"ئێمەی ژن زۆر بەهێزترین لە تابۆ و قەدەغەکردن"

بەرتەسککردنەوەی ژنان لە هەموو بوارە هونەرییە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، پیشەیی، وەرزشی و مۆسیقا و گۆرانی، گۆشەی جیاوازی ئایدۆلۆژیای دژە ژن دەردەخات، ڕژێمی ئیسلامی ئێرانیش چەقۆی تیژی چەوساندنەوەی خۆی خستووەتە سەر ژنان.

سویدا خۆراسانی

 

خۆراسان- مێژووی پێنج هەزار ساڵەی جیهان دەیسەلمێنێت کە ژن و مۆسیقا پەیوەندییەکی دانەبڕاویان هەیە، ئەو بەردە نەخشێنراوانەی کە لە شارستانیەتی ئیلامی و میزۆپۆتامیادا بەجێماوە، دەریدەخەن لە زۆربەی ناوچەکاندا پێگەی ژنە مۆسیقاژەنەکان یەکسان بووە بە پێگەی پیاوان، بەو پێیەش ژنان لە دونیای دێریندا هەرگیز بەهۆی ڕەگەزیانەوە لە مۆسیقا دانەبڕاون.

 

لە یاسا دژە ژنەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا هەمیشە گۆرانی وتنی ژنان قەدەغە کراوە و کەوتووەتە ژێر سانسۆرەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ژنە گۆرانیبێژەکان لە ماڵەوە بمێننەوە و دەنگە خۆشەکانیان لە ماڵدا قەتیس بکرێن.

 

بەرتەسککردنەوەی ژنان لە هەموو بوارە هونەرییە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، پیشەیی، وەرزشی و مۆسیقا و گۆرانی، گۆشەی جیاوازی ئایدۆلۆژیای دژە ژن دەردەخات، ڕژێمی ئیسلامی ئێرانیش چەقۆی تیژی چەوساندنەوەی خۆی خستووەتە سەر ژنان.

 

ل. ڕ. یەکێکە لەو ژنە گەنجانەی خۆراسان کە بە شاراوەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا مۆسیقا و گۆرانی بڵاودەکاتەوە، ل. ڕ. بەهۆی قەدەغە و کۆتوبەندەکانی بنەماڵەکەی ناوی خوازراو بۆ بڵاوکراوەکانی بەکاردەهێنێت و دەڵێت: من تەمەنم ٢٤ ساڵە و لە تەمەنی گەنجییەوە گۆرانی دەڵێم، بێگومان بەرهەمەکانم زیاتر لە شێوەی دیکلەمەسیۆندان، چونکە گۆرانی وتن وەک سۆڵۆ حەرامە، بەرهەمەکانیشم زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکەمەوە، گۆرانی وتنم تەنیا سنووردارە بەوەی کە لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە لە بۆنە و کۆبوونەوە خێزانییەکان دەیڵێم، زیاتر حەزم لە وتنە بە زمانی دایک(کوردی)، بەڵام تورکی و فارسیش دەڵێمەوە.

 

سەبارەت بەوەی بۆچی تا ئێستا بەرهەمی دیاری نەبووە، ل. ڕ. دەڵێت: هۆکاری زۆر هەن کە دەبنە هۆی نەبوونی پاڵنەر، یەکێک لەوانە نەبوونی پشتیوانی خێزانە، یاسا و دابونەریتی کۆمەڵگە خێزانەکان ناچار دەکات دژایەتی گۆرانی وتن و بیستی دەنگی کچەکانیان بکەن، ئەمەش تەنها بۆ نییە، زۆرێک لە هونەرمەندە ژنەکان ئەو کێشەیەیان هەیە، ئێمە تەنها دەتوانین دەنگ و هونەری خۆمان لە بازنەی خێزانی تایبەتدا بخەینەڕوو، بەداخەوە ئەم کۆتوبەند و یاسا دژ بە ژنانە بە ڕادەیەک کۆمەڵگەی قەتیس کردووە، کە ئەگەر بمەوێت بەرهەمێک بڵاو بکەمەوە، ناچارم ناوێکی ساختە بەکاربهێنم بۆ شاردنەوەی ناسنامەکەم.

 

"شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژنان هەبوو"

ل. ڕ. دەڵێت: دەکرێت بگوترێ هۆکاری سەرەکی نەبوونی ژنان لە بواری مۆسیقادا، قەدەغە و ڕێسا و دابونەریتی کۆمەڵگەیە، کە لەسەر بنەمای پێوەری پیاوسالاری دامەزراون، دەنگی ژنانیش لەبیر دەکرێن، بەداخەوە ژنان لە ئێران لە هەموو بوارەکاندا هەمیشە قوربانیی یاساکانی دژە ژن و هەڵاواردنی ڕەگەزین، هونەر، مۆسیقا و گۆرانی وەک یەکێک لە دیاردە کولتوورییەکانی هەر نەتەوەیەک دەناسرێن و وەک یەکێک لە پایەکانی ناسنامەی نەتەوەیەک دادەنرێت، بەڵام بەداخەوە لە کۆماری ئیسلامیدا ئەم هونەرە بووەتە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ژنان و جێبەجێکردنی دەسەڵاتی پیاوسالاری خۆیان، کە دەنگی ژنانی لە بواری مۆسیقا و گۆرانیدا بێدەنگ کردووە و وەک ئەوە وایە سزای زیندانیکردنی نادیاریان بەسەردا سەپێنراوە، پێویستە ئەوەش بوترێت، بەڕای من شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کاریگەری ئەرێنی لەسەر  کەسایەتی ژن هەبوو، ئەوەی من ئەزموونم کرد لەو ماوەیەدا، زیادبوونی متمانە بەخۆبوون و بوێری بوو، چونکە فەلسەفەی ئەم دروشمە بەها و پێگەی ڕاستەقینەی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەناسێنێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ل. ڕ. دەڵێت: ئێمەی ژنان زۆر لە تابۆ و قەدەغەکردنەکان بەهێزترین و داوا لە ژن و کچانی وڵاتەکەم دەکەم شوێن خەونەکانیان بکەون و نەهێڵن دەنگیان بیربچێتەوە.