لە هه‌ڵه‌بجه‌ پێشانگای" ژن و ژيانی ڕۆژئاوا" به‌ڕێوه‌چوو

لە دوای سلێمانی، لە پارێزگای هەڵەبجەش پێشانگای هاوبەشی شێوەکاری ڕۆژئاواو باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، بە ٣٠ تابلۆ ئێش و ئازارو خەباتی ژنان نمایش کرا.

هەڵەبجە

 

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ٢٠ی تەمموز لە هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری وهونه‌ر له هه‌ڵه‌بجه‌  پێشانگای "ژن و ژیانی ڕۆژئاوا" کە تابلۆی ژنانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانی لەخۆگرتبوو، هەروەها ١٣ هونەرمەندی ژنی ڕۆژئاوا و ٥ هونەرمەندی ژنی باشووری کوردستان بە تابلۆکانیان بەشداربوون، کرایەوە.

 

پێشانگاکە کە ٣٠ تابلۆی تێدا نمایشکرا، لەلایەن هاوڵاتیانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا و سەردانیکەران دڵخۆشبوون بە بینینی کارە هونەرییەکانی ژنانی ڕۆژئاوا، هونەرمەندانیش دڵخۆشبوون بەو پێشوازییەی خەڵکی باشووری کوردستان و داوایان کرد لەم جۆرە پێشانگایانە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ژنانی چوار پارچەی کوردستان یەکبگرن و سوود لە گۆڕینەوەی کولتووری یەکتر ببینن.

 

"توانیومانە دەستی هونەری باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان بەیەک بگەیەنین"

شیرین علو، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان لە شاری عەفرینەوە بە ٦ تابلۆ بەشداری کردووە، وتی: من زۆر دڵخۆشم کە توانیومانە ئەو سنورە تێبپەڕێنین و دەستی هونەری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەیەک بگەیەنین، تابلۆکانم هەموویان باس لە دۆخی شارەکەم دەکات، شاری من کە عەفرینە شارێک بوو وەک بەهەشت، پێش ئەوەی داگیر بکرێت ئێمە بە ئارامی تیایدا دەژیاین، دەرچوونمان لە عەفرین ئازارێکی سەخت بوو، بۆ ئەوەی لەو ئازارە دوور بکەومەوە دەستم بە وێنەکێشان کرد، تابلۆ بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی لەو خەمبارییە ڕزگارم ببێت.

 

"تابلۆکانم بە ڕەنگی ژنانە"

یارا حەسکۆ، شێوەکارێکی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستانەو  بە ٧ تابلۆی شێوەکاری بەشدارەو خۆی بەخۆشحاڵ زانی کە هاتۆتە هەڵەبجەو بەرخۆدانی هەڵەبجەو قامیشلۆی پیکەوە گرێ داو  وتی: لە قامیشلۆوە هاتوین و تابلۆی ١٢ هونەرمەندم هێنایە باشوورو خۆشحاڵم کەتوانیم بیهێنمە هەڵەبجەو نمایشیان بکەم، تابلۆکانم بە ڕەنگی ژنانەو ئیش و ئازارەکان نیشان دەدات.

 

"خەباتی ژنان نمایش کراوە"

ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان کە بەشداری پێشانگاکە بوو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە سەردانی هەڵەبجەی کردووەو وتی: هەفتەی ڕابردووش لەسلێمانی نمایشی کارەکان کراوەو ماوەیەکی دوورو دیریژە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەین بەلام بەهۆی بارودۆخی سیاسی نەتواندراوە زووتر پڕۆژەکە نمایش بکرێت، سەبارەت بەتابلۆکان سەرجەمیان باس لە بارودۆخی ژنان دەکەن لە سووریاو لە ڕێگەی شیوەکاریەوە شرۆڤەی کارەکانمان کرد و خەباتی ژنان نمایش کراوە.