هونەرمەندێکی ئوردنی کە فڵچەی بوو بە ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی بێدەنگی و نووسینی چیرۆکی ژنان

هونەرمەند دیما ئەبو شەرخ نموونەی ژنێک بەرجەستە دەکات کە هونەری گۆڕی بۆ کەشی دەربڕین و بەرخۆدان و چاکبوونەوە، تابلۆکانی دەبنە درێژکراوەی دەنگ و ئەزموونی ژنان، پەیامێکی مرۆی کە سنووری ڕەنگ و شێواز تێدەپەڕێنێت.

بەرائەت ئەکرەم

ئوردن – لە دیمەنی کولتووری و پەروەردەیی ئوردندا، کەسایەتییە ناوازەکان سەرهەڵدەدەن کە توانیویانە ڕۆڵە نەریتییەکان و سنووردارکردنە کۆمەڵایەتییەکان تێپەڕێنن بۆ ئەوەی ڕێگاکانییان دروست بکەن، لە نێو ئەو کەسایەتییە ئیلهامبەخشانەدا، دیما ئەبو شەرخ، هونەرمەند و توێژەری پەروەردەیی ئوردنی هەیە کە سەرکەوتوو بووە لە گۆڕینی هونەر لە ئامرازێکی تەنها بۆ دەربڕینی جوانکارییەوە بۆ ئامرازێک بۆ بانگەشەکردنی کۆمەڵایەتی و چارەسەری دەروونی و پاراستنی یادەوەری مرۆڤ.

 

دیما ئەبو شەرخ، دایکی پێنج منداڵە، مامۆستایە لە قوتابخانەیەکی ئۆرتۆدۆکس و توێژەرێکی تایبەتمەندە لە بابەتەکانی ژنان، پێی وایە تابلۆ تەنها کەشی ڕەنگەکان نییە، بەڵکو کەشی چیرۆک و ئازار و هیوایە، هونەر هێزی ئەوەی هەیە نیشتمانەکان بەڵگەدار بکات و برینەکان چاک بکاتەوە کە وشەکان ناتوانن پێناسەی بکەن.

 

 

لە لەدەستدانی خودەوە بۆ خۆ چاکبوونەوە

 

پەیوەندی دیما ئەبو شەرخ لەگەڵ هونەر لە سەرەتای منداڵییەوە دەستیپێکرد، کاتێک وێنەکێشانەکانی سەرسامی لە پێشانگای قوتابخانەکاندا کۆکردەوە، بەهرەیەکی سەرنجڕاکێشی دەرخست، بەڵام ڕێبازی ژیان، وەک ڕێبازی زۆرێک لە ژنان، بەرەو بەرپرسیارێتی خێزانی و داواکارییە کۆمەڵایەتییەکانی برد، ئەمەش وای لێکرد کە نوقم بێت لە نموونەی "ژنە ئازاکە"دا، چاوەڕوان دەکرا لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بێت و لە هەمان کاتدا خەون و پێداویستییە کەسییەکانی دواخست.

 

بەڵام ساتێکی سەرەکی ژیانی خۆی لە قاڵب دایەوە، دیما ئەبو شەرخ باسی ئەو قۆناغە دەکات و وتی: لەناکاو هەستم کرد دیما ون بووە، ڕۆحم لەناو بەرپرسیارێتیەکاندا کاڵ بووەتەوە، هەر لەو کاتەدا بوو کە بڕیارمدا لە ڕێگەی نووسین و وێنەکێشانەوە خۆم بدۆزمەوە، هەروەها جارێکی دیکە فڵچەم هەڵگرتەوە و دەستم بە گەشتێکی چالاکانەی خۆپەروەردەکردن کرد، لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و هەڵەوە فێربووم، تابلۆکانم لەناوبرد تەنها بۆ ئەوەی دووبارە بونیادیان بنێنمەوە، تەنها بە دەنگی ناوەوەم و خولیای هونەرم ڕێنماییم دەکرد.

 

ڕێگاکە بێ ئاڵەنگاری نەبوو، لە ڕۆژانی سەرەتای ژیانیدا بەهۆی هۆکاری کولتووری و ئایینیەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایی خێزانی بووەوە لە پراکتیزەکردنی پەیکەرسازی، بەڵام پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی گەشتەکەی کرد و دووپاتیکردەوە، کە کارە هونەریەکانی لە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ناسنامە و ڕۆحی خۆی زیاتر نییە، ”ئەمە منم و ئەمە ڕۆحی منە".

