ناوەندی کولتووری ژینا ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنانە

ژنان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە شۆڕشەکاندا و بوونەتە سیمبول و پاڵنەر بۆ ژنانی تر تا بە گەشبینیەوە بڕواننە ژیان، هەربۆیە دیدار وەکو ژنێکی گەنج ناوەندێکی کولتووری کردوەتەوە بۆ خزمەتی ژنان و توێژەکانی کۆمەڵگە و ناوی "ژینا"ی لێناوە

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و لە خوێندنەوەدا ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە، بەتایبەتی ژنانی کورد کە هەمیشە بوونەتە پێشەنگ لە شۆڕشەکاندا و توانیویانە مێژوویەک بۆ گەلی کورد تۆمار بکەن، بە تایبەتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد و بووە هەوێنی زیندووبوونەوەی ڕۆحی تێکۆشانی ژنان و پاڵنەرێکیش بوو بۆ دیدار کامیل تا بتوانیت ناوەندێکی کولتووری بکاتەوە بە ناوی "ژینا"وە.

 

"شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆکار بوو بۆ ئەوەی ناوەندی کولتووری ژینا بکەینەوە"

دیدار کامیل، خاوەنی ناوەندی کولتووری ژینا ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتای بیرۆکەی کار کردنم دەگەڕێتەوە بۆ ٤ ساڵ پێش ئێستا و لە دانانی ڕەفەیەکی کتێبەوە دەستم پێکرد، دواتر لەگەڵ هاوژینەکەم بڕیارماندا ناوەندێکی کولتووری بکەینەوە بە ناوی ژینا، چونکە ساڵی پار شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد و بە شۆڕشی ژنی کورد دانرا، لە ڕووی ئازادبوونی ژن و هەوڵدان بۆ ئەوەی هەر چوار پارچەی کوردستان بە زمانی کوردی قسە بکەن، ئێمەش بۆ ڕێزگرتن لەو شۆڕشە بڕیارمان دا ناوەندەکەمان ناو بنێین "ناوەندی کولتووری ژینا".

 

"کردنەوەی ناوەندەکە ڕێگەیەکە بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەبات"

دیدار کامیل ڕوونی کردەوە، ناوەندەکە لە ١٧ی حوزەیراندا بە ڕووی خوێنەراندا کرایەوە و لەلایەن خەڵکیشەوە پێشوازییەکی زۆری لێ کرا، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩:٣٠ی بەیانی تا ٦:٣٠ی ئێوارە کراوەیە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکرێت و ژیناش وەکو کوردێک کاریگەری لەسەر من هەبووە، کە چۆن ناهێڵن بە زمانی کوردی قسە بکات و لەسەر کولتووری خۆی بڕوات، منیش هەوڵمداوە لە ڕێگەی ئەم ناوەندەوە، ئەو شۆڕشە ون نەکەم و بەردەوام بین تا بتوانین بە خەباتەکەمان ئازادی و مافەکانمان بە دەست بهێنین وەکو کورد.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەرەتا ناوەندەکە زۆر ناسراو نەبوو، چونکە مەودایەکی ڕیکلامی گەورەی نەبوو، ڕۆژانە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە باس و لەو کار و چلاکییانە دەکرێت کە لێرە ئەنجام دەدرێت، ناوەندەکە هەموو جۆرە ڕۆمان و کتێبێکی دەروونناسی، مێژووی، ئاینیی، جوگرافی، تەندروستی، کولتووری و هەنەری لە خۆدەگرێت.

 

"بنەمای هۆشیاری ژنان خوێندنەوەیە"

دیدار کامیل ئەوەشی خستەڕوو، ژن پێویستە هۆشیار بێت بۆ ئەوەی مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت، بۆ ئەم هۆشیارییەش بنەما هەیە، ئەویش خوێندنەوەیە، بۆیە گەنگییەکی باشمان بەو کتێبانەی کە نووسەرەکەیان ژنن لە ناوەندەکەمان داوە، زیاتر گەنجەکانن ڕوو لەم ناوەندە دەکەن بۆ کتێب خوێندنەوە، پێم باشە لە هەموو شوێنێکی شاردا کتێبخانە هەبێت، چونکە لە ئێستادا بەشێکی زۆری ژنان لە ماڵەوەن و دەبێت شوێنێک هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن کتێبێک یان شتێکی بەسوود بخوێننەوە و مێژووی خۆیان بزانن و ئاگایان لەو چالاکییانە بێت، کە ژنان لە سەرتاسەری جیهان ئەنجامی دەدەن، هەروەها ئەو ئەرکانە بزانین کە لە کۆمەڵگەدا هەمانە، چونکە ئێمەی ژن ئەرکێک ئەنجام دەدەین کە خزمەت بە خۆمان ناکات.

 

"زیاتر کتێبی مێژووی دەخوێنمەوە"

دیدار کامیل ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداری ژنان لە کڕین و خوێندنەوەی کتێب لە چاو ١٠ ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، ئەو کەسانەی سەردانمان دەکەن زۆر جار ئێمە بە پێی تەمەنەکەی کتێبیان بۆ پێشنیار دەکەین بۆ ئەوەی بیخوێننەوە، زۆرجاریش کەسەکە خۆی هەڵی دەبژێرێت کە چی کتێبێک دەخوێنێتەوە، منیش خۆم وەکو ژنێک پێشتر لە کتێبخانە ئیشم کردووە و لەسەر هەموو بابەتەکان کتێبم خوێندووەتەوە بە تایبەتی کتێبی میژووی بۆ ئەوەی شارەزای مێژووی ژنان ببم.

 

لە کۆتاییدا دیدار کامیل وتی: سەرنجم خستووەتە سەر ئەو ڕۆمانانەی کە ژنان نووسیویانە و پاڵەوانن تیایدا، بۆ ئەوەی کاتێک ژنێک دەیخوێنێتەوە ئیرادەیەکی بەهێزی لا دروست ببێت، خەڵکی ئێستا بە دوای بابەتی تیژ تێپەڕدا دەگەڕێت و گرنگی بەو بابەتانە نادەن کە قووڵبوونەوەی هەیە، ئەمەش وای کردووە تا ڕادەیەک کتێب خوێندنەوە پشتگوێ بخەن.