دەستاڕ مێژووی خۆی دەگێڕێتەوە

بەردی دەستاڕ، بەردێکە بۆ وردکردنی دانەوێڵەکان بەکاردێت، لە دوو بەردی بازنەیی پێکدێت کە لە ناوەڕاستیدا کونێک هەیە بۆ دانانی دانەوێڵەکان، بەردی سەرەوە بە دەست دەجوڵێنرێت تاوەکو دانەوێڵەکە ورد دەبێت.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزور– دەستاڕ، یەکێکە لەو ئامرازانەی کە زۆر یارمەتی ژنانی گوندنشینی داوە بۆ دەستەبەرکردنی خۆراک بۆ خێزانەکەی، ژنانی لادێکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزور هێشتا لەم ناوچەیەدان و تایبەتمەندی کۆمەڵایەتییەکی گوندنشینی ژیانیان هەیە، لەو ساڵانەی ناوچەکە ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە، ژنان دەستیان کردووەتەوە بە بەکارهێنانی دەستاڕ.

 

بەردی دەستاڕ بە بناغەیەک لە ژیانی خێزانەکان دادەنرێت، بەو پێیەی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی دروستدەکات بە کۆکردنەوەی خەڵکی یەک گەڕەک یان گوند پێکەوە، سوبحە خەلیفە، ژنێکی تەمەن ٦٣ ساڵە، خەڵکی شارۆچکەی ئەبو حەردوبە لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزور و دەڵێت "بەردی دەستاڕ یەکێکە لەو ئامێرە تەقلیدیانەی کە ژنانی دێرەزور بۆ وردکردنی هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک بەکاریاندەهێنا".

 

سوبحە خەلیفە دەڵێت: تا ئێستاش وەک میراتێکی فۆلکلۆر ئەم بەردەم پاراستووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنانی ئەو گەڕەکە ڕۆژانە لە ماڵێکدا کۆدەبوونەوە بۆ وردکردنی دانەوێڵە، دەستاڕەکە یارمەتیان دەدات بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان، بەتایبەتی کە تاکە ئامرازە لەو کاتەدا لەبەردەستدا بوو.

 

سەبارەت بە دروستكردنی بەردی دەستاڕ سوبحە باسی لەوەکرد، بەردەکەی لە بەردی ڕەش دروستكراوە، كە لە شارەكانی حەمات و حومسە و سەرێکانییەوە دێت و بە دەستی دروستكراوە، بە بەكارهێنانی هەندێك ئامێری سوك، لەگەڵ پارچەیەك دار لە ناوەڕاستدا تا دەستاڕەکەی پێ بخولێنرێتەوە بە شێوەیەکی یەکسان.

 

بەردەکانی سەرەوە و خوارەوە بە شێوەیەکی پیشەیی دروستکراون بۆ کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی پەستانکردن و وردکردنی دانەوێڵەکان بە باشترین و نەرمترین شێوە، ئەگەر ئاڕاستەکانی باش نەبێت، دەتوانرێت بە بەکارهێنانی ئامرازی سادە باشتر کاری پێبکرێت، سوبحە، باسی ئەوەشی کردووە، زۆر جۆری دانەوێڵە کە لە ڕابردوودا خواردنی سەرەکی بوون، وەک "نان، نۆک، عدس، ساوەر و چەندینی دیکە بە دەستاڕ ورد دەکرێن.

 

لە کۆتایدا ئەو ژنە ڕەنجکێشە وتی: ئەو ژنانەی لەسەر دەستاڕ کاریان دەکرد خەریکی ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ و سروود و ئامۆژگاری و چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری جوان بوون، بۆ ئەوەی کارە ماندووکەرەکانیان لە کەشێکی خۆشدا بەسەربەرن، کارکردن لەسەر دەستاڕەکە زۆر ماندووکەرە،  بەڵام کار کردن لەسەر ئەم دەستاڕە باشترە لە دەستاڕە مۆدێرنەکان، ئێمە لە ماڵەوە چێژمان لە وردکردنی دانەوێڵە دەبینی، چونکە تامی نانەکەی خۆشتر دەکرد.