 

 

هونەری خۆبەخۆ... پلاتفۆرمێک بۆ داکۆکیکردن لە ژنان

 

سەرەڕای نەبوونی مەشقی فەرمی هونەری، دیما ئەبو شەرخ وەک هونەرمەندێکی خۆفێردراو زمانی بینراوی ناوازەی خۆی دروستکردووە، پێی وایە هونەری ڕاستەقینە بە کامڵبوونی تەکنیکی ناپێورێت، بەڵکو بە توانای دەربڕینی ڕەسەنی هەست و ئەزموونەکانی مرۆڤ، وتی: هونەر دۆخێکی سۆزداری و دەروونی و جەستەییە، هەم پەیامێکە و هەم چێژێکی بینراوە، مەرج نییە تەواو بێت، وەک ئەوەی هەندێک چاوەڕوانی دەکەن.

 

لەکاتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە توێژینەوەی ژنان لە زانکۆی ئوردن، تێگەیشتنێکی قووڵتری لە پرسەکانی ژنان و ئاستەنگە هاوبەشەکانیان پەرەپێدا، لەو کاتەوە هونەر بووەتە ئامرازێک بۆ داکۆکیکردن و ڕێگەیەک بۆ گەورەکردنی دەنگی ئەو ژنانەی کە زۆرجار ئەزموونەکانیان پەراوێز دەخرێن.

 

لە هەر تابلۆیەکدا وێنەی ژنێک بیر دەهێنێتەوە کە دەیناسێت یان لە ژیاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە: کچەکەی، دایکی، هاوڕێیەکی یان تەنانەت کەسێکی نامۆ کە لە شەقامدا تێپەڕیوە، یەکێک لە بەرهەمە هەرە بەنرخەکانی تابلۆی "ژنە خیانەت لێکراوەکە"یە، کە ژنێک بە باوەڕ و خۆڕاگرییەوە ڕووبەڕووی سەختی و تەنهایی ژیان دەبێتەوە، دەورە دراوە بە خۆرێکی گەرم کە ئامڕازی پشتیوانی خوداییە و ئەو هیوایەی کە بەهێزی دەکات بۆ کۆڵنەدان.

 

 

یادەوەری فەڵەستین لە نێوان هونەر و ئازاردا

 

بەرژەوەندی دیما ئەبو شەرخ تەنها لە پرسی ژناندا سنووردار نەبوو، درێژ بووەوە بۆ نیگەرانییە نیشتمانی و مرۆییەکان، لە پێشانگای "ئازادی"دا کە لە شاخی ”لویبدە” بەڕێوەچوو، ئەزموونێکی هونەری ناوازەی پێشکەش کرد کە کارەساتی ئاوارەبوونی فەڵەستینییەکانی بیرهێنایەوە و چەمکەکەی بە "شێتانە" پێناسە کرد.

 

ئەو کەشی چۆڵ و وێرانەی هەڵبژارد و گۆڕی بۆ ژینگەیەکی زیندوو کە چیرۆکی ڕەوەند دەگێڕێتەوە لە ڕێگەی وێنە و ڕووناکی و توخمە بینراوەکانەوە کە ڕێگە بە سەردانکەران دەدات ئەزموونی لەدەستدانی زەوی و ماڵ و ناسنامە بکەن.

 

سەبارەت بە ژنانی فەڵەستینی وتی: ئەوان نموونەی هێز و سەرکردایەتین، بەڵام لەناو خۆیاندا ئازارێکی بێئەندازە هەڵدەگرن. لە پشت وێنەی خۆڕاگرییەوە زیانی ڕۆژانە و سووڕێکی بێکۆتایی بێبەشبوون هەیە، لە ماڵەوە تا منداڵ و تەنانەت بچووکترین وردەکارییەکانی ژیان.

 

 

"هیڤن هاڤن"... شوێنێکی پارێزراوە بۆ چاکبوونەوە و داهێنان

 

دیما ئەبو شەرخ بڕوای بە گرنگی دابینکردنی ژینگەی پاڵپشت بۆ ژنان و هونەرمەندان، پڕۆژەی تایبەتی خۆی بەناوی(Heaven Haven) "پەناگەی بەهەشت" دەستپێکرد، کە ستۆدیۆیەکی هونەری و کەشی پارێزراوە و ڕێگە بە بەشداربووان دەدات دوور لە فشارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان مەشقی وێنەکێشان و پەیکەرسازی و مۆسیقا بکەن.

 

پڕۆژەکە تەنها بە سێ کچ دەستی پێکرد، بەڵام بە خێرایی گۆڕا بۆ کۆمەڵگەیەکی بچووک کە تاکەکانی داهێنەر کۆدەکاتەوە، کە بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێن بۆ دەربڕینی خۆیان و وەرگرتنەوەی هاوسەنگی دەروونییان لە بەرامبەر ئەو فشار و توندوتیژییە دیجیتاڵی و کۆمەڵایەتییانەی ژیانی سەردەمی سەپێنراون.

 

 

پەروەردە وەک پەیامێک بۆ گۆڕانکاری

 

خولیای دیما ئەبو شەرخ بۆ هونەر و پرسی ژنانیش لە کارە پەروەردەییەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، لە منداڵییەوە، پەروەردەی وەک ئەرکێک سەیر کردووە کە سنووری پیشەیەک تێدەپەڕێنێت، ئەمەش وای لێکردووە چەمکە ڕەگەزییەکان لە ژینگەی پەروەردەدا تێکەڵ بکات بە شێوەیەک کە ڕێز لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی ئوردن و بەها کولتوورییەکانی بگرێت.

 

ئەو وانە پەروەردەییە هەستیارەکانی ڕەگەزی پەرەپێدا، هانی خوێندکارانی پۆلی حەوتەمی دا بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەییان، هەروەها چارەسەری هونەری و دراما و ڕاهێنانی هەناسەدانی خستە ناو پرۆسەی پەروەردەییەوە بۆ بەرزکردنەوەی تەندروستی دەروونی خوێندکاران و باشترکردنی باشی سۆزدارییان.

 

ئەم ڕێبازە داهێنەرە ناساندنی بەرفراوانی بەدەستهێنا، کە گەیشتە لوتکە بە بردنەوەی خەڵاتی نایابی دوبەی لە پەروەردەدا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، ئەمڕۆش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی شێوازەکانی تێکەڵکردنی خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پۆلەکاندا بە شێوەیەک کە مافەکانیان بپارێزێت و پشتگیری لە خۆشگوزەرانی دەروونییان بکات.

 

 

ئەو ژنانەی ئیلهامیان دروست کردووە

 

دیما ئەبو شەرخ بەشێکی زۆری هێز و ئیلهامەکەی لە چوار ژنە کاریگەر وەردەگرێت کە جێپەنجەیەکی بەردەوامیان لەسەر مێژوو و هونەر بەجێهێشتووە، کلیۆپاترا و حتشەپسوت، کە خولیای زانست و زانیاری بەرجەستە دەکەن، هند بنت عتبە کە ناوەکەی هاوواتای هێز و سەرکردایەتییە؛ هونەرمەندی مەکسیکی فەریدا کاهلو کە ئازارە کەسییەکانی خۆی گۆڕی بۆ بەرهەمی هونەری بێ کات کە کاریگەری قووڵی لەسەر کۆمەڵگەکەی هەبوو.

 

ئەو ئاواتەخوازە منداڵەکانی شانازی پێوە بکەن، هەروەک چۆن منداڵی ئەو ژنە ئیلهامبەخشانە شانازییان بە دایکی خۆیانەوە دەکرد، سەرکەوتنی ئەویش ببێتە وانەیەکی پراکتیکی بۆیان سەبارەت بە بەهای ماندووبوون و باوەڕ بەخۆبوون.

 

 

پەیامێک بۆ هەموو ژنێک

 

دیما ئەبو شەرخ چیرۆکەکەی بە پەیامێک بۆ هەموو ژنێک کە لەگەڵ ململانێی ڕۆڵدا خەبات دەکات و ئەو تاوانبارییە بەردەوامەی کە هەستی پێدەکات لە نێوان خێزان و ویستدا کۆتایی پێدەهێنێت، وتی: سەرکەوتنی کەسی دژایەتی ژیانی خێزانیی نییە، بەڵکو بەهێزی دەکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: منداڵەکانمان زۆر حەز دەکەن ئێمە بەهێز و سەرکەوتوو و جیاواز ببینن، کاتێک خۆتت خۆشدەوێت و سنوورێکی ڕوون بۆ کات و پێداویستییەکانت دادەنێیت، توانای زیاترت دەبێت بۆ بەخشینی خۆشەویستی و پشتیوانی بە خێزان و کۆمەڵگەکەت، خۆت بە، ئەو کەشە بە خەونەکانت بدە کە شایەنیەتی.