شکاندنی دیواری چوارەم چیە؟ بۆچی ئەکتەرەکان دیواری چوارەم دەشکێنن؟

دیواری چوارەم ئەو کاتە دەشکنێندرێت کە وەک بەشێک لە سیناریۆ بڕیاری قسەکردنی ڕاستەوخۆی ئەکتەر لەگەڵ بینەر دەدرێت.

سۆزیار عەلی

 

سلێمانی- سەرەتا کە تەنھا شانۆ بوونی ھەبووە و سینەما نەھاتبووە کایەوە، نواندن بە شێوازێکی ئاسایی و دوور لە بەشداریپێکردنی بینەر بووە، دواتر ھەوڵی دووان لەگەڵ بینەر و بەشداری پێکردنی ڕاستەوخۆی دراوە، کە ئەمەش پێی وتراوە شکاندنی دیواری چوارەم.

 

دیواری چوارەم، دیوارێکی خەیاڵیە و وێنای دەکرێت لە نێوان ئەکتەرەکان و بینەرەکاندا، ئەم شێوازە لەگەڵ ھاتنی سینەمادا گەشەی کرد و بووە تەکنیکێکی سینەمایی، دیواری چوارەم ئەو کاتە دەشکنێندرێت کە وەک بەشێک لە سیناریۆ بڕیاری قسەکردنی ڕاستەوخۆی ئەکتەر لەگەڵ بینەر دەدرێت، جیھانی خەیاڵی نمایشەکان نامێنن و بینەر پەلکێشی ڕاستی ئەو کاتە دەکرێت و لە بینەرێکی ئاساییە و دەکرێت بە بەشێک لە ڕەوتی نمایش و ڕۆڵی بیرکردنەوەی پێ دەدرێت.

 

لە بارەی مێژووی ئەم تەکنیکەوە دەوترێت کە لە سەدەکانی نۆزدەدا و سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە ئاشنایەتی بە دەستەواژەی شکاندنی دیواری چوارەم زیادی کرد و بە تێپەڕبوونی کات لە شانۆکاندا بەکارھات.

 

یەکێک لە سەرەتایترین فیلمەکان کە تەکنیکی شکاندنی دیواری چوارەمی تێدا بەکارھاتبێت، لە ساڵی ١٩١٨ پەخشکراوە و سیناریۆکەی لەلایەن ژنە نووسەر ماری ماکلەین بووە، کە لەبارەی ژیانی خۆیەوە بووە.

 

ئەم تەکنیکە لە پێشتردا زیاتر لە فیلمە کۆمیدیەکاندا بەکاردەھات و دواتر چووە ناو جۆرەکانی تری فیلمەوە، سینەما لە چوارچێوەیەکی بازرگانیدا بەردەوام لە ھەوڵی ڕازیکردنی خواستەکانی بینەر و ھێنانەدی خەیاڵەکانیەتی و شکاندنی دیواری چوارەمیش لە سینەمادا مێژوویەکی دێرینی ھەیە و سەرنج ڕاکێشیەکەی و دووبارە شۆکبوونەوەی بینەر بەم تەکنیکە بەردەوامی بە مێژووەکەی داوە.