خولی دەفژەنی و پاراستنی کولتووری کوردی لە کۆیە؛ دەرفەتێک بۆ ناساندنی توانای ژنان
ڕیتمی دەف و هەناسەی ڕەسەنایەتی، لە دڵی کۆیەدا باڵا دەگرێت، ژنان بە فیربوونی دەف و دەفژەنی بوونەتە مۆرکی پاراستنی کولتووری کوردی.
شلێر کۆیی
کۆیە_ژنانی شاری کۆیە هەمیشە ڕۆڵێکی دیاریان هەبووە لە پاراستن و گەشەپێدانی هونەر و کەلتوری ڕەسەنی کوردییدا. لەم چوارچێوەیەدا، ئینستیتیوتی زەینەب خان لە شاری کۆیە هەستاوە بە ڕەخساندن و کردنەوەی خولێکی تایبەتی دەفژەنی بۆ ژنانی شارەکە، کە ئەمەش بووەتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ فێربوونی ئەم هونەرە ڕۆحانییەو بەشداریکردنی کارای ژنان لە چالاکییە کولتوورییەکاندا.
ئینستیتیوتی زەینەب خان ناوەندێك بۆ دەرخستنی بەهرەی شاراوەی ژنان و بەستنەوەی هونەری ڕەسەن بە ئاییندەیەکی گەشترلە خولێکى دیکەیان خولی میوزیك و دەستڕەنگینی بۆ ژنانی کۆیە، کرایەوە خولەکە بۆماوەى سێ مانگە کە ئینستیتوتی زەینهەب خان کردوویەتیەوە بۆ ٢٢ ژن، ئەم خولە بەیەکەم خولى دەفژەنى دادەنرێت لەسەر ئاستى کۆیە، بە وتەی بەشداربووان: تا ئێستا لە هیچ شوێنێکی تری کۆیە خولی لەم شێوەیە بۆ دەفژەنی نەکراوەتەوە.
ئینستیوتی خان لە شاری کۆیە تەنها ئامانجی فێربوونی دەفژەنی نەبووە، بەڵکو ئاشناکردنی کۆمەڵگە و ژنانە بە هونەرو کولتووری ڕەسەنی کوردی و پاراستنی و گواستنەوەی بۆنەوەى داهاتوو، بەشداربووانیش هیواخوازن لە داهاتوودا چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن و گروپی دەفژەنی ژنانی کۆیە لەسەر ئاستی فراوانتر بەردەوام بێت.
" دەف ئالەتێکى رۆحانیەو تێکەڵدەبێت بەرۆح"
سۆزى دلزار، خوێندکارى زانکۆیە وبەشدارى کردووە لە خولی دەفژەنین لە ئینستیتیوتی زەینەب خان وتى: نزیکەى سێ مانگە لەخولی دەفژەنینم و لەسفرەوە دەستم پێکردووە، چونکە تائێستا هیچ خولێکى لەم جۆرە لە شارى کۆیە نەکراوەتەوە تایبەت بێت بەدەف ژەنین، بۆیە سوپاسی ئینستیتیوتی زەینەب خان دەکەین بۆ ئەو دەرفەتە بۆ ئیمەو مامۆستاکەمان زۆر باشە کە زۆربەباشی فێرمان دەکات، دەف ئالەتێکى رۆحانیەو تێکەڵدەبێت بەرۆح، بۆیە پێمباشە هەرژنێک کە خولیایەکى باشى هەیە با خۆى لێ بباتە پێش، تا خۆى بدۆزێتەوە لەو بوارەى دەیەوێت، من لەمنداڵیەوە خولیاى ژەنینى دەفم هەبووە، بەهۆى نەبوونى هیچ خولێک لەم بارەوە نەمتوانیوە فێرببم، هیوادارم لێرە بەدواوە زیاتر بەرەوپێش بچین و ببمە دەفژەنێکى لێهاتوو.
"ئامانجمان ناساندنی کۆمەڵگەیە بە هونەرو کولتووری کوردی"
سکاڵامحەمەد، یەکێکی دیکەیە لەبەشداربووان و ئەندامى ئینستیتیوتی زەینەب خانە وتى: ئینستیتیوتی زەینەب خان ئەو دەرفەتەى بۆ ژنانى کۆیە ڕەخساندووە بۆ دەفژەنین، ئامانجمان تەنیا دەفژەنین نییە بەڵکو ناساندن وئاشناکردنى کۆمەڵگەیە بە هونەرو کولتوورى کوردى، کەدەف یەکێکە لەوانەو پاراستنى ئەو هونەرە بۆنەوەکانى داهاتووە.
سکاڵا ئاماژەى بەوەشکرد کە ئەم خولە ماوەی سێ مانگە بەردەوامە و مامۆستای سەرەکی خولەکە بەناوی (مونا) بووە کە لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووە خولەکە بەڕێوەدەبات، بە هاوکاری و سەرپەرشتی مامۆستا (ئارەزوو)، ژمارەی بەشداربووانی خولەکە ٢٢ ژن بوون و لە ڕێکەوتی ٢١ی حوزەیران دەستیپێکردووە، سەرەڕای کاتی کورت، بەشداربووان توانیویانە ئاستێکی زۆر باش لە دەفژەندا ببڕن و بەردەوامیش دەبین لە پێشکەوتن، هاوکات دەف تەنها ئامێرێکی مۆسیقی نییە، بەڵکو ناسنامە و کولتووری کوردییە.بەوەش لێدانی دەف بەرپرسیارەتییەکی گەورە لە ئەستۆی ئێمە و تاکەکاندا دەبینێت بۆ پاراستن و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
بەهەست وریا، یەکێک لە بەشداربووانی خولەکە، دەربارەی ئەزموونەکەی وتی: زۆر خۆشحاڵم کە بوومە یەکێک لەو ژنانەی لە شارەکەماندا بەشدارییان لەم خولەدا کردووە، ئەو خولە دەبێتە یەکەمین گروپى دەفژەنین لەباشورى کوردستان، و زۆر سوپاسى مامۆستایان وسەرپەرشتیارانى خولەکەدەکەم کە زۆر ماندوون لەگەڵمان، زۆر سوپاسی ئینستیتیوتی زەینەب خان دەکەم بۆ ئەو دەرفەتە کە هەمیشە دەرگایان ئاوەڵا بووە بۆ پێشخستنی تواناى ژنان، دەتوانم بڵێم دەف ئامێرێکی ڕۆحانییەو مرۆڤ لە ڕێگەیەوە لەگەڵ ڕۆح و کولتوورەکەی یەکدەگرێتەوە.