لە لایەک شەڕە، لە لایەکی ترەوە هونەر

شیفا وەلیدی تەمەن ١٩ ساڵ بەردەوامە لە کێشانی تابلۆی گەورە بە دەستەکانی، تەنانەت لە کاتێکدا چەتەکان بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر ناوچەکە، شیفا دەڵێت: دەمەوێت ئەم هونەرە فێری منداڵانی بچووک بکەم و وانەی وێنەکێشانیان پێبدەم.

زەینەب عیسا

 

 قامیشلۆ – لە ناو هەلومەرجی سەختی ژیاندا، هونەر هەرگیز ناوەستێت، لە سەردەمێکدا کە هێرش بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت، هونەریش بەرەنگاری دەبێتەوە، ئەو ژنانەی کە لە لایەک بەرگری لە خاکی خۆیان دەکەن، لە لایەکی ترەوە هەوڵی درێژەدان بە هونەرەکەیان دەدەن، ئەو کەسانەی هونەر دروست دەکەن لە ڕێگەی هەستەکانیانەوە زۆر شت دەردەبڕن.  ژنان، بەتایبەت ئەوانەی بە هەستیاری و خۆشەویستی ژیان ناسراون، بەسەر ئەمەدا زاڵ دەبن.

 

 لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە پەیامی 'ئێمە بوونمان هەیە' دەنێرێت

 ژنان لە ڕێگەی هەستەکانیانەوە زۆرێک لە بەها مرۆییەکان بەرجەستە دەکەن و دەریدەبڕن، ڕەنگ و پێکهاتەیەکی جیاواز بە جیهان دەبەخشن، هەروەها هیوا و باوەڕیی ژنانی گەنج هێزێکی گەورە بە کۆمەڵگایەکی ئازاد دەبەخشێت، ژنانی گەنج پەرە بە هونەر دەدەن و پەیامی 'ئێمە بوونمان هەیە' بۆ جیهان دەنێرن، ژنێکی گەنج بە ناوی شیفا وەلید یەکێکە لەو ژنانە و تەمەنی ١٩ ساڵە، شیفا خەڵکی شاری قامیشلۆیە لە کانتۆنی جزیرە و بە دەستی خۆی تابلۆی گەورە دەکێشێت، شیفا بە جۆش و خرۆشەوە توانای وێنەکێشانی خۆی بۆ ئاژانسەکەمان باس کرد.

 

"لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ەوە خەریکی وێنەکێشانم"

 شیفا وەلید ئاماژەی بەوەکرد، لە منداڵییەوە خۆشەویستی بۆ وێنەکێشان هەیە و و وتیشی: کاتێک بچووک بووم هەستم دەکرد وێنەکێشانم زۆر خۆشدەوێت و بەهرەیەکم بۆی هەیە، پێشتر زۆر وێنەم دەکێشا، سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ دەستم بە وێنەکێشان کردووە، ئامانجم ئەوە نییە کاتم بەفیڕۆ نەدەم، کاتێک مرۆڤ وێنە دەکێشێت، هەستی ناوەوەی خۆی لەڕێگەی وێنەکێشانەوە دەردەبڕێت.

 

 سەرەتا بە قەڵەمی خەڵوز کێشراوە

 سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو تابلۆیانەی کە کێشاویەتی،، شیفا ڕایگەیاند کە شێوازێکی دیاریکراوی نییە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: چونکە من بە هەر شێوەیەک بێت وێنە دەکێشم، نزیکەی ١٠ تابلۆم هەیە، سەرەتا لەسەر لاپەڕە و بە قەڵەمێکی خەڵوز وێنەم دەکێشا، پاشان بینیم وێنەی زۆر جوان دەکێشرێن، بۆیە دەستم کرد بە دروستکردنی تابلۆی گەورە و بە ڕەنگی زەیتی کێشام، من هەندێک کێشەم لەگەڵ سێبەر و ڕووناکیدا هەیە و هەمان شت بۆ دەربڕینی دەموچاویش دەگوزەرێت، چونکە ڕەنگەکە بە خێرایی کاڵ نابێتەوە.

 

 لە هەموو فێستیڤاڵێکدا خەڵاتی بەدەستهێناوە

 شیفا وەلید ژمارەیەک تابلۆی کێشاوەو لە چەند پێشانگاییش بەشداری کردووە و لەم بارەیەو وتی: لە چەندین پێشانگادا بەشداریم کردووە، لە فێستیڤاڵ و پێشبڕکێکانی شارەکانی قامیشلۆ و کۆبانێ و ڕەققە بەشداریم کردووە، لە هەموو فێستیڤاڵێکدا خەڵاتم بەدەستهێناوە، ئەو تابلۆیەی زۆر سەرسامی کردم وێنەی داپیرەم بوو، کاتێک وێنەی داپیرەم کێشا، زۆر دڵخۆش بووم، ئەو تابلۆیە بۆ من مایەی شانازی بوو.

 

 'دەمەوێت ژن و منداڵ فێری وێنەکێشان بن'

 شیفا وەلید تیشکی خستە سەر پڕۆژەکەی بۆ پەروەردەکردنی منداڵان و لە کۆتاییدا وتی: دەمەوێت لە داهاتوودا چەندین تابلۆ دروستبکەم و پێشانگایەکی تایبەت بۆ خۆم بکەمەوە، ئێستاش خەریکی پڕۆژەیەکم، کاردەکەین بۆ پێدانی پەروەردەی وێنەکێشان بۆ منداڵان و فێرکردنی چۆنیەتی وێنەکێشان، هەر ژنێکی گەنج لە تەمەنی مندا دەتوانێت لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بێت و لە قسەکانی کۆمەڵگە نەترسێت.