لە نێوان وشە و وێنەدا؛ ژنێکی لوبنانی لە ئاوێنەدا بەدوای خۆیدا دەگەڕێت

ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەبیرچوونەوە و پەراوێزخستن، ناسنامەی کولتووری خۆیان دروست دەکەن. لە کاتی قەیرانەکاندا، داهێنان وەک پانتاییەک بۆ گەڕان بەدوای مانا و بنیاتنانەوەی یادەوەری بەکۆمەڵدا دەمێنێتەوە؛ کە وشە و وێنە مێژوو دەپارێزن و بەبێ شێواندن دەینووسنەو

فادیا جۆمعه

بەیروت- لە دونیایەکدا کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پرسی شوناس و مانا زیاتر بەرچاو دەکەوێت، هونەر و ئەدەب وەک دوو پەنجەرەی گەش، دەرفەت بۆ بیرکردنەوە لە مێژوو و کۆمەڵگا و خود دەڕەخسێنن. لە شیعرەوە بۆ سینەما، گێڕانەوەی نوێ و ڕەسەن پێکدەهێنن و دەبنە ئاوێنەیەک لە بەرامبەر تەحەددای تاکەکەسی و دەستەجەمعیدا. بەتایبەتی کاتێک ژن هەنگاو دەنێتە سەر شانۆی کولتوور و داهێنان، نەک هەر ئاسۆی هۆشیاری فراوانتر دەبێت، بەڵکو پێکهاتە کۆن و جیاکارییەکانیش دەلەرزن.

لەم چاوپێکەوتنەدا حەنان فارفور شاعیری لوبنانی باسی لە ڕۆڵی هونەر لە بنیاتنانەوەی یادەوەری نەتەوەیی و مانای دەربەدەری و دەربەدەری ناوەکی داهێنەرانە و کاریگەری ڕووداوە ماڵوێرانکەرەکانی لوبنان لەسەر زمان و مانا کرد. ئەو پێی وایە ئەدەب بە پێچەوانەی مێژووی فەرمی، هەست و ئەزموونە ژیاوەکان دەگێڕێتەوە؛ بیرخستنەوەیەکی ڕاستگۆیانە بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکان بە چیدا تێدەپەڕن.

 

لە ڕوانگەی ئەوەوە، نووسینی ژنانە بە مانای سنوورداربوون بە چەشنە ڕەگەزییە کۆنەپەرستانەکان نییە، بەڵکو نیشانەی ئازادکردنی دەنگی مرۆڤ و دۆزینەوەی شوێنێکی سەربەخۆیە بۆ قسەکردن لەسەر خۆی و جیهان. نووسین وەک بەرخۆدان لە دژی لەبیرچوونەوە، بەرامبەر جیهانێک دەبینێت کە ناسنامەی گەلان قووت دەدات و مێژوو دەشێوێنێت.

لەم چاوپێکەوتنەدا، حەنان فارفور نووسین تەنیا بە دەربڕینی کەسی نازانێت، بەڵکو پاراستنی زمان و یادەوەری و ڕۆحی بەکۆمەڵیش دەزانێت. کردەوەیەکی هۆشیارانە بۆ پاراستنی شوناسی کولتووری لە بەرامبەر داڕمانی ئەخلاقی و هێرشی سەرمایەداریی بێ سنوور.

 

لە دونیایەکدا کە حەقیقەت لە ژێر خۆڵەمێشی پڕوپاگەندەدا شاراوەتەوە، دەنگی شاعیر، دەنگی هونەرمەند، هێشتا دەتوانێت ببێتە کرانەوەیەک بۆ بینین و تێگەیشتن و بەرەنگاربوونەوە.