بە دروشمی "شنەی پایز و سەدای دەفی ژنانی کۆیە" كۆنسێرتێك بەڕیوەچوو
ىە دروشمی "شنەی پایزو سەدای دەفی ژنانی کۆیە" یەکەم کۆنسێرتی ئینیستیوتی دەفژەنی زەینەب خان لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە بەرێوەچوو.
شلێر كۆیی
كۆیە_ یەكەمین گروپی دەفژەنی ژنان لە هەرێمی كوردستان لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، دەست و پەنجەی ژنانی ڕەچەشکێنی شاری کۆیە، ئاوێزانی ئیرادە و كولتووری ڕەسەنی کوردی دەبێت. بەرهەمی ئەو ماندووبوون و بەهرە زێڕینانە لە کۆنسێرتێکی تایبەتدا پێشکەش كراو دوێنی، لەگەڵ یەکەم رۆژی پاییزدا، لە کۆیەی دێریندا، لە وێستگەیەکی مێژوویی و پڕ لە جوانی یەكەمین کۆنسێرتی گروپی دەفژەنی زەینەب خان بەڕێوەچوو.
گروپەکە لە ٢٢ موزیکژەنی ژن پێکدێت و کۆنسێرتەکە دوای خولێکی چڕی ڕاهێنان دێت کە ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا ئەندامانی گروپەکە لەناو باڵەخانەی ئینستیتوتی زەینەب خان لە کۆیە، بەردەوام سەرقاڵی پەروەردە لەسەر لێدانی ریتمە جیاوازەکانی دەف و هاوئاهەنگیکردنی دەنگ و ئاوازەکان.
لە کۆنسێرتەکەدا کەشوهەوایەکی تایبەتی فۆلکلۆری و رۆحی بەسەر هۆڵەکەدا زاڵ ببوو، چەندین پارچە ئاوازی رەسەن و بەرهەمی گۆرانی بە شێوازی بەکۆمەڵ و بە یاوەریی ژەنینی ریتمیکی دەف پێشکەش بە ئامادەبووان كرا.
بەهرە رەزا، مامۆستای زانكۆ وتی: خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم كە دوای سێ مانگ لە خولی ڕاهێنانی دەف ژەنی، لەگەڵ مامۆستا مونا مەولاییی بەردەوام بووم و ئەمرۆ ئەو كۆنسێرتەمان سازكرد،وخۆم زۆر رام لە مییوزك ژەنی خۆمە و بەباشی دەتوانم پراكتیكی بكەم،هاوكات زۆر سوپاسی ئینستیوتی زەینەب خان دەكەین كەم كەتوانیان بەم شێوە پیشكەوتوە ئەو گروپە رابهێنن لەسەر دەف ژەنی. هەر ئەوگروپە لە ئایدەدا بەردەوام دەبین لەكار و چالاكی بەرهەمی زیاترمان دەبێت.
بەناز فاتیح، جێگری سەرۆكی ئینستیوتی زەینەبخان_كچە كورد وتی: بەشداربووی خولی دەفژەنیم كردووە ،كە یەکەم جارە لەهەرێمی كوردستان خولێكی واتایبەت بە ژنان بكرێتەوەو گروپی دەفژەنانی زەینەب خان وەک یەکەم گروپی دەفژەنی ژنان لە هەرێمی کوردستان کۆنسێرتێکی ئەنجامدا، ئیمە ئەندامانی گروپەکە بۆ ماوەی سێ مانگ ڕاهێنانی دەفژەنین و ئامادەکاریمان کردووە و لە ئێستاوە گروپەکە بەردەوام دەبێت لە چالاکی و بەشدارییە هونەرییەکان.
نیان ساڵح، ئەندامی گروپی دەفژەنانی زەینەب خان وتی: ئێمە بۆ ماوەی سێ مانگ ڕاهێنانمان ئەنجام داوەو ئەمڕۆش لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە یەکەم کۆنسێرتی گروپەکەمان بەڕێوە دەبەین، من یەكم لەو ٢٢ ژنەی گروپی دەفژەنی زەینەب خان جەختی لەسەر ڕۆڵی ژنانی کۆیە لە بوارە جۆراوجۆرەکان کردەوە، ژنانی کۆیە هەر لە مێژە پێشەنگی خۆیان سەلماندووە، ئەمڕۆش وەک یەکەم گروپی ژنانی دەفژەنین پەرە بە کاری هونەری دەدەین، و زۆر سوپاسی هەموان دەكەم كە بۆماوەی سێ مانگ لەگەڵمان ماندووبون.