"چیرۆکی شارەکەم بەرەو کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای بردم"

کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا بەردەوامە لە کارەکانی بۆ پەرەپێدانی سینەما و بەرزکردنەوەی ئاستی کولتووری لە ڕۆژئاوادا، نەژبیر خانم، ئەکتەر باسی کارەکانی خۆی کردو ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی چیرۆکەکانی شارەکەیەوە، بەشداری لە کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا کردووە.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، کاتێک ژنان بوون بە پێشەنگی شۆڕش، لە زۆر بواردا شوێنی خۆیان گرت، وەک سیاسی، سەربازی، هونەری، کولتووری، ڕاگەیاندن و لە زۆر بواری تردا کار دەکەن، ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان لە بواری سینەمادا کار دەکەن، نەژبیر خانم تەمەن ٢٧ ساڵ، بۆ ماوەی چوار ساڵە لە سینەما لە کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا کار دەکات، وەک ئەکتەر لە فیلم و زنجیرەکاندا کاری کردووە، لەو بارەیەوە قسەی بۆ کردین.

 

لە هەر فیلمێکدا ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە

نەژبیر خانم باسی سەرەتای بەشداریکردنی لە نواندن کرد و وتی: بۆ ماوەی چوار ساڵە وەک ئەکتەر کار دەکەم و یەکەم فیلم بەربۆ بوو کە بەشداریم کرد، فیلمی بەربۆ دەربارەی جەنگی سەرێکانی بوو ڕۆڵی سەرەکیم وەرگرت، کاتێک جەنگ دەستیپێکرد، هێرش و کۆچ هەبوو، و فیلمەکە مانای بارودۆخی کۆمەڵگە پێش و پاش جەنگ نیشان دەدا، فیلمی دووەم فیلمی کۆبانێ بوو، دەربارەی جەنگی کۆبانێ بوو، ڕۆڵی سەرەکیم گێڕا لە ڕۆڵی شەهید ئاسمین، هەروەها بەشداریم لە زنجیرەی خۆشەویستی کوردیدا کرد و ڕۆڵی سەرەکیم لەو زنجیرەیەدا وەرگرت، و ئەو زنجیرەیە ١٥ ئەڵقەی چیرۆکی فیلمەکە بوو بە گشتی دەربارەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها بەشداریم لە دوو کلیپدا کرد، یەکێکیان قامیشلۆ بوو لەبەر دەرگا و ئەوی دیکەیان مەندل بوو، کلیپی قامیشلۆ لەبەر دەرگا دەربارەی کولتووری قامیشلۆیە، مەندەل لەسەر کولتووری فورات بوو.

 

"هەموو فیلمێک چیرۆکی شارەکەم بوو"

نەژبیر خانم تیشکی خستەسەر سەختییەکانی سەرەتا و بەشداریکردنی لە فیلمە کوردییەکاندا و وتی: لە سەرەتادا ئەوە ئەزموونێک بوو بۆ من، دەمویست وەک ئەکتەر کار بکەم، هەر لە منداڵییەوە حەزم لە نواندن بوو. بۆیە ئامانجی من ئەوە بوو کە ئێش و ئازاری وڵاتەکەم لە ڕێگەی نواندنەوە ڕوون بکەمەوە، بەشداریکردنم لەم فیلمانەدا بەهۆی چیرۆکەکانی شارەکەمەوە بوو، سەختییەکانی سەرەتا، فیلمەکەی بێربۆ بۆ یەکەم جاربوو لەبەردەم کامێرادا ئەکتەری بکەم، من کەمێک شەرمم دەکرد لەبەردەم تیمی وێنەگرتن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەو کێشانە کەمبوونەوە.

 

"لە شۆرشی ڕۆژئاوادا ژنان بوونە پێشەنگ"

نەژبیر خانم ڕایگەیاند، دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان بوون بە پێشەنگی شۆڕش و داوای زیادکردنی کاری سینەمایان کرد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە سەرەتادا، خوشکەکەم پاڵپشتی کردم بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدان لە نواندندا، لیژنەی فیلمی ڕۆژئاواش دەرفەتی ئەوەیان پێدام بەشداری لە چەندین فیلم و زنجیرەدا بکەم، دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان لە زۆر بواردا گەشەیان کرد، لە ڕووی سیاسی، سەربازی، کولتووری، ئابووری و ڕاگەیاندنەوە ژنان بوون بە پێشەنگ لە زۆر بواردا، بەڵام لە بواری سینەمادا کەم بوون، من حەزدەکەم ژنان زیاتر بەشدار بن لە نواندن لە بواری سینەمادا، کاری سینەما پەیامی شارەکەمان دەگەیەنێت بە جیهان، پێویستە سینەما لە ڕۆژئاوا گەشە بکات و لێرە فیلم دروست بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین چیرۆکی شارەکەمان لە ڕێگەی ئەو فیلمانەوە بگێڕینەوە.