شانۆیی "بووکی باران" لە نمایشی ژنانی سەردەشت پێشکەش کرا

شانۆیی "بووکی باران" لە دەرهێنانی مائیدە دارلەکییە و ماوەی پێنج ڕۆژە لە شاری سەردەشت نمایش دەکرێت، پەیامەکەی بۆ ژنان ئەوەیە، کە هەرگیز خۆیان ڕادەستی سەختی و کولتووری هەڵەی کۆمەڵگە نەکەن، لە کۆتاییدا دەگەنە خەونەکانیان.

بەهار گەوهەر

 

سەردەشت- ڕۆڵی ژن لە چالاکییە هونەرییەکاندا لە هەموو کاتێک زیاترە و سەرەڕای ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی زۆرێک لە ئاستەنگی دەبنەوە، بەڵام تابۆی هونەرمەند بوونیان شکاندووە، ژنانی کوردستان بە تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانە و وەستان لە بەردەم تابۆیە کولتوورییەکاندا لە بواری هونەریدا چالاکن.

 

یەکێک لە نموونە دیارەکان شانۆیی "بووکی باران"ە لە دەرهێنانی مائیدە دارلەکی، کە ماوەی پێنج ڕۆژ لە شاری سەردەشت نمایشکرا، کە چیرۆکێکی ڕەمزی خۆڕاگری و ئیرادەی ژنێکە دژی زۆرەملێی دەجەنگێت و پەیامەکەی بۆ ژنان ئەوەیە، کە هەرگیز خۆیان ڕادەستی سەختی و کولتووری هەڵەی کۆمەڵگە نەکەن، لە کۆتاییدا دەگەنە خەونەکانیان.

 

مائیدە دارلەکی، خەڵکی شاری سەردەشت و دانیشتووی شاری ورمێیە، سەبارەت بە چالاکییە هونەرییەکانی دەڵێت: ٦ ساڵە لەم بوارەدا کار دەکەم، لە ساڵی ٢٠٢٢دا شانۆی کوردی "هەموو چۆلەکەکان مردبوون"م نووسی کە سەبارەت بە کیمیابارانی شاری سەردەشت بوو و نمایشم کرد لەم شارەدا، دوای ئەوە شانۆی "خەج و سیامەند" و "مەم و زین" نمایشکرا، کە یەکێک بوو لە پڕۆژە گەورەکانی شانۆی کوردی لە ورمێ بە شێوەزاری کرمانجی، لە پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی چەمچەماڵدا وەک دەرهێنەر و ئەکتەر شانۆی بووکی باران بەشداربووم و تیایدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنم وەرگرت.

 

سەبارەت بە شانۆی بووکی باران دەڵێت: ئەم نمایشە بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەڕێوەچوو، دوو شەوی یەکەم پێشوازییەکی باشی لێ نەکرا، بەڵام لە شەوی سێیەمەوە، ئەم نمایشە زیاتر پێشوازی لێکرا، من دەرهێنەر و ئەکتەری فیلمی "بووکی باران" لەگەڵ خاتوون بازیان کە ڕۆڵی دایکی بووکی بارانی بینی، ئەم بەرهەمەمان پێشکەش کرد.

دەربارەی شانۆییەکە، مائیدە دارلەکی وتی: ئەم شانۆنامەیە باس لە بووکی باران دەکات کە لە فۆلکلۆری کوردیدا هێمایە و بە تەواوی پەیوەندی بە تەوەری ژنەوە هەیە، چونکە پەیامەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و چەوساندنەوەن و بووکی باران هێمای بەرخۆدان و خۆڕاگرییە، ئەوەی دەیانەوێت بە زۆر بەسەریدا بسەپێنن قبوڵ ناکات و بە بەخشینی ژیانی خۆی خاکەکەی ڕزگار دەکات، بووکی باران عاشقی باران دەبێت و کارەکتەری دیکە بەناوی پیاوی سەهۆڵ عاشقی دەبێت، پیاوە سەهۆڵەکەکە فشاری لەسەر دروست دەکات و هەڕەشەی لێدەکات و دەڵێت ئەگەر هاوسەرگیریم لەگەڵ نەکەیت هەموو دونیا دەکەم بە سەهۆڵ و لەناوی دەبەم، بووکی باران بەرەنگاری دەبێتەوە و دواجار دەمرێت بۆ ئەوەی نیشتمانەکەی ڕزگار بکات.

 

مائیدە دارلەکی ماوەی ٦ ساڵە خزمەت بە بواری هونەر و شانۆی ژنان دەکات و وەک خۆی دەڵێت، پێی وانەبووە بگاتە ئەو ئاستە، بەڵام کۆڵی نەداوە و سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکانی وەک بنەماڵە و خێل و...هتد بەردەوام بووە، پەیامیشی ئەوەیە، "ژنان هەرگیز بە قسەی هیچ کەسێک دەستبەرداری ئامانجەکانیان نەبن و بزانن کە ژنان دەبێ خۆڕاگر بن، چونکە هەندێک جار تەنانەت خێزانیش ڕەنگە بە هۆی فشارەکانی کۆمەڵگەوە لێت دووربکەوێتەوە، بەڵام پێویستە ژنان بیر لە سەربەخۆیی بکەنەوە و ئیرادەی خۆیان بەهێز بکەن، گرنگ ئەوەیە بەم ڕێگایەدا تێبپەڕن.