دنیا نورەدین لە بەرامبەر دابونهریتدا وەستایەوەو پرۆژەیەکی دامەزراند
لەناو سنووربەندییەکانی کۆمەڵگەو سەختيیەکانی دۆخی عێراقدا، دنیا نورەدین ڕێگەی خۆی دۆزییەوە، خەونە کۆنەکەی بە خاوەندارێتی پەرتوکخانەیەک بۆ پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری گۆڕی، چیرۆکەکەی ڕەنگدانەوەی سووربوونی ژنێکی عێراقیە کە ڕووبەڕووی بەربەستەکان بۆتەوە.
تەمەنی سروی
بەغدا ـ لەو کۆمەڵگەیانەی کە سنووربەندیی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری بەسەر ژندا دەسەپێنن، گەشتی سەرکەوتن تەنها پەیوەندی بە زانست و کارەوە نییە، بەڵکو لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە ژن بڕڕیار دەدات بڕوای بە خۆی و بە مافی خۆی لە خەونبینیندا هەبێت.
ئەزموونی دنیا نورەدین چیرۆکێکی سەرکەوتنی ئاسایی نییە، بەڵکو گەشتێکە کە تێیدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بووەوە، لە بڕیارە کۆمەڵایەتییەکان و پەستانەکانی دابونهریتەوە، تا دەگاتە قەیرانە ئابوورییەکان و بارودۆخە سەختەکانی عێراق بەخۆیەوە بینی، ڕێگەکەی ئاسان نەبوو، بەڵام هەڵیبژارد کە بە سووربوون و خوێندن و کار ڕووبەڕووی بەربەستەکان بێتەوە، بیسەلمێنێت کە ئارەزووی ژن بە تێڕوانینی کەسانی تر سنووردار نابێت، بەڵکو بە توانای بەردەوامبوون و دروستکردنی دەرفەتەکان دیاری دەکرێت.

سەرەتاکان.... لە نێوان شار و گونددا
دنیا نورەدین، ژنێکی گەنجی عێراقییە و تەمەنی ٢٨ ساڵە، ئەزموونی کەسیی خۆی گۆڕی بۆ پرۆژەیەکی ڕۆشنبیریی کە ناوی "عالم كتبي" ”جیهانی پەرتوکەکانم”ە، بۆ ئەوەی ببێتە بەرهەمی ساڵانێک لە هەوڵ و باوەڕ بەوەی کە زانیاری توانای گۆڕینی ژیانی مرۆڤی هەیە، لە نێوان دوو ژینگەی جیاوازدا گەورە بوو، کە هەریەکەیان شوێنەوارێکی دیاری لەسەر پێکهێنانی کەسایەتی و تێڕوانینی بۆ ژیان جێهێشت، لە ساڵانی یەکەمی منداڵیدا، تا تەمەنی پێنج ساڵی، لە ژینگەیەکی شاریدا ژیا کە فراوانییەکی زۆری بۆ خەونبینین پێبەخشی، لەوێ گوێی لە وشەی هاندەر بوو کە هانی دەدا بیر لە داهاتوویەک پڕ لە هەڵبژاردن بکاتەوە.
بەڵام گواستنەوەی دواتری بۆ ژینگەیەکی گوندی جیاواز لە دابونەریتدا، زۆر لە وردەکارییەکانی ژیانی گۆڕی، لەوێشەوە دەستی کرد بە ڕووبەڕووبوونەوەی تێڕوانینێکی کۆمەڵایەتی پارێزگارتر بەرامبەر بە منداڵانی کچ، گوێی لە دەستەواژەکان بوو کە شوێن و ڕۆڵێکی دیاریکراوی بۆ ژن دادەنا، وەک ئەوەی شوێنی منداڵی کچ ماڵەوەیە یان هەندێک هەڵبژاردن گونجاو نییە لەگەڵیدا.
خوێندن... ڕێگەی سەلماندنی خۆی
دنیا نورەدین خوێندنی لەو پانتاییەدا دۆزییەوە کە توانی لە ڕێگەیەوە تواناکانی خۆی دەربخات و ئارەزووەکانی بهێنێتەدی، دوای ئەوەی هەستی کرد کۆمەڵگە سنوور لە بەردەم خەونەکانیدا دادەنێت، وتی: کاتێک هەستم کرد هەندێک لە خەونەکانم ڕەتکردنەوە دەبینن تەنها لەبەر ئەوەی کچم، خوێندنم کردە ڕێگەیەک بۆ سەلماندنی خۆم، باوەڕم وابوو کە زانست ئەو شتەیە کە هیچ کەسێک ناتوانێت لێم بسەنێتەوە، ئەو قۆناغە، سەرەڕای سەختییەکەی، بەشداری کرد لە دروستکردنی کەسایەتییەکەم، چونکە لێیەوە فێری ڕێسایی، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، سووربوون لەسەر بەردەوامبوون بوو سەڕەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان.
ئەو ساڵانە یەکەم دەستپێک بوون لە گەشتێکی درێژدا کە تێیدا هەڵیبژارد خوێندن و کار بکاتە ئامراز بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆی و دروستکردنی داهاتووی، وتی: گەیشتمە قۆناغی ئامادەیی لە یەکێک لە سەختترین سەردەمەکاندا کە عێراق تێیدا تێپەڕی، کاتێک وڵات لەژێر باری تیرۆردا دەژی، کۆنترۆڵکردنی داعش سێبەری قورسی خۆی خستبووە سەر وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە.
دووپاتیکردەوە، کە لەو ساڵانەدا، ترس چیتر پەیوەندی بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان یان سەختی پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە نەبوو، بەڵکو ترس بوو بە بەشێک لە خودی ژیان، وتی: تەنها دەرچوون لە ماڵەوە بڕێک لە دڵەڕاوکێی لەخۆ دەگرت، هەواڵە ڕۆژانەکان پڕ بوون لە توندوتیژی و ئاژاوە و هەڕەشە، ئێمە لە ڕاستییەکدا دەژیاین کە وایکرد داهاتوو نادیار دەردەکەوێت، زۆر لە خەونەکان بۆ کاتێکی نادیار دواخراون، سەرەڕای ئەوەش، ڕەەتیکردەوە ڕێگە بە ترس بدەم بەسەر خەونەکانمدا سەرکەوێت.
”من لەگەڵتم... تۆش خەونەکەت بەدی دێنیت گرنگ نییە سەختییەکان چین." ئەم قسانە ڕەنگە بۆ ئەوانەی گوێیان لێدەبێت سادە دەرکەون، بەڵام بۆ دونیا نورەدین، سەرچاوەیەکی نەبڕاوەی هێز بوون، وتی: هەرکاتێک هەستم دەکرد ڕێگاکە درێژتر بووە لە توانای بەرگەگرتنم، دایکم متمانەی بۆ دەگەڕاندەمەوە، هەرکاتێک گوێم لە کەسێک بوو خەونەکانم بچووک بکاتەوە، ئەوە بیرم دەهاتەوە کە بەهای مرۆڤ لەلایەن کەسانی دیکەوە دیاری ناکرێ، بەڵکو بە چ شتێک ئەوان باوەڕیان بە خۆیان هەیە.
دوو خەون بە هاوبەشی دەڕۆن
خەونی دنیا نورەدین تەنها پەیوەندی بە یەک ئاراستەوە نەبوو، بەڵکو بۆ ساڵانێکی زۆر خەونێکی تایبەت بە خۆی هەڵگرتبوو، کە خاوەندارێتی پەرتوکخانەیەک بێت کە ببێتە شوێنێک بۆ لەرتوک و زانیاری و پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەوانی تردا، دوای سەرکەوتنی لە قۆناغی ئامادەییدا، گەشتی زانکۆیی خۆی دەستپێکرد، کە تێیدا خوێندنی زمانی ئینگلیزی هەڵبژارد، کە ئەمەش پسپۆڕییەک بوو کە ئاسۆی نوێی بۆ کردەوە، پەیوەندییەکەی بە خوێندنەوە و فێربوون و پەیوەندیکردن لەگەڵ جیهاندا بەهێزتر کرد، خۆی لە داهاتوودا لەناو پەرتوکخانەی تایبەتی خۆیدا وێنە دەکرد، لە نێوان ڕەفەکانی پەرتوکدا، دەیخوێندەوە و لەگەڵ کەسانی تردا گفتوگۆی دەکرد و زانیارییەکانی لەگەڵیاندا هاوبەش دەکرد، سەرەڕای ئەوەی کە بەدیهێنانی ئەم خەونە لەو قۆناغەدا دوور دیار بوو، بەڵام دەستبەرداری نەبوو، تا کۆتایی لەگەڵیدا مایەوە تاوەکو دواتر لە بیرۆکەیەکی ناو دەفتەرێکی بچووکەوە گۆڕا بۆ پرۆژەیەکی ڕاستەقینە کە ناوی "عالم كتبي"یە.
لەگەڵ چوونەی بۆ زانکۆ، قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد کە تێیدا تەنها خوێندن ناونیشانی نەبوو، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکانیش کە بارودۆخی ژیان سەپاندبوونی لەگەڵیدا بوون، بارودۆخی ئابووری خێزانەکەی سەخت بوو، هەروەها دووری زانکۆ لە ماڵەوە تێچووی گواستنەوە و خوێندنی کردە بڕێکی زیادتر، بۆیە بڕیاریدا پشت بە خۆی ببەستێت و بەدوای سەرچاوەیەکدا بگڕێت کە یارمەتی بدات لە دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکانی.
کارکردن لە بواری وانەبێژی تایبەتدا هەڵبژارد، سوودی لە ئەزموون و سەرکەوتنی خوێندنی وەرگرت، وتی: کاتەکەم لە نێوان وانەکانی زانکۆ و پێدانی وانەکاندا بەسەردەبرد، پاشان دەگەڕامەوە بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەم، قۆناغەکە ئاسان نەبوو، بەڵام فێری بەرپرسیارێتی و پشت بەخۆبەستنی کردم، زیاترین ئەو پرسیارەی کە ئازاری دەدا کاتی بیستنی لە هەندێک لە خوێندکارەکانەوە ئەوە بوو "سوودی خوێندن چییە ئەگەر چارەنووسمان لە کۆتاییدا ئەوە بێت لە ماڵەوە بمێنینەوە چونکە ئێمە کچین؟"، قووڵایی ئەم پرسیارەی دەزانی چونکە ئەویش هەمان ناکۆکی لە نێوان ئارەزوو و سنوورداریە کۆمەڵایەتییەکاندا ژیا بوو، بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەکردەوە کە خوێندن تەنها بڕوانامە نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ دروستکردنی کەسایەتی، بڕیاردان، خاوەندارێتی توانای هەڵبژاردنی ئەو ژیانەی کە دەیانەوێت.
کاتێک ژن ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی زیادە دەبێتەوە
دوای ساڵانێک لە خوێندن و کار، دنیا نورەدین هەلی کارێکی لە کۆمپانیایەکی تایبەت بە تۆمارکردنی نیشانە بازرگانییەکان لە عێراق بەدەستهێنا، بۆ ئەوەی قۆناغێکی نوێ لە ڕێڕەوی پیشەیی خۆیدا دەست پێبکات، گەورەترین ئاڵەنگاری کە ڕووبەڕووی بووەوە سروشتی کار یان سەختییەکەی نەبوو، بەڵکو هەندێک جار پەیوەندی بە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنی کارمەند هەبوو.
سەرەڕای ئەوەش، ڕێگەی بەو بڕیارانە نەدا کە ئارەزووەکەی سنووردار بکەن یان کاریگەری لەسەر متمانەی بە خۆی هەبێت، بەڵکو فێربوو کە سەرنجی لەسەر کارەکەی و دەستکەوتەکانی بێت، وتی: دوای دەستلەکارکێشانەوەکە، خۆم لە بەردەم پرسیارێکی نوێدا بینییەوە: دوای ئەوە چی؟ پلانێکی ڕوونم نەبوو، بەڵام خەونێکی کۆنم هەبوو کە بۆ ساڵانێک هاوڕێیم بوو، کە خەونی دروستکردنی پەرتوکخانەیەکی تایبەت بە خۆم بوو.
و بەم شێوەیە "عالم كتبي" دامەزرا، تەنها پەرتوکخانەیەک نەبوو، بەڵکو کۆکەرەوەی ساڵانێک لە خەون و ماندووبوون و هەوڵ و سووربوون بوو، دنیا نورەدین ڕوونیکردەوە، کە مامەڵە لەگەڵ پەرتوکخانەکەدا وەک پرۆژەیەک ناکەم، بەڵکو وەک منداڵە بچووکەکەم دەیبینم، شتێک کە لەگەڵمدا گەشەی کردووە، لەگەڵ خەونەکانمدا گەورە بووە، هەموو هەوڵێک کە تێیدا دەیدەم هەست دەکەم وەبەرهێنانە لە خەونێکدا کە بۆ ساڵانێک لەگەڵیدا ژیاوم.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، زیاتر باوەڕی وابوو کە سەرکەوتنی ژن تەنها بەو شتە تەواو نابێت کە بۆ خۆی بەدەستی دەهێنێت، بەڵکو بەو دەرگایانەش تەواو دەبێت کە لە بەردەم ژنانی تردا دەیکاتەوە، ئیرادەی کەسی سەرەتاکەیە، بەڵام پێویستی بە ژینگەیەکی پشتگیریکەریش هەیە کە باوەڕی بە تواناکانی ژن هەبێت و دەرفەتی دەربڕینی خۆی و بەدیهێنانی ئارەزووەکانی پێببەخشێت.
ئاماژەی بەوەدا، کە سەرکەوتنی ژنێک واتای لەدەستدانی ژنێکی تر نییە، بەڵکو زیادکردنە بۆ هەمووان، چونکە هەموو ژنێک کە بەربەستێک دەبڕێت یان دەستکەوتێک بەدەستدەهێنێت ڕێگە بۆ کەسانی تر خۆش دەکات لە ڕێگەی ئەزموونی خۆیەوە، تێگەیشت کە بەهێزکردنی ژن تەنها لە یاسا یان دەزگاکانەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە ناوخۆی خودی ژنەوە دەست پێدەکات، کاتێک باوەڕی بە مافی خۆی لە خەونبینین، خوێندن، کار، بڕیاردان لەو داهاتووەدا هەبێت کە دروستی دەکات.
پەیامێک بۆ هەموو منداڵێکی کچ
لە کۆتایی قسەکانیدا دنیا نورەدین وتى: پەیامم بۆ هەموو منداڵێکی کچ ئەوەیە کە پێش هەموو شتێک باوەڕی بە خۆی هەبێت، ڕێگە بە کەسانی تر نەدات سنووری خەونەکانی بۆ دیاری بکەن، هەروەها ڕووبەڕووی کەسێک ببیتەوە کە دەڵێت خەونت سەختە، یان هەندێک بوار بۆت گونجاو نییە، بەڵام تێڕوانینی کۆمەڵگە مەکە بە هۆکارێک بۆ دەستبەرداربوون لە ئارەزووەکەت، ئەو ڕێگەیە هەڵبژێرە کە لە تۆ دەچێت، دەست بەو شتەوە بگرە کە باوەڕت پێیەتی، چونکە ئەو ڕێگەیەی کە بە دەستی خۆت دروستی دەکەیت، سەرەڕای سەختییەکەی، زۆر بە نرختر دەبێت لەو ڕێگەیەی کە کەسانی تر بۆت هەڵدەبژێرن.
ئەمە تەنها ژیاننامەیەکی کەسی نییە، بەڵکو شاهیدییە لەسەر هێزی ئیرادە، چیرۆکی ژنێکی عێراقی کە باوەڕی وابوو کە خەونەکان دەستنەکەوتوون، بەڵکو بە زانست و کار و سووربوون دەسەنرێن، لە هەموو وێستگەیەکی ژیانیدا، دنیا نورەدین سەلماندی کە ژن داوای لێناکرێت مافی خۆی لە خەونبینیندا بسەلمێنێت، بەڵکو مافی خۆیەتی ژیانی خۆی بە تەواوی بەپێی ئەوە بژی کە باوەڕی پێیەتی، کە ئەمەش بانگهێشتێکە بۆ هەموو منداڵێکی کچ کە ڕێگە نادات ترس یان دابونەریت یان بڕیارە پێشوەختەکان داهاتووی دیاری بکەن، بەڵکو زانست و کار بکاتە ڕێگەی بەرەو ئازادی و دەستکەوت.