"تواناکانی خۆمم لە دروستکردنی بەرهەمی کوردەواریدا بینیەوە"

قورسی ژیان و نەڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان گرفتی زۆری دروستکردووە، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا چەندین ژن پشتیان بە توانای خۆیان بەستووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنانی کورد هەر لە کۆنەوە توانا و ئیرادەیەکی زۆریان هەبووە و کارەکانی ژیانیان ڕاپەڕاندوە و گرنگیان بە کولتووری کوردەواری داوە، تائێستاش ژنان دەست دەدەنە ئەو کارانە و خواردنە کوردەواریەکان بە زیندووی دەهێڵنەوە لە کۆمەڵگەدا.

 

کوێستان محەمەد، ژنێکی خاوەن کاری شاری سلێمانیە و ماوەی چەند ساڵێکە خواردنی کوردەواری دروستدەکات و دەیفرۆشێت، باسی لە تواناکانی خۆی کرد کە چۆن گرنگی بە بەرهەمە کوردواریەکان دەدات و ژنانی تریش فێری کارکردن دەکات.

 

"دروستکردنی خواردنی کوردەواریم زیندوو کردەوە بۆ تاکەکانی ئێستا"

کوێستان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتا کە دەستم کرد بە کارکردن لە سۆشیال میدیادا ڤیدۆی فێربوونی خواردنە کوردەواریەکانم دادەنا و خەڵک زۆریان بە دڵ بوو، دواتر بڕیارمدا پەیجێکی تایبەت بە خۆم دابنێم و لەڕێگەیەوە ئەو خواردن و بەرهەمانەی دروستیان دەکەم بیانفرۆشم، هەروەها بتوانم خزمەت بە ژنان بکەم و بۆ ئەوەی ئەوانیش تاکەکانی کۆمەڵگە فێری خواردنی کوردەواری بکەن، توانیومە ئەو کولتوورە زیندوو بکەمەوە لە لایان، هەموو خواردنێکی کوردەواری، سرکەی سێو، سرکەی خورما، دۆشاوی توو، بنێشتی کوردی، ئاوی گوڵ، ئاوی نەعناع و جادرە و مێخەک دروستدەکەم.

 

"لە دایکمەوە فێری دروستکردنی بەرهەمی کوردەواری بووم"

کوێستان محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، من هەر لە تەمەنی منداڵیەوە لەگەڵ دایکم لە گوند ئەم بەرهەمانەم دروستکردووە، هاتمە شار ئەو شتانەی لێرە دەفرۆشران ئەسڵ نەبوون، بۆیە من لە گوندەوە ئەمهێنا و چۆنیەتی دروستکردنەکەیم لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بڵاو دەکردەوە، زۆربەی ژنانیش سوودیان لێ وەردەگرت و ئێستا خۆیان دۆشاوی توو و بنێشتی کوردی دروستدەکەن و خۆشم بەردەوامم لە دروستکردنی، هەرچەندە دروستکردنی ئەم بەرهەمانە قورسە، بەڵام ژنان زۆر باشن لە دروستکردنیدا.

 

وتیشی: "من هەرچەندە زۆر هیلاک دەبم لە ئیشەکەمدا، بەڵام ئیشەکەی خۆمم خۆشدەوێت، بۆیە بەردەوامم و گوێ بە هیلاکی نادەم، ڕۆژی وا هەبووە لە کاتژمـێر ٥ی بەیانیەوە تا ١ی شەو خەریکی دروستکردنی ئەم بەرهەمانە بووم، چونکە بەس دۆشاوی تووەکە سێ ڕۆژی دەوێت تا دروستی دەکەم، ڕۆژێک تووەکە دەکوڵێنم و ڕۆژێک خەستی دەکەمەوە و دواتر دەیکەمە دەبەوە.

 

"بەرهەمە کوردەواریەکان چەندین سوودی تەندروستیان هەیە"

کوێستان محەمەد ڕوونی کردەوە، "بنێشتی شاخەکانی خۆمان دروستدەکەم و بە منداڵیش لە دارە بەنەکانی خۆمان دەرماندەکرد، هەروەها ئاوەکەشی بۆ برینی ماعیدە گرنگە، سرکەی سێو ٤بۆ ٦ مانگی دەوێت تا دروستی دەکەین بۆ کلسی فەقەرات و ماعیدە و گیرانی بۆری دڵ زۆر باشە، سرکەی خورما نزیکەی ٣-٥ مانگی دەوێت تا تەواو دەبێت، بۆ دژە بەکتریا و باشکردنی کرداری هەرس بەسوودە، ئاوی گوڵ و بەرهەمەکانی تر بە ئاوتک دەری دەکەین و بە ئامێری سەردەمیانە دروستیان دەکەین و لە ٨ بەیانی تا ١٢ شەو خەریک دەبم تا تەواو دەبێت، چونکە بۆ نزیکەی ٢٠ کیلۆ گوڵ ١٢ بۆ ١٣ کاتژمێری دەوێت و بۆ گەنجبوونەوەی ژنان زۆر بەکاردەهێنرێت، هەروەها ئاوی مێخەک بۆ ئیلتیهابی ناو دەم بەسوودە، ئاوی نەعناش بۆ سەرئێشە و ڕشانەوە باشە و چەندین سوودی تریان هەیە.

 

"چەندین ژن سوودیان لە ئیرادەی من وەرگرتووە بۆ کارکردن"

کوێستان محەمەد وتیشی: خەڵکی داواکاری زۆری لەسەر بەرهەم و خواردنەکانمە بە تایبەتی ئاوی گوڵ و بنێشت و دۆشاو، جگە لەو بەرهەمانە بەهاراتی بریانی ١٢ جۆر و بەهاراتی یاپراخ ١٠ جۆر دروستدەکەین، من هەرچەندە دایکم و ئەرکی ماڵەوەم لەسەرە، بەڵام وازم لە تواناکانی خۆم نەهێناوە، هیوادارم هەموو ژنێکیش کە توانا و بەهرەیەکی هەیە پشت بە خۆیان ببەستن، هەرچەندە سەرەتا بۆ من قورس بوو کەس نەیدەناسیم و زۆرجار زەرەرم دەکرد، بەڵام هەر کۆڵم نەدا و ئەوەش وایکرد ئێستا زۆر ناسراو بم و چەندین ژن لە ڕێگەی منەوە ڕۆشتوونەتە سەر کاری خۆیان و سوودیان ئیرادەی من وەرگرتووە.