤاڵی فیلمی دۆکیۆمێنتاری فیلم ئامەد کە لەلایەن کۆمەڵەی ئەکادیمیای سینەمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە ٢٧ی ئەیلول تا تا ١ی تشرینی یەکەم ڕێکدەخرێت، ڕاگەیەندرا، دوا وادەی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا ٣١ی تەمموز دەبێت.

 

ڕۆژهەڵات ئاکسۆی، ئەندامی کۆمەڵەی ئەکادیمیای فیلمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، فێستیڤاڵەکە باس لە چەند پرسێک دەکات، لەوانە زمان، ڕۆشنبیری، ئازادیی ژنان و کێشە ژینگەییەکان، چاوەڕوانی بەشدارییەکی چڕوپڕ لە ئەمساڵدا دەکەن، وەک چۆن ساڵانی پێشوو بەشداری کراوە.

 

"سینەما ڕێگایەکە بۆ پاراستنی کولتوور و شوناس"

ڕۆژهەڵات ئاکسۆی جەختی لەوە کردەوە کە فێستیڤاڵەکە لەسەر بنەمای پاراستن و بەرەوپێشبردنی یادەوەری کۆمەڵایەتی دەبێت و وتی: کولتووری کوردی لەبەردەم جینۆساید دایە، بۆیە ئامانجی سەرەکیمان زیندوو ڕاگرتنی یادەوەری کۆمەڵایەتییە لە بەرامبەر ئەو پراکتیزانەدا، فیلمی دۆکیۆمێنتاری یان سینەما دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ پاراستن و ناساندنی شوناس و میراتی کولتووری گەلی کورد، بەو پێیەی دەتوانێت مێژوو و نەریت و زمان و شێوازی ژیانی گەلی کورد بە بەڵگەنامە بکات و بیانگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، جگە لەوەش سینەمای دۆکیۆمێنتاری کاردەکات بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بەو سەختییانەی ڕووبەڕووی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکان دەبێتەوە، لە لایەکی دیکەوە فیلمە دیکۆمێنتاریەکان دەتوانن سەرچاوەیەکی گرنگ بن بۆ تێگەیشتن لە مێژووی جێگرەوە و خەباتی سیاسی و دینامیکی کۆمەڵایەتی.

 

هیچ سنوورێک بۆ فێستیڤاڵەکە دانانێن

فێستیڤاڵەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١١ بەڕێوەچوو، یەکەم فیلم بە ناوی "ئێمە کوردین" لە بەرهەمهێنانی ساڵی ١٩٨٢ نمایشکرا، لە نێوان نزیکەی ٧٠ فیلمدا ٤٠ فیلم هەڵبژێردران و بە نمایشکردنی فیلمی دیکۆمێنتاری و فیلمی درێژ بۆ هەفتەیەک بەردەوام بوو.

 

سەبارەت بە ناوەڕۆکی فێستیڤاڵەکەی داهاتووش ڕۆژهەڵات ئاکسۆی دەڵێت: ناوەڕۆکی فێستیڤاڵەکە بە ناوەڕۆکی فیلمە دۆکیۆمێنتاریەکان دیاری دەکرێت، پێشتر هیچ سنوورێکمان بۆ ئەو فیلمانە دانەناوە کە دەنێردرێت بۆ فێستیڤاڵەکە، کاری سەرەکیمان پاراستن و پەرەپێدانی کولتوور و زمانە، هەروەها فیلمەکانی باس لە پرسەکانی ڕزگاری ژنان و کێشە ژینگەییەکان دەکات، نمایش دەکرێن.

 

ڕۆژهەڵات ئاکسۆی داوای لە هەموو ئەو سینەمادۆستانە کرد کە فیلم بەرهەم دەهێنن و سەیری فیلم دەکەن و گرنگی پێدەدەن بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕێژەی بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی پێشووی فێستیڤاڵەکەدا زۆر بەرز بووە، چاوەڕوانیش دەکەین ئەمساڵ دووبارە هەمان ئارەزووی سینەمادۆستان هەبێت، ئێمە دەزانین کە شوێنکەوتوانی فیلمی ئامەد بیری فێستیڤاڵەکە دەکەن و ئێمەش لەسەر ئەم بنەمایە کارەکانمان بێ وەستان بەردەوامن.

 

فێستیڤاڵی فیلمی ئامەد بۆ فیلمە دۆکیۆمێنتاریەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١١ بەڕێوەچوو، لە ساڵی ٢٠٢٠ بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ڕاگیرا، ئەمساڵیش فێستیڤاڵەکە ھەشتەمین خولی خۆی ئەنجام دەدات و چەندین فیلمی دیکۆمێنتاری و فیلمی کورت و درێژ بەشداری تیادا دەکرێت.