"جلوبەرگی کوردی مۆرکی نەتەوایەتیمانەو کولتوورمانە"
لاڤان ئەمیر ١٦ ساڵە هەوڵی پاراستنی جلوبەرگی کوردی دەکات و دەڵێت: زۆر توڕە دەبم کاتێک دەبینم جلکی کوردی دەشێوێنن.

شیا کۆیی
کۆیە- بە دروشمی "لەپێناوزانست و لەبیرنەکردنی کولتووری نەتەوایەتیمان" پەیمانگەی تەکنیکی کۆیە، بەچاودێری سەرۆڪی زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر، لە ٢٨ی نیسان، فیستیڤاڵی ڕۆژی پەیمانگەی ئەنجامدا، کە چەندین بەش و بڕگەی جیاوازی لەخۆ گرتبوو.
لاڤان ئەمیر، دەرچووی ئەندازیاری کشتوکاڵە، ماوەی ۱٦ساڵە کاری چنینی کڵاو دەکات، ئاماژەی بەوەکرد، ئەوکارانەی ئەو دەیانکات دەرخەری جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەو وتی: کارەکەم خۆشدەوێت، لەمنداڵییەوە ئەوکارەم دەست پێکردووە و ٥ ساڵە لە ڕێگەی پەیجەکانمەوە دەیانفرۆشم، کاری من تەنیا درووستکردنی کڵاو نییە، بەڵکو ئەو دیزاینانەی لەکۆن بەکارهاتوون دووبارە نوێی دەکەمەوە، شێوازی کڵاوی سەر جلی کوردی هەموو ناوچەکان درووست دەکەم، نەک هەر تەنیا هی کۆیە، خۆم ئەو کڵاوەی لەسەرم کردووە شێوازی دیزاینی سلێمانییە لەکۆندا، بەپێی داواکاری جاری وایە شێوازی کڵاوی باکووری کوردستان و ناوچەکانی دیکەش دروست دەکەم.
لاڤان ئاماجی سەرەکی پاراستنی شێوازی جلوبەرگی کوردی ڕەسەنەو وتی: جلوبەرگی کوردی مۆرکی نەتەوایەتیمانە، کوولتورمانە، پێویستە وەک نەتەوەکانی دیکە بیپارێزین، شانازی پێوە بکەین، تا ئەو کولتوورە بزر نەبێت و بە نەوەی نوێی بناسێنین.
لاڤان ئاماژەی بەوەشکرد کە هەر ژنێک بیرۆکەیەکی هەبوو بابیکات، وهیچ کات دڕەنگ نییە بۆ دەست پێکردن، گەر بتەوێت، ببیە خاوەن ئابوری خۆت وکاری خۆت بەدەستی بەتاڵ دامەنیشن، منیش سەرەتا لە سفرەوە دەستم پێکرد تا ئەمڕۆ درووستبوو، زۆر کەس داوای شتەکانم دەکات لەکۆیەو لەدەرەوەی کۆیە، لە دەرەوەی وڵاتیش.
لاڤان لەکارەکانی ژینگەی لەبیر نەکردووەو سوود لە کەلوپەلی کۆن وەردەگرێت و وتی: جاری وایە قوماش یان جلێکی کۆنە فڕێی نادەم و دووبارە شتی نوێیان لێ دروست دەکەمەوە و سودیان لێدەبینم.
لاڤان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: زۆر توڕە دەبم کاتێک دەبینم جلی کوردی دەشێوێنن، جاران جل پان و جوان و داپۆشەربوو، بۆیە من پێم خۆشە جلی کوردی هەر بە شێوەی کۆن بدوورێت واز لە نەریتی ئەوروپا بهێنین.
ئەمیرە محەمەد بەکاری دەستی و ئیکسسوارات بەشداری فێستیڤاڵی کردوەو وتی: من کاری دروستکردنی ئیکسسوارات دەکەم لەسەر خواستی کەسەکان، و زوربەی کاری خۆمن و فۆلکلۆرو مۆدێل تێکەڵ دەکەم تا شتێکی جوانی لێدەردەچێت.
وتیشی: کردنەوەی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ئێمە زۆر بەسوودە وشتەکانمان لێرە ساغ دەکەینەوە.