ژنان بە دروستکردنی قاپ لە تاڵە پلاستیکیەکان کولتووری داپیرانیان دەپارێزن

بەسمە محەمەد بە دروستکردنی قاپ لە تاڵە پلاستیکیەکان بژێوی خۆی دابین دەکات و کولتووری داپیرانیشی لە ناوچەکەدا دەپارێزێت و بڵاوی دەکاتەوە.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

 مەنبج - ژنانی شاری ئیدلب لە باکووری سوریا، لێهاتوون لە دروستکردنی قاپ و سەبەتە لە توڵی پلاستیکی، کە بە شاکارێکی هونەری دادەنرێت و ماڵەکانی پێ دەڕازێننەوە، هەروەها ڕەنگدانەوەی میراتێکی کۆن و کولتوورییە، ژنان لە داپیرەکانیانەوە بۆ کچەکانیان بە میرات بۆیان ماوەتەوە.

 

بەسمە محەمەدی ٣٠ ساڵ، لە گوندی مەعرەت نەعمان کە سەر بە شاری مەنبجە نیشتەجێیە و پێش سێ ساڵ بەهۆی بوونی شەڕ و نەبوونی کارەوە لە ئیدلب ئاوارە بووە، ئەو هەوڵدەدات کولتووری داپیرانی لە شاری ئیدلبەوە بۆ مەنبەج بڵاوبکاتەوە و پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ڕۆژانەی خۆی.

 

بەسمە محەمەد باسی لەوەکرد، لە منداڵییەوە فێری دروستکردنی شێوەی جیاواز بووە بە تاڵە پلاستیکییەکان، ئەوەشی لە نەنکییەوە بۆ ماوەتەوە و دواتر دایک و خوشکەکانی کردوویانە و بووەتە پاڵنەر تا بەسمەش فێری چنین ببێت. وتی: ئەم پیشەسازییە بەشێکە لە کولتووری ژنانی شاری ئیدلب، زۆربەی ژنانی شارەکە شارەزاییان لە پیشەسازییەکەیدا هەیە و زۆربەی ماڵەکانی ئیدلب بە فۆڕمی جیاوازی جلوبەرگ و تاڵی پلاستیکی ڕازێنراونەتەوە، ئەم کارە دەستیانە لەلایەن خەڵکەوە خواستێکی زۆری لەسەرە، چونکە جگە لە ڕازاندنەوەی ماڵەکان، خواردن و شیرینی تێدا پێشکەش دەکرێت.

 

"قورسترین بەشی چنینی ئەم کەلوپەلانە سەرەتاکەیەتی"

بەسمە محەمەد سەبارەت بە چۆنیەتی ئەو تاڵە پلاستیکیانەی کە کاری دەستی پێ دروستدەکەن، دەڵێت: تاڵەکان لە پلاستیک دروستکراون، ئێمەش ئەو تاڵانە لە کارگەکانی تایبەت بە دروستکردنەکەی لە شاری مەنبج دەهێنین، بۆ دروستکردنیان سەرەتا هەردوو تاڵەکە بەیەکەوە دەبەستم و دەیانپێچمەوە، من ڕەنگی جیاواز بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی شێوازێکی جوانیان هەبێت، شوێنە شاشەکانی پڕدەکەمەوە تا بەهێز و توند بێت، دواتر  بە دەرزی گرێی دەدەیەن تا تەواو دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی داواکاری کڕیارەکان شێوەی گوڵەبەڕۆژە یان نووسینی ناو و لەڕووی شێوە و قەبارەوە کەلوپەلەکان دروستدەکەین، گەورەکان چەند ڕۆژێک دەخایەنێت تا تەواو دەبن، یەکێک لە قۆناغە قورسەکانی دروستکردنی سەرەتاکەیەتی.

 

بەسمە محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، پشت بەم پیشەیە دەبەستم بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانی خۆم و خێزانەکەم، ئەوەی دروستی دەکەم دەیفرۆشم، بەو پێیەی خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی دیکە و لە سوریا و دەرەوەی وڵاتەوە داوای ئەو پارچانە دەکەن، هەندێکیشم تەواو کردووە و ڕەوانەی لوبنانم کردووە.

 

لە کۆتاییدا وتی: من کارەکەمم زۆر خۆشدەوێت و شانازی پێوە دەکەم، چونکە لە ئێستادا ئەم کارانە وەک جاران بوونی نەماوە، منیش لەڕێگەی کارەکانمەوە کولتووری شارەکەم دەپارێزم و بڵاوی دەکەمەوە، کە لە کۆنەوە بەناوبانگ بوو بە دروستکردنی ئەم شێوەیانە، جگە لە پاراستنی کولتووری داپیرە و پشت بەستن پێی وەک داهاتی ڕۆژانە، هانی هەموو ئەو ژنانە دەدەم کە کولتوورەکەیان دەپارێزن و بە میرات بۆیان ماوەتەوە لە ڕێگەی پەروەردەکردنی ژنانی گەنج و نیشاندانی بەهرەکانیان.