هونەر هۆشیاریی دروست دەکات و جێی تووندوتیژیی تێدا نابێتەوە

بوشرا عەبدۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی تێکۆشان بۆ هاوڵاتیبوونی یەکسان رایدەگەیەنێت، هونەر کەرەستەیەکی گرنگە بۆ هۆشیاریی کۆمەڵگە لەدژی تووندوتیژییەکانی سەر ژنان و پێیوایە، هەتا هۆشیاریی زیاتر ببێت لەناو کۆمەڵگەدا، تووندوتیژیش کەمتر دەبێتەوە.

حەنان حارت

 

مەغریب– کۆمەڵەی تێکۆشان بۆ هاوڵاتیبوونی یەکسان، ماوەی چوار ساڵە لەڕێگەی کاری هونەرییەوە کار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دژی تووندوتیژییەکانی سەر ژنان دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لە چوارچێوەی کەمپەینی "تووندوتیژیی راگرە" کورتە فیلمێکیان بەناوی "ئەلناشبا" بەرهەمهێناوە، کە باس لە تووندوتیژیی دیجیتاڵیی دەکات و چیرۆکی کورتەفیلمەکەش باس لە ژنێک دەکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پیاوێک دەناسێت و دواتر لەلایەن پیاوەکەوە رووبەرووی هەڕەشە و فشار دەبێتەوە.

 

بوشرا عەبدی، سەرۆکی کۆمەڵەی تێکۆشان بۆ هاوڵاتیبوونی یەکسان ڕایگەیاند، هونەر شێوازێکی کاریگەرە بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و گەیاندنی ئەو کێشانەی کە ژنان تووشی دەبن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەموو بوارەکانی هونەر لەبەرچاو دەگرن بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە دژی توندوتیژی.

 

"هونەر کاریگەری لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ هەیە"

بوشرا عەبدۆ باسی لەوەشکرد، کە هونەرە بینراوەکان-ی وەک سینەما کاریگەرییەکی جددی لەسەر کۆمەڵگا هەیە و وتی؛ "لەڕێگەی هونەرەوە خێراتر دەگەیتە ڕایگشتی، هاوشێوەی ئەوانەی تێدەکۆشن، پێویستە ئێمەش سوود لەم دۆخە وەربگرین، هەڵاواردن و نادادپەروەری و توندوتیژی و رەگەزپەرەستی کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان هەیە. ئەو فیلمانەی بە ئامانجی پێدانی پەیامێک لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دروست دەکرێن، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر گۆڕینی ڕەفتاری خەڵک هەیە. هونەر بە هەموو فۆرمەکانییەوە ڕێنمایی بینەران دەکات و لە هەمان کاتدا ناڕاستەوخۆ ئامۆژگارییان دەکات، بۆ نموونە کاتێک باسی ئەو فیلمانە دەکەین کە باس لە کێشەکانی ژنان دەکرێت، تێدەگەین کە بینەر ڕاستەوخۆ لە پەیامەکان تێدەگات. بەرادەی ئەوەی هۆشیاریی لە کۆمەڵگەدا بڵاودەکرێتەوە، بەها مرۆییەکانیش ئەوەندە لە کۆمەڵگەدا دروست دەبن، پاشان هەموو جۆرە توندوتیژی و پراکتیزەیەک دژی ژنان و کچان ڕەتدەکرێتەوە”.

 

"هونەر پەنجەرەیەکی کاریگەرە"

بوشرا عەبدۆ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هونەرمەندانی مەغریبی پەروەردەی کۆمەڵگا و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بکەن و وتی: بەتایبەت لە بواری سینەمادا پێویستمان بەو جۆرە بەرهەمانە هەیە کە خزمەت بە خەباتی ژنان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگا بکەن، پێویستە هۆشیاری گشتی لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە دژی ژنان بەرز بکرێتەوە، واتە دژی دیاردەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جیاکاریی رەگەرزیی، دەبێت لە خوێندنگەکانیشدا خوێندکاران لەسەر ئەم بنەمایە پەروەردە بکرێن، ئێمە دەمانەوێت هونەر پەنجەرەیەکی کاریگەر و گرنگ بێت بۆ کاریگەری لەسەر گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری خوازراو و هێنانە پێشەوەی پرسی ژنان لە پێناو گەیشتن بە مافەکانی ژنان.