پێشانگای"دیالۆگ لەگەڵ ئاو" لەلایەن ژنە هونەرمەندان لە مەراکش کرایەوە
هونەرمەندانی مەغریبی ناجیا مۆرابیت و فاتیحە بۆولمانە دەڵێن “ژیانێک بەبێ ئاو نییە” دەیانەوێت لەگەڵ پێشانگایەکدا هۆشیاری لە گرنگی ئاو بەرز بکەنەوە.

ڕەجا خەیرات
مەغریب - لەکاتێکدا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەمڕۆدا زۆرترین هەستی پێدەکرێت لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، شارەزایانی بواری ژینگە و ئاو و لێکۆنەران لە مەغریب هۆشداری دەدەن سەبارەت بە کەمی ئاو لەو وڵاتەدا. دوو ژنە هونەرمەندی مەغریبی بە ناوەکانی ناجیا مۆرابیت و فاتیحە بۆولمانە، پێشانگای هونەری خۆیان بە ناو"دیالۆگ لەگەڵ ئاو" لە مۆزەخانەی ئاو لە مەراکش کردەوە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک بۆ گرنگی ئاو و ژینگە ڕابکێشن. پێشانگاکە لە نێوان ١-٣٠ی ئاداردا بۆ سەردانکەران کراوە دەبێت.
"ئێمە ویستمان هۆشیاری بەرز بکەینەوە"
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکەمان سەبارەت بە پێشانگاکە، هونەرمەند ناجیا مۆرابیت وتی: بەڕێکەوت نییە کە ئێمە مۆزەخانەی ئاومان لە شاری مەراکش هەڵبژارد بۆ ڕێکخستنی پێشانگاکە لەگەڵ نیگارکێش فاتیحە بۆولمانە، هیچ بوارێکی تر نەبوو کە بتوانین جەخت لەسەر گرنگی ئاو و ڕۆڵی لە ژیانماندا بکەینەوە.بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند فاتیحە بۆولمانە، بڕیارماندا دەست لێدانی هونەری خۆمان بهێنین بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە گرنگی ئاو و دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئاوی ژیانی لەسەر ئاستی جیهانی.
"ژیانێک نییە بەبێ ئاو"
نیگارکێش فاتیحە بۆولمانە ئاماژەی بەوەدا کە هونەرمەندێک کە بە ڕەنگی ئاو یان ڕەنگ کاردەکات زۆر باش گرنگی ئاو دەزانێت وتی: وشکەساڵی لەم ساڵانەی دواییدا کاریگەرییەکانی خۆی لە مەغریب نیشانداوە. هەر بۆیە من و هونەرمەند ناجیا مۆرابیت ویستمان کە سەرنجمان لەسەر تەوەری ئاو بێت. ژیان بەبێ ئاو نابێت و لەم ڕوانگەیەوە وردەکاری سادەمان هەڵبژارد ،کە تەنیا لە ڕێگەی ئاوەوە دەمانتوانی دەریببڕین. بۆیە من لە وێنەکانمدا ماسیم دەکێشا. چونکە هەموو زیندەوەران بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە زیانیان پێدەگات و ویستم ماسی وەک هێمایەک بکێشم کە پێویستیان بە ژینگەیەکی تەندروست هەیە بۆ ئەوەی بژین.
"هونەری بیندراو ڕێگەیەکی بەهێزە"
فاتیحە بۆولمانە ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە ڕێگەی وێنەکانەوە جەختیان لەسەر گرنگی ئاو لە ژیانی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە کردەوە و لە کۆتایی قسەکانیدا بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی کرد: بڕیارماندا لەگەڵ ناجیا مۆرابیت پێشانگایەکی دووانە دروست بکەین. لە داهاتوودا کار لەسەر ئەو پرسانەی تریش دەکەین کە پەیوەندییان بە مرۆڤایەتییەوە هەیە. هونەری بینراو ڕێگەیەکی بەهێزە بۆ دەربڕینی پرسە ژینگەییەکان. هونەری ژینگەیی تەنیا لە جوانیناسیدا سنووردار نییە، بەڵکو دەتوانێت هۆشیاری کۆمەڵایەتی باشتر بکات و یارمەتی باشترکردنی هەڵسوکەوتی تاکەکان بدات. سەرچاوەکانی ئاو پێویستە بپارێزرێن بۆ بەردەوامیی ژیان لەسەر هەسارەکەمان. لە هەمان کاتدا هاوسەنگییەک لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا دروست بکرێت و هۆشیاری ژینگەیی لە چوارچێوەی ئەمەدا دروست بکرێت.