"سەما زمانی جەستەیە بۆ گەیاندنی پەیامێک"

یەکێک لە ڕێگەکان بۆ ناساندنی کولتووری نەتەوەکان سەمایە، بەڵام کۆمەڵگەی کوردی لە ئەمەشدا ڕێگری لە ژنان دەکات و سەماکارێکیش دەڵێت: ڕێگە بە ژنەکان بدەن تێکەڵی هونەر بن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- هەموو کۆمەڵگەیەک بە تایبەتمەندییەکانی جیا دەکرێتەوە لە کۆمەڵگەکانی دیکە، بەڵام سەما تایبەتمەندییەکی هاوبەشە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر نەتەوە و ناوچەیەک شێوازی تایبەتی سەمای هەیە و بە شێوازی بەرجەستەکردن، جلوبەرگ و مۆسیقا لەوانی تر جیا دەکرێتەوە.

 

کۆمەڵگەی کورد سەمای تایبەت بە خۆی هەیە، ئەویش هەڵپەڕکێیە، کە هونەر، کولتوور، دابونەریت و شێوازی جیاوازی هەڵگرتووە، بەهۆی هەڵە تێگەشتنی کۆمەڵگە و ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ناهۆشیارییەوە، سەما واتای خۆی لەدەستداوە و ڕێگە نادەن ژنان هونەری سەما هەڵبژێن، چونکە بە عەیبەی دەزانن.

 

سەما هەڵگری چاند و هونەرە و پەیامێک دەگەیەنێت، بۆیە گرنگی هەیە و لەو پێناوەدا، لە ساڵی ١٩٨٢ لەلایەن کۆمیتەی نێونەتەوەیی سەما و پەیمانگای نێونەتەوەیی شانۆ، ٢٩ی نیسانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی سەما دیاریکرا، لە هەرێمی کوردستانیشدا بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.

 

"ژنان خۆشەویستییەکی تایبەتیان هەیە بۆ سەما"

سۆلین دڵپاک، ماوەی ١٧ ساڵە لە گروپی هونەری میللی سەماکارە و دوای ئەوەی پیرۆزبایی ڕۆژی سەمای لە خۆی و هاوپیشەکانی کرد، ئاماژەی بەوەکرد، سەما لە هەر وڵاتێک کولتوورێکی تایبەت بە خۆی هەیە، سەما بریتیە لە زمانی جەستە کە پێکهاتووە لە جوڵە، مۆسیقا، ئێکسسوار و جلوبەرگ، لە هەمان کاتدا تابلۆکانی ئێمە نواندنی تێدایە و لە ڕێگەی زمانی جەستەوە کارەکەی خۆمان دەخەینەڕوو، گروپی سەمای ئێمە لە ١٣ ژن پێکهاتووین و یەکێک لە ڕاهێنەرەکانیشمان ژنە، وەکو ژنان توانایەکی باشمان هەیە لە سەمادا، چونکە خۆشەوسیتییەکی تایبەتمان هەیە بۆ کارەکەمان، لە هەرێمی کوردستان هەر شوێنە و سەمای تایبەتی خۆی هەیە، کە هەڵپەڕکێیە و ئێمە بە مۆسیقا و و جلوبەرگ و شێوازی هەڵپەڕکێوە دەزانین کە هی چی ناوچەیەکە.

 

"لە کارەکانماندا جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی بەکاردەهێنین"

سۆلین دڵپاک ئەوەشی خستەڕوو، لە بەڕێوەبەرایەتی گروپی هونەری میللی‌دا لە ساڵی ١٩٩٧ەوە تا ئێستا هەوڵمانداوە کولتووری کوردی نەتەوەکەمان بە جوانی بهێڵینەوە لە ڕێگەی کارەکانمانەوە، تەنانەت ئەو جلانە بەکاردەهنێن کە مۆرکی کوردی و فۆلکلۆری کوردیان پێوە دیارە، هەندێک لەو تابلۆیانەی ئێمە بە جووڵە نمایشی دەکەین، تەشی ڕستنە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژنان لە پێشوودا چۆن کاریان کردووە، کاتێکیش لە پێشانگایەک یان کارێکدا بانگهێشتمان دەکەن بۆ هەڵپەڕکێ، پێشتر گفوگۆیان لەگەڵدا دەکەین و بە پێی ئەوە خۆمان ئامادە دەکەین و ڕاهێنانی لەسەر دەکەین، هەر بۆنەیەک و لەوحەی تایبەت بە خۆی هەیە.

 

وتیشی: بەشێک لە کۆمەڵگە هەندێک لە سەما و هەڵپەڕکێکانی پێ قبوڵ نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ناهۆشیاری کۆمەڵگە، لەو چالاکیانەی بانگهێشتمان دەکەن بەشێک لە خەڵکی پێشوازییەکی جوانمان لێدەکەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەشێکیان پێیان عەیبە و پێیانوایە بۆ کۆمەڵگە نابێت، ئەمەش لە کۆمەڵگەی کوردیدا زیاتر ڕەنگدانەوەی هەیە، بەڵام لە کۆمەڵگەکانی دەرەوە زۆر ئاساییە، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک هونەرێکی تایبەت بە خۆی هەیە.

 

"بە عەیبە زانینی سەما و هەڵپەڕکێ لای کۆمەڵگە ژنانی بێ بەش کردووە لەو هونەرە"

سۆلین دڵپاک ڕوونی کردەوە، "هەوڵمانداوە و زیاتر ئەو سەمایانە دەکەین کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگە دایە، وەکو هەڵپەڕکێ و نەمانهێشتووە لە سنوری کۆمەڵگە دەربچێت، ئەوەی ئێمە ئەنجامی دەدەین سەمایەکە سیناریۆیەکی زمانی جەستەیە و هەم فۆلکلۆریشە، سەما بەو شێوەیە نییە کۆمەڵێک کەس بەهۆی ناهۆشیاریان لە هونەر دەیبینن، بەڵکو سەماش بەشێکە لە هونەر، بۆ زیندوو هێشتنەوەی سەما لە کۆمەڵگەی کوریدا کە هەڵپەڕکێیە، یەکەم شت دەبێت کولتوورەکەی خۆمان زیندوو بهێڵینەوە، وەکو ژنێکیش داوا لە خێزانەکان دەکەم ڕێگری نەکەن لە ژنان و با ئەوەی ژنان خۆیان پێ خۆشە ئەنجامی بدەن، تەنانەت ئەقڵیەتی پیاوسالاری وایکردووە لە هەندێک لە ئاهەنگەکانیشدا پیاوان زیاتر هەڵدەپەڕن و ڕێژەی ژنان کەمترن، بۆیە نابێت خێزانەکان ڕێگر بن لە ژنان لە تێکەڵبوون لەگەڵ ئەو هونەرەی دەیانەوێت بە تایبەتی سەما، چونکە شتێکی عەیبە نییە و هیچ جیاوازیمان نییە لەگەڵ وڵاتانی تر، با ئەو بەهرە و پەیامەی پێمانە بتوانین لە ڕێگەی سەماوە بیگەیەنین، لەبەر ئەوەی هونەرەکەی ئێمە زمانی جەستەیە.