لەنجە ئازاد؛ لە ١٣ ساڵ دانەمەزاراندن و بێکاریی بۆ خاوەنکارو داهاتی سەربەخۆ
لەنجە ئازاد دەرچوویەکی شاری کۆیەیە، کە دوای ١٣ ساڵ لە بێکاری و نەبوونی دامەزراندن، ڕێگەیەکی جیاوازی هەڵبژارد، هونەر و سەلیقەی خۆی بردە ناو ماڵەکەی و لە ڕێگەی پەرەیەکی ژیانی ڕۆژانەو شێوازی ژیانییەوە، بێکاریی گۆڕی بۆ داهات و ناوبانگ.
شلێر کۆیى
کۆیە_ لەنجە ئازاد، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە لە شاری کۆیە. دوای ١٣ ساڵ لە دەرچوونی، وەک ئەو هەزاران دەرچووەی زانکۆ و پەیمانگاکان، هێشتا بێومێد نییە و چاوەڕێیە ڕەنج و ماندووبوونی ساڵانی خوێندنی ببینێت، ماوەی دوو ساڵە دەستی کردووە بە دانانی پەڕەیەک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات و هاوکارێکە بۆ خێزانەکەی.
لەنجە ئازاد قسەی بۆ ئاژانسەکحەمان کردو وتی: لەبەر منداڵەکانم نەمتوانی لە کەرتی تایبەتیشدا کار بکەم، بۆیە لە ماڵەوە دەستم بە کارکردن کرد، ئێستا کۆمپانیاکان خۆیان پێشنیازی براندەکانیان دەکەن، لە ڕێگەی پەیجەکەمەوە کە شێوازی ژیانی ڕۆژانەیە (لایڤ ستایل)، هەلی کارێکم بۆ خۆم ڕەخساندووە؛ کۆمپانیاکان داوای ڕیکلام بۆ بەروبووم و کەلوپەلەکانیان دەکەن، منیش لە پەیجەکەمدا بڵاویان دەکەمەوە، جگە لە کاری ڕیکلامەکە، لەگەڵ ئەو ژنانەی بینەرمەن زۆر سوود لە یەکتر دەبینین و زۆرجار گفتوگۆ دەکەین، بەڵام من ڕۆژانە کاری فێرکاریی خواردن دانانێم، تەنیا ئەو ڕۆژانەی خۆم چێشت لێدەنێم، نیشانیانی دەدەم، بینەرەکانم زۆر حەز بەو خواردنانە دەکەن کە من دروستی دەکەم، هەندێک جار داوای فێرکاریش دەکەن و بۆیان دەکەم. بەبۆجوونی من، خواردن دەستڕەنگینی و سەلیقەی دەوێت؛ مەرج نییە خواردنەکە چی تێدایە یان هەر دەبێت گۆشتی تێدابێت، بەڵکو ژنەکان خۆیان دەزانن چۆن تام و چێژ بدەن بە خواردن و تێکەڵی خۆشەویستی بکەن. ڕۆژانە من هەموو کاتم لەو چێشتخانە دوو مەترییەدا بەسەر دەبەم، ڕاستە ماڵەکەم بچووکە، بەڵام بۆ من زۆر گەورەیە و دەتوانم هەموو کارەکانمی تێدا بکەم.
هەموو ڕۆژێک ڕۆژێکی نوێیەو گفتوگۆ لەگەڵ ژنان دەکەم"
لەنجە ئازاد وتیشی: پێش دەستکردنم بەو کارە، زۆر لام ناخۆش بوو کە چەندین ساڵ خوێندنم کرد و دانەمەزرام، بۆیە بیرم کردەوە کارێکی سەربەخۆم هەبێت و ڕۆژانی ئاسایی خۆم بەش بکەم لەگەڵ بینەرەکانم. هەرچۆنێک بێت ئیشی ناوماڵ هەمووی دووبارەیە، بەڵام لای من هەموو ڕۆژێک ڕۆژێکی نوێیە؛ ڕۆژانە لە ڕێگەی ئەکاونتەکانمەوە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵێک لە ژنان دەکەم و کەسانی نوێ دەناسم، وادەزانم لە دەرەوە دەوام دەکەم و هەست ناکەم لە ماڵەوە بەتەنیا بم، کارەکەشم زۆر خۆش دەوێت.
"بە ژن دەڵیم: خۆت پالپشتی خۆت بە"
سەبارەت بە قورسیی کارەکەی، لەنجە وتی: هەموو کارێک کاتی پێویستە و کارەکان ئاسان نین وەک ئەوەی بینەر دەیبینێت، چونکە هەندێک لە کۆمپانیاکان کاری زۆر باشیان دەوێت و دەبێت زۆر ماندوو بم تا ئامادەی دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هەموو ژنێک دەڵێم: گەر لە تواناتدا بوو کارێک بکەیت و بڕوات پێی بوو، بیکە و خۆت پاڵپشتی خۆت بە. من کە سەرەتا دەستمپێکرد، خۆم هانی خۆم دا کار بکەم، گەرنا دەستپێکردن بە کاری ڕیکلام و دەرکەوتن قورس بوو، بەڵام دوایی کە ئاشنا بووم بەو هەموو ژنە باشە، زۆر دڵم خۆشە پێیان؛ بەتایبەت کاتێک لە دەرەوە دەمبینن و دەڵێن ئەوە تۆیت؟ ئەمە هەستێکی زۆر خۆشە بۆ من و ئەوانە پاڵپشتی منن.
لەنجە ١٣ ساڵە خوێندنی تەواو کردووە، بەڵام هێشتا بێهیوا نەبووەو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هێشتا خەون بەوە دەبینم کە دابمەزرێم و هێشتا بەو ئومێدەوەم ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕەنجی ماندووبوونمان ببینم.