دەرهێنەر یاسەمەن شەرەفمەنش: دەمەوێت پەیامی ژنان بە جیهان بگەیەنم
یاسەمەن شەرەفمەنش، دەرهێنەری بەڵگە فیلم دەڵێت: بە هۆی ژنە ڕۆشنبیرەکانەوە، یەکێک لە پێشکەوتوترین کۆمەڵگەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆژئاوای کوردستانە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ڕۆژئاوای کوردستان تەنها ناوی ناوچەیەک نییە، بەڵکو چیرۆکی خەبات، ئازادی و ژیانی ژنان و هاوڵاتیانە، یاسەمەن شەرەفمەنش، دەرهێنەری بەڵگەفیلم، دوای ساڵانێک سەرنج و کاری لەسەر ڕۆژئاوا، لە پڕۆژەیەکی بەڵگەفیلمدا هەوڵ دەدات ئەو چیرۆک و ئەزموونانەی بگەیەنێتە بینەرانی جیهان، بە تایبەتی خەبات و ڕۆڵی ژنان لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێدا.
" کار لەسەر خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەم، تا پەیامی ژنان بگەیەنمە جیهان"
یاسەمەن شەرەفمەنش، دەرهێنەری بەڵگە فیلم ئاماژەی بەوەکرد، وەک دەرهێنەرێک لە ساڵی ٢٠١٩ تا ئێستە هەموو بیروهۆشێکی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانە، بۆ گەیاندنی پەیام و خەباتی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بە تەواوی جیهان، بریاری بەڵگە فلمێک دەدات، وتی: زیاتر لە هەشت ساڵە هەموو تەرکیزم لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانە، ئەو بارودۆخەی لەوێ لە لایەن هاوڵاتیان و ژناند اڕوودەدات، دەمەوێت هەموو جیهان بە تواناکانیان بزانێت، بۆیە پڕۆژەکەم لە سێ بابەتدا خۆی دەبینێتەوە، کە باس لە بەرخۆدانی ژنان و ئەو باندۆرەی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر گەلی کوردو جیهان دروستی کردووە، هیوادارم ئەو باندۆرەی دروستیان کرد لەسەر جیهان لە ناو فیلمەکەدا ڕەنگداتەوە، هەروەها لەسەردانیکردنم بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەری گەورەی لەسەر فکر و ڕۆحی من بەجێهێشت، زۆر بەختەوەرم توانیم رۆژئاوا تەجروبە بکەم لەوو سآڵانەدا، بینینی ژنانی ئازا و بەهێز، بە درێژایی ئەو هەموو ئاستەنگییەی کە کۆمەڵگە لەسەری دانابوون، ئەوەندە ئازاو فکرکراوە خەباتیان دەکرد، هەروەها لەڕووی کولتوورو هونەرو ژیانکردنێکی مرۆڤایەتییەوە تێکۆشانیان بەردەوامبوو، کاریان بۆ دەکرد، پێویستە ئیمە ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دەگوزەرێت پشانی تەواوی جیهانی بدەین، تا چاو لە خەبات و ژیانیان بکرێت.
"ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بوونەتە لوتکەی ڕۆشنبیری بۆ گەلی کورد"
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان باس لە ئازادی و دیموکراسی دەکەن، لە کاتێکدا لە دۆخی جەنگدابوون و بەرگریان لە خاکی خۆیان دەکرد، وتی: لە سەردانی کردنەکەمدا شتێک کە سەرنجی منی ڕاکێشا، دایکێکی بەتەمەن لە ماڵەکەیدا دانیشتبوو یاپراخی دەپێچایەوە، بەڵام باسی ئازادی و دیموکراسی بۆمن دەکرد، لە کاتێکدا خوێندەواری نەبوو هەروەها هەلی چون بۆ قوتابخانەشی نەبووە، ئەم چیرۆکە دەری دەخات ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە چی ئاستێکی ڕۆشنبیریدان، بونەتە لوتکەی ڕۆشنبیری بۆ گەلی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا، بە ڕای من یەکێک لە پێشکەوتوترین کۆمەڵگەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆژئاوای کوردستانە بەهۆی ژنە ڕۆشنبیرەکانی کە ئێستە هەیەتی، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەو کاریگەرییەی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە کە ساڵانێکە هەوڵ بۆ دروستکردنی دەدەن، تا بتوانن ماف و هێزی خۆیان بناسن.
یاسەمەن شەرەفمەنش لەکۆتایی قسەکانیدا وتیشی: هەرکات باسی ڕۆژئاوا دەکەم هەستێکی تایبەتم هەیە، خۆشترین هەستم لە ڕۆژئاوای کوردستان هەبوو، ئەو ڕێزەی لە ژن لەوێدا دەگیرێت لە هیچ شوێنێکی جیهاندا لەژن ناگیرێت، ژنان هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکەن و سەرکەوتوش بوون تێیدا.