خاڵ کوتان: ئاماژە بوو بۆ جوانی ژنان

"خاڵ کوتان" میراسێکی کۆمەڵایەتییە، کە ژنان لەسەر جەستەیان دەیکوتن و بەشێکە لە جوانییان.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

مەنبج- "خاڵ کوتان" یەکێکە لەو نەریتانەی کە ژنان لە ڕابردوودا پەیڕەویان کردووە، خاڵیان لەسەر دەموچاو و بەشە جیاوازەکانی جەستەیان کوتاوە، لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی کە جیهان بەخۆیەوە بینیوە و ئامێر بەرهەمهێنراوە، ئەم نەریتە پەرەی سەندووە و جیاوازترە لە پێشوو، بە یەکێک لە فۆلکلۆرە کۆنەکانی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان دادەنرێت، یەکێک بووە لەو ڕێگەیانەی ژنان گرتوویانەتەبەر بۆ جوانی، ئەمە جگە لەوەی بۆ شانازیکردن و ڕازاندنەوە و چارەسەریش بەکارهێنراوە.

 

"ئەو ژنەی خاڵ کوتانی بزانیایە ژنێکی بە بەخت بوو"

یازا جاسم، تەمەنی ٧٠ ساڵ دەبێت، دایکی پێنج کچ و چوار کوڕە، خەڵکی گوندی حالولەیە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری منبج، دەڵێت: کاتێک گەنج بووم ژنێک خاڵی لەسەر دەم و دەست و ملم و پێیەکانم کێشاوە، لەو کاتەدا هەموو ژنە گەنجەکان ئەم کارەیان دەکرد و ئەو ژنە گەنجەی کە هونەری خاڵ کوتینی بزانیایە بە یەکێک لە بە بەخت دادەنرا.

 

سەبارەت بەو کەرەستانەی لە خاڵ کوتاندا بەکاردەهێنرێت، یازا وتی: ژنان پێشتر بۆ دروستکردنی ماددەکەی خاڵی پێدەکوترا، پەتیان دەسووتاند تا سوتوویان دەستبکەوێت، پاشان زراوی مریشک یان بزنیان تێکەڵ دەکرد و ماوەیەک دەیانهێشتەوە، دواتر ئامادەبوو بۆ بەکارهێنان و نوکی دەرزییەکی ئاسن یان مسیان دەسووتاند و دەیانکردنە ناو گیراوەکە و خاڵەکەیان پێدەکوتا.

 

"خاڵم بۆ ژنان دەکوتی بۆ ئەوەی کولتوورەکەمان بڵاوببێتەوە"

یازا جاسم باسی لەوەکرد، لەو سەردەمەدا زۆربەی ژنان خاڵیان دەکێشا کە لە داپیرەکانیانەوە فێری بوون، منیش فێری هونەری خاڵکردن بووم و بۆ ژنانی گەنجم دەکێشا بۆ ئەوەی بەشداربن لە بڵاوکردنەوەی ئەم کولتوورە، کە گوزارشت لە جوانی و گەنجی دەکات، ئەو خاڵە سروشتییەی کە لە ڕابردوودا دەمانکێشا، ئێستا بوونی نییە، ژنانیش چیتر نایکێشن، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی کێشانی خاڵ پەرەی سەندووە، بەو پێیەی ئامێری تایبەت بەکاردێت بۆ کێشانی، گەنجان و ژنانیش زیاتر ئارەزووی خاڵ تازەکان دەکەن.

 

یازا جاسم دووپاتی کردەوە کە خاڵ جاران دەربڕینی جوانی ژنان بوو، بەو پێیەی هەموو ژنان لە ڕابردوودا خۆیان بە جیا دەزانی کاتێک خاڵیان لەسەر دەم و دەست و قاچیان دەکرد، وتیشی: پەیامێک بۆ ژنان دەنێرم کە کولتوور و دابونەریتی خۆیان بپارێزن، بەو شێوەیە دەتوانن نەوەکانی داهاتووش فێر بکەن کولتووریان بپارێزن.