لە جزیرەی رۆژئاوای کوردستان ئامادەکاری بۆ ١١ێەمین فێستیڤاڵی منداڵان دەکرێت

بێریڤان بۆتان، ئەندامی کۆوردیناسیونی هیلالی زێڕین لە شاری قامیشلۆ دەڵێت: چوار مانگە بە پێشەنگایەتیی هیلالی زێڕین و تەڤ-چاندی مازۆپۆتامیا ئامادەکاری بۆ ١١یەمین فێستیڤاڵی منداڵان دەکرێت.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ – فێستیڤاڵەکانی منداڵان بۆنەیەکی گرنگی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتین کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دانانی زەردەخەنە لەسەر ڕووخساری منداڵان و دروستکردنی کەشی پارێزەراو بۆ خۆشی و فێربوون و پەیوەندیکردن، تەنها خۆش نین، بەڵکو بەشدارن لە پەرەپێدانی خەیاڵ و زیادکردنی متمانە بەخۆبوونی منداڵان و چاندنی بەهاکانی هاوکاری و خۆشەویستی و سەربەخۆیی، لە هەمانکاتدا ئەم فێستیڤاڵانە دەرفەت بۆ خێزانەکان و کۆمەڵگەکان دەڕەخسێنن کە لە دەوری چالاکییە واتادارەکان کۆببنەوە کە پابەندبوون بە منداڵی وەک بناغەیەک بۆ بونیادنانی داهاتوو نیشان دەدەن.

 

ئەمساڵیش بە پێشەنگایەتیی هیلالی زێڕین و هاوکاریی تەڤ-چاندی مازۆپۆتامیا ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی منداڵان دەکرێت، جێگەی باسە کە ئەمساڵ؛ ١١یەمین ساڵە کە ئەم فێستیڤاڵە لە شاری ریمێلان لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت.

 

سەبارەت بە ئامادەکارییەکان، بێریڤان بۆتان، ئەندامی کۆوردیناسیونی هیلالی زێڕین و لە هەمان کاتدا ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە بۆ پەیامنێری ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

بێریڤان بۆتان لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە ١١یەمین فێستیڤاڵی منداڵانە کە بەڕێوەدەچێت و وتی: وەک هەمیشە لە ناوەندی ئارام تێگرانی شاری ریمێلان بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە ١ی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات و لە ٣ی ئەیلوولیش بە سەرکەوتنی هەر گروپێک و پێشکەشکردنی دیاریی کۆتایی دێت.

 

٣٥ گروپ خۆیان بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵەکە ئامادە کردووە

بێریڤان بۆتان ئەوەشی خستەڕوو کە منداڵان لە چەندین بەشی هونەری وەک مۆسیقا، وێنەکێشی، شانۆ، وێنەی زیندوو دەکێشن و نەخش دەبڕن و وتی: هەر ٣٥ گروپە منداڵەکە بە بەشەکانیان لە مۆسیقا، شانۆ، هەڵپەڕکێ، یاری و پێشانگەی وێنەکێشی بەرهەمەکانیان لە فێستیڤاڵەکەدا پێشکەش دەکەن، هەروەها ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە تەنها لە ئاستی جزیرە بەڕێوەدەچێت، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی جوگرافیای هەرێمەکە کە لە ئەنجامی هێرشە دواییەکاندا دروستبوون، ئەمساڵ تەنها ٣٥ گروپی منداڵ خۆیان ئامادە کردووە، بەپێی ئەوەی پلانی بۆ دانراوە، هەموو ڕۆژێک ١١ بۆ ١٢ گروپ دەچنە سەر شانۆکە.

 

گروپی زۆر سەرکەوتوو و زیرەک هەڵبژێردران

بێریڤان بۆتان جەختی لەوە کردەوە، کە نزیکەی چوار مانگە ئامادەکاری دەکرێت و سەرنجی خستە سەر ئەو گروپانەی کە بۆ فێستیڤاڵەکە هەڵبژێراون وتی: لەبەر ئەوەی ئەمساڵ ئێمە بە دۆخ و گۆڕانکاری جیاوازدا تێدەپەڕین، بێگومان ئەم فێستیڤاڵەش کەمێک جیاواز دەبێت، چوار مانگە منداڵان بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵەکە زیاتر ڕاهێنانیان پێدەکرا و بەپێی ئەوەی داوا دەکرا و پێویست بوو، هاوکاریی منداڵانمان کرد، لە بەدواداچوونی ئێمە بۆ گروپەکانی هەموو شارەکان، لێژنەی ئامادەکاری سەرکەوتووترین و زیرەکترین گروپەکانی هەڵبژارد.

 

نمایشکردنی هەڵپەڕکێی کولتووری لەلایەن منداڵانەوە جێگەی سەرکەوتنە

بێریڤان بۆتان لەسەر ئامانجەکانی ئەم فێستیڤاڵە وتی: لەبەر ئەوەی منداڵان داهاتووی ئێمەن، بۆ ئەوەی پەیوەندی منداڵان بە کولتووری ڕەسەنی خۆیانەوە دروستبێت و کاتەکانیان بە شتی بێبەها بەسەر نەبەن، ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێکی گەورەیە، کاتێک هەر منداڵێک هۆنراوە بە زمانی دایکی دەخوێنێتەوە و نمایشی هەڵپەڕکێی کولتووری خۆی دەکات، جێگەی سەرکەوتنە، گرنگە منداڵەکانمان سەرقاڵی هونەر و کولتووری خۆیان ببن و لەگەڵ یادەوەری و کولتووری دایک، باوک، باپیر و باپیریان گەورە ببن.

 

کاتێک مرۆڤ گڕوتینی منداڵان دەبینێت سەختییەکان لەبیر دەکات

بێریڤان بۆتان بانگەوازی لە هەموو منداڵانی جیهان کرد، کە خاوەندارێتی لە هونەری خۆیان بکەن و لەکۆتای قسەکانیدا وتی: کاتێک منداڵێک فێر دەکەیت، جا چ قوتابخانەیەکی هونەری بێت یان قوتابخانەیەکی خوێندن بێت، بێگومان سەختی و ماندووبوون دروست دەبێت، بەڵام کاتێک مرۆڤ گڕوتینی منداڵان دەبینێت سەختییەکان لەبیر دەکات، گرنگترین شت ئەوەیە کە هەموو منداڵانی جیهان خاوەندارێتی لە هونەری خۆیان بکەن.