هونەرێک لە گڵ، نەخشاندنێک بە دەستی ژن

سۆزە، هەستی ژنبوونی تێکەڵ بە گڵەکەی دەستی کردووە و هونەرێک بەرجەستە دەکات کە بینەرانی سەراسیمە دەکات و دووپاتکەرەوەی ئەو ڕاستیەیە، هەر کارێک ژنان بیکەن جیاواز دەبێت، چونکە ڕۆحیەتێکی جیاواز لە کارەکانیدا هەست پێدەکرێت.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- هونەری سیرامیک یەکێکە لە چالاکییە هونەرییە بینراوە بەرجەستەکان، سیرامیک چەندین جۆری هەیە و بە چەندین پێکهاتە و ڕێژەی جیاواز لە گڵ دروست دەکرێت، وەک پەیکەرسازی، دیکۆرات، پیشەسازی و لەلایەن شوێنەروارناسانیشەوە بە هونەری شوێنەوارناسی دادەنرێت.

 

سۆزە حەمە ساڵح، کۆلێژی هونەر بەشی سیرامیکی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لە بواری سیرامیک دەستی بە کارکردن کردووە، سەرەتا لە بەشی پیشەیی خوێندنگایەک لەگەڵ خوێندکارەکان دەستی بە کاری سیرامیک کردووە، پاشان دەستیکردووە بە دروستکردنی چەندین کاری هونەری و چەندین پێشەنگاشی بۆ نیشاندانی بەرهەمەکانی کردوەتەوە

 

ماوەی چەند مانگێکە ستۆدیۆیەکی سیرامیکی لە کارگەی کولتووری سلێمانی کردووەتەوە، کە تیایدا وۆرکشۆپ و خول بۆ خوازیارانی سیرامیک کە لە هەر ئاستێکدا بن، دەکەنەوە و ئاشنایان دەکەن بە سیرامیک.

 

هونەرێک بەدەستی ژن بێت و تێکەڵ بە هەست و ڕۆحیەتێکی ژنانەوە بێت بێگومان جیاوازی دروست دەکات و ئەمەش دەگاتە بینەران و ئەوانەی بە چاوی دڵیان جوانییە هونەرییەکان دەبینن، ڕۆژانە سۆزە پاش تەواوبوونی دەوامی فەرمی حکومی، دێتە ستۆدیۆی سیرامیک و دەست بە کارە هونەرییەکانی دەکات و سەرقاڵ دەبێت بە فێرکردنی فێرخوازانی ستۆدیۆ هونەرییەکەی، بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لە حەز و خولیا و ئەزموونەکانی لەگەڵ هونەری سیرامیک دەکات.

 

"گڵی عێراق بەکاردەهێنین لە کاری سیرامیک "

سۆزە باسی لەوەکرد سیرامیک بوارێکی قوڵ و فراوانە و چەند جۆرێکی هەیە، هەر جۆرێکیان پێکهاتە و دروستکردنی قوڕەکەی جیاوازە، "سەرەتا قوڕەکەی بە پێکهاتە و ڕێژەی تایبەت بۆ دەگرینەوە و کارە هونەرییەکەی لێ دروستدەکەین، وازی لێدەهێنین تا وشک دەبێتەوە و تەڕی تیا نامێنێت، پاشان دەیخەینە ناو فڕنەوە و دەبێت بە فەخر و دواتر شوشەی دەکەین کە ئەمەش بۆ هەر جۆرێکیان جیاوازی هەیە".

 

سەبارەت بەو خۆڵەی بەکاریدەهێنن سۆزان باسی لەوەکرد گڵی سوور کە لە کوردستان هەیە، بەکاردێت، بەڵام بۆ هەموو کارە هونەرییەکان نابێت، پێویستمان بە گڵێکە لە بەغداوە بۆمان دێت لە عەکاشات، ئەمەش وایکردووە کە کاری سیرامیک تێچوویەکی زیاتری تێبچێت و زۆر کاتیش لە هێنانی گڵەکەی و کەرەستەکانی دیکە سەختی دروست دەبێت و ناتوانین بەدەستمان بگات.

 

"لەو گڵەی بەدەستەوە دەیگریت هەر هونەرێک بتەوێت دەتوانیت دروستی بکەیت "

سۆزە باسی لەوەکرد هونەری سیرامیک جیاوازی هەیە لەگەڵ هونەرەکانی تر و دڵ و ڕۆحت پەیوەست دەبێت بەو قوڕەی لەدەستت دایە و لە ئێستاشدا هاوچەرخبوونی بەخۆیەوە بینیووە، "سەبارەت بە کارە هونەرییەکانیش کەوتووەتە سەر خواستی هونەرمەندەکان و دەتوانن هەر خەیاڵێکی هونەرییان هەبێت بەرجەستەی بکەن و ئیلهام لە شاکاری هونەرمەندە بەناوبانگ و پێشکەوتووەکان وەربگرن، سیرامیک لەوە دەرچووە کە تەنها گۆزە و دیزە بێت، بۆیە هەر کەسێکیش دێتە ئێرە من پێی ناڵێم چی دروستبکات، بەڵکو کەوتووەتە سەر خواستی کەسەکان، هەر کارێکیش بە پێی وردی کارەکە بۆ تەواوبوونی کاتەکەی جیاوازە کە چەند ڕۆژی پێدەچێت."

 

"ئاستەنگییەکانی بەردەم هونەرمەندان، ڕێگری لە پێشکەوتنی هونەری سیرامیک دەکات "

هونەرمەندانی سیرامیک توشی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە ئەمەش وایکردووە کە بەردەوامبوون لەسەر هونەری سیرامیک سەخت بێت و بەشێکیان دوای ماوەیەک لێی دووربکەونەوە، سۆزە لەم بارەیەوە وتی: دەستکەوتنی ماددەکان کە بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان نییە و هێنانی لە دەرەوەی وڵاتە وادەکات کارە سیرامیکییەکەکان تێچوویەکی زیاتری بوێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێنانی خۆڵ و ماددەکانی دیکە کە لێرە نییە ئەگەر هاوکاری نەکرێین هەموو کات دەستکەوتنی ئاسان نیە.

 

سۆزە باسی لە ئاستەنگییەکی دیکەش کرد و وتی: بازاڕکردنی بەرهەمە سیرامیکییەکان زەحمەتە چونکە خەڵکی فێری ئەوەبوون کە دەچنە بازاڕ کاڵای چینی، تورکی و ئێرانی دەکڕن بە نرخێکی کەمتر، بۆیە کاتێک دێن و کارەکان دەبینن نرخێکی کەمتر دەدەن و ناتوانن جیاوازی ئەوەبکەن کە بەرهەمەکان لە کارگە بە کۆ دروسستبکرێت جیاوازە لە کاری دەستی کە کاتێکی زیاتری دەوێت، پارچەکان تەنها یەک دانەیە و بەرهەمێکی هونەرییە، بەڵام کەسانێکیش هەیە لە گرنگی هونەرەکە تێدەگەن و نرخی تەواوی بەرهەمەکە دەدەن بەڵام ڕێژەیان کەمە.

 

"دەمەوێت لە ڕۆژی جیهانی ژناندا پێشەنگایەکی تایبەت بە خۆم بکەمەوە "

دەربارەی پێشەنگای کارە هونەرییەکانی، وتی: ساڵی ٢٠١٧ یەکەم کەس بووم پێشەنگای ڕاکۆ بکەمەوە، لێرە و لە پێشەنگای هاوبەشی دیکەشدا بەشدارییم کردووە، ئێستاش خۆم ئامادەکردووە کە پێشەنگایەک لە ٨ ئادار بکەمەوە، چونکە زۆر کارم کردووە بۆ ژنان و پێم خۆشە نیشانیبدەم، کاری هونەریم زۆرە بەڵام پێشوازیکردنی خەڵک لەو چوارچێوەیە دایە کە کارەکانیان بەلاوە جوانە و دەستخۆشیمان لێدەکەن، بەڵام ساغکردنەوەی بەرهەمەکان وەک پێویست نیە و ئەمەش تا ڕادەیەک وایکردووە کە ساردببمەوە، بەڵام هەر بەردەوامیشم لە کارەکانم.