پانۆڕامای ٢٠٢٣؛ ساڵێک تێکۆشانی ژنانی باشووری کوردستان دژی توندوتیژی و داگیرکاری
لەم پانۆڕامایەدا، گرنگترین ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٣ و چالاکی و دەستکەوتەکانی ژنان لە باشووری کوردستان دەخەینەڕوو، کە توانیویانە بە تێکۆشانی خۆیان لە پێگە جیاوازەکاندا دژی هەر هەڵاواردن و جیاکارییەک بووەستنەوە و پەیامی پاراستنی ژن، خاک و ژیان بدەن.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی هەنگاو و هەڵمەتی گرنگ بوو کە کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، هونەری، کولتووری و بە تایبەت ژنان هەبوو، ئەمەش بۆ چوار پارچەی کوردستان دروستە، کە لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"، سەرەڕای بەرزی ڕێژەی دوورخستنەوەی ژنان لