شوێنەوارناسان زیانەکانی داعش لە عێراق نۆژەن دەکەنەوە

شوێنەوارناسان لەکاتی نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان لە نەینەوا کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن داعشەوە شێوێندراوە، هەندێک نەخشی بەردی ئاشورییان دۆزیوەتەوە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ٢٧٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شوێنەوارناسان لە نەینەوا-موسڵ هەندێک نەخشی بەردی سەرسوڕهێنەری ئاشورییان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی ٢٧٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، دۆزینەوەی ئەو دەروازەیە لە شاری نەینەوا لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ لەلایەن تیمێکی هەڵکۆڵینی هاوبەشی ئەمریکا و عێراقەوە ئەنجامدراوە کە کارەکانی ئاوەدانکردنەوەی دەروازەی مەشکی تەواوکردووە، دوای ئەوەی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٦دا لەناویان بردووە.

 

عێراق شوێنی هەندێك لە كۆنترین شارەكانی جیهان و سەرەتاییترین شارستانیەتەكان بووە، لەوانە بابلییەكان و سۆمەرییەكان و ئاشوورییەكان، بەڵام دەروازەکە یەکێک بوو لەو شوێنەوارە مێژووییە زۆرانەی کە بووە قوربانی ململانێی درێژخایەنی سەربازی و کردەوەی تێکدانی کلتووری لە ناوچەکەدا، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئاوەدانکرایەوە، بەڵام دواتر لە کاتی داگیرکردنی عێراقدا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بە بولدۆزەر خاپوور کرا.

 

لە میانی خاپورکردنەوەکە، مایکل دانتی، شوێنەوارناسێکی زانکۆی پێنسیلڤانیا پڕۆژەیەکی بۆ پاراستنی میراتی کولتووری لە عێراق ئاڕاستە کرد، کاتێک بەرنامەی سەقامگیرکردنی میراتی عێراق دەستی کرد بە کارکردن بۆ دووبارە دروستکردنەوەی دەروازەکە، لە ژێر وێرانەکانی دەروازەکەدا حەوت تەختەی مەڕمەڕ دۆزرانەوە، کە نەخشی سەربازانی ئاشوری هەبوون، هەروەها دارخورما و هەنار و هەنجیر کە هەموویان سەر بە کۆشکی سەنحەریب بوون، لەسەری کێشراوە.

 

لە هەڵکۆڵینەکانی پێشتردا دەروازەکە نەدۆزراوەتەوە

هەرچەندە لە ساڵانی ٧٠-٨٠کاندا هەڵکەندنی شوێنەواریی لەو شوێنەدا ئەنجامدراوە، بەڵام ئەم دەروازە پێشتر نەدۆزراوەتەوە، سەرەڕای خاپورکردنی دەروازەکە، ئەو پاشماوەیانە بەهۆی کەوتنە ژێر خاکەوە پارێزراون.

 

دۆزینەوەکە دەرفەتی نوێی بۆ توێژینەوە دەڕەخسێنێت، ئێستا شوێنەوارناسەکان ڕوودەکەنە  موسڵ بۆ ئەوەی قووڵتر لە مێژووی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری بکۆڵنەوە، پارچە دۆزراوەکانی دیکەی هاوشێوە براونەتە دەرەوەی عێراق و لە مۆزەخانەکانی وەک، مۆزەخانەی بەریتانی و مۆزەخانەی میترۆپۆلیتانی هونەر لە نیویۆرک هەڵگیراون.

 

شوێنەواری دەروازەکەی نەینەوا نزیکەی ١٩ میل لە نەینەواوە دوورە، دوای تەواوبوونی کارەکانی هەڵکۆڵین، کە لە ساڵی ٢٠١٩ دەستیپێکرد، دۆزرایەوە.