کورتە فیلمی ”نامەی کۆتایی” لە ڕێگادایە بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم
”نامەی کۆتایی”یەکێک لە بەرهەمەکانی سینەمای ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، کێبڕکێ لەگەڵ کات دەکەن بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕۆژئاوادا نمایش بکرێت.
سۆرگوڵ شێخۆ
قامیشلۆ- سینەمای ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان(سینەی ژن)، ئامادەکاری دەکات بۆ بەشداریکردن لە شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان بە یەکەمین فیلمی خۆی.
کورتە فیلمەکە بە ناوی “نامەی کۆتای” باس لە ژیانی شەڕڤانێکی یەپەژە دەکات، ئەم کارە لە چوارچێوەی هەڵمەتی پشتیوانی یەپەژە ئەنجام دەدرێت.
سیلڤا ئەحمەد، دەرهێنەری کورتە فیلمەکە و سێڤدا هیمۆ، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە کە ڕۆڵی نوژیان دەگێڕێت، بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.
”سیناریۆی کورتە فیلمەکە دوو چیرۆک و نامەیەکی تێدایە”
سیلڤا ئەحمەد، دەرهێنەری کورتە فیلمەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، بیرۆکەکەی بوو بە سیناریۆ و گۆڕا بۆ کارێکی سینەمایی کە دەبێتە کورتە فیلم، هەروەها باسی لە وردەکارییەکانی یەکەم بەرهەمی خۆی، سینە ژن، کرد وتی: هەر شەڕڤانێکی یەپەژە سەختییەکی جیاوازی هەیە، بەڵام بۆ هەریەکەیان یادەوەرییەک و نامەیەک هەیە کە بەهێزیان دەکات، بیرۆکەی من لەسەر ئەو شەڕڤانانە نییە کە شەڕ دەکەن و دواتر دەبنە شەهید، بابەتەکە ئەمجارە جیاوازە، لێرەدا باسی تێکۆشەرێک دەکەین کە بە یادەوەرییەک درێژە بە ڕێگا بە خەباتی خۆی دەدات.
سیلڤا ئەحمەد ڕایگەیاندووە، کە لە سیناریۆی کورتە فیلمەکەدا دوو چیرۆک و نامەیەک هەیە کە ئامادەکراوە و وێنە گیراوە و وتی: چیرۆکی یەکەم سەبارەت بە درێژەدان بە ڕێگاکە و چیرۆکی دووەم تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی درێژەدان بە ژیان لە ناوەڕاستی شەڕەکاندا.
”سینه ژن وەک شانەی هەنگ بۆ دیاریی یەپەژە کار دەکرد”
سیلڤا ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، کورتە فیلمەکە سوپاس و دیارییە بۆ کارەکانی شەڕڤانانی یەپەژە و ڕۆڵییان لە شەڕ و ململانێکاندا بۆ چەندین ساڵە و وتی: سەختی خۆی هەبوو، بەڵام جوانیەکەی لەوە زیاترە، چونکە ئەمە یەکەم بەرهەمە کە پێکەوە وەک گروپی سینەی ژن دروستمان کردووە، هاوبەشی و هاوکاری نێوان ژنان ئاسوودەیی جیاوازی لە مندا دروست کرد، چونکە بینیم هەمووان بە باشترین شێوە خۆیان بۆ ئەم کورتە فیلمە ئامادە دەکەن، وەک شانەی هەنگی نەرم و نیان کاردەکەن.
”هەوڵدەدەین بە کورتە فیلمەکەمان بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەین”
سیلڤا ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا، کە ئامادەکارییەکانی کورتەفیلمەکە ڕوو لە کۆتایین و وتی: کورتەفیلمی "نامەی کۆتایی" لە حەوت خولەک پێکهاتووە و ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژ و ڕەنگکردندایە، لە کاتێکی نێزیکدا بە تەواوی بۆ پێشاندان ئامادە دەبێت، هەوڵ دەدەین بەرلە شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڕۆژئاوا بەڕێوە بچێت، بەرهەمەکەمان ئامادە بێت و بەشداریی فیستیڤاڵەکەی پێ بکەین؛ چونکە کورتەفیلمەکەمان بۆ یەکەم جار لەوێ پێشاندەدرێت.
”ئەمە یەکەم ئەزموونی ئەکتەرییمە”
سێڤدا هیمۆ کە بۆ یەکەم جار لە کورتەفیلمێکدا بەشدار دەبێت و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، بەم شێوەیە باسی چوونی بۆ جیهانی ئەکتەریی کرد وتی: هیوام دەخواست ڕۆژێک بتوانم ڕۆڵی ئەکتەریی لە بەرهەمێکی سینەماییدا ببینم، دوای ئەوەی بە ساڵان لەسەر تەختەی شانۆ گۆرانیم وتبوو، ئەمە یەکەم ئەزموونی ئەکتەریی منە، بەڵام بڕیارم دا کە دەبێت بەپێی ئەو ڕۆڵەی بۆم دیاری کراوە بە باشی ڕۆڵەکەم بکەم، دوای ڕۆڵگێڕانەکە هەستم پێ کرد کە هونەرێکی شاراوەم تێدایە کە خۆشم نەمدەزانی.
”ڕۆڵگێڕانی کەسایەتیی نوژیان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەرم دانا”
سێڤدا هیمۆ لەبارەی کاریگەریی کەسایەتیی نوژیان کە ڕۆڵەکەی گێڕاوە وتی: نوژیان لەبەر ئەوەی هەمیشە بیری لە دایکە نەخۆشەکەی دەکردەوە، لە ناخیدا زۆر خەمبار بوو، بەڵام ئەم هەستەی بە دەوروبەر و دەرەوە نیشان نەدەدا، لە کۆتاییدا دایکی کۆچی دوایی دەکات، بەڵام یادگارییەکی بۆ بەجێ دەهێڵێت، لەوێدا نوژیان هیوای بۆ دەگەڕێتەوە، دایکی لە ڕۆژانی کۆتایی تەمەنیدا دەستیکردبوو بە چنی بلوزێکی خوری بۆی، بەڵام بە نیوەچڵی جێی هێشت، نوژیان خوری و قولاپەکەی هەڵگرتەوە و بلوزەکەی تەواو کرد، ڕۆڵگێڕانی ئەم هەموو وردەکارییانە بۆم زۆر جیاواز بوو و ڕەنگدانەوەی هەتاهەتایی لەسەر ژیانم دەبێت.
”دەمەوێت لە سینەمادا زۆر لێهاتوو بم”
سێڤدا هیمۆ ڕایگەیاند، کە زۆر حەز دەکات کورتەفیلمەکە بە زوویی پێشانبدرێت و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: دەمەوێت لە سینەمادا زۆر لێهاتوو بم و چ لەسەر ئاستی کوردستان یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فیلمەکاندا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕم.