ژنانی ئەفغانستان پێشانگایەکی کاری دەستییان کردەوە

ژنانی شاری کابولی پایتەختی ئەفغانستان لە ڕێگەی پێشانگای "بازاڕی ئەرزان"ەوە کاری دەستی و بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن.

کابول

 

ژنانی ئەفغانی بەشدارییان لە پێشانگای "بازاڕی ئەرزان" کرد، کە بۆ ماوەی دە ڕۆژ لە کابولی پایتەخت بەڕێوەچوو، بۆ نمایشکردنی بەرهەم و کاری دەستی، جلوبەرگ، جوانکاری و خۆراک کە ژنان بە دەستی خۆیان بەرهەمیان هێناوە.

 

لە دوورەوە ڕوون بوو کە زۆربەی ژنان لە دۆخێکی خراپدا بوون، ئەمەش دەکرێت بۆ دوو هۆکاری سەرەکی بگەڕێندرێتەوە، ئەوانیش دۆخی نالەباری ئابووری و هەژاریی ئەوپەڕی، دووەمیش بوونی تاڵیبان کە وەک سێبەرێک لە هەموو هەنگاوێکدا بەدوایانەوەیە.

 

عاقیلە حەقدۆست یەکێکە لە بەشداربووانی ئەم پێشانگایە، کە کار لە ئامادەکردن و فرۆشتنی پێداویستییەکان دەکات، سەبارەت بە پێشانگاکە دەڵێت، ئەم کارەیان لەگەڵ شەش ژنی چینی هەژار دەستپێکردووە.

 

ڕویا محەمەدی، بەرپرسی "کۆمپانیای مهری ژنانی ئەفغانی" کە جلوبەرگ و جوانکاری دەستیی ژنان دەفرۆشێت، سەبارەت بە پێشانگاکەش دەڵێت: ئێمە هەموو مانگێک ئەم پێشانگایانە دەکەینەوە، ئامانجی سەرەکیمان نمایشکردنی دابونەریتی وڵاتەکەمانە.

 

ڕویا وتیشی: وەرشەی دروومانم هەیە کە تێیدا نزیکەی ٣٠ ژن لەناو وەرشەکەدا کاردەکەن، ٥٠ ژنی دیکەش لە ماڵەکانیاندا کاردەکەن، بەرهەمی دەستی ئەو ژنانەی لە ماڵەکاندا کاردەکەن،  بریتین لە کاری دەستی چەرموو، دروستکردنی ملوانکە و بازن لە بەردی بەنرخ و مرواری، ئەو ژنانەشی کە لەناو وەرشەکەدا کاردەکەن جل و بەرگ دەدروون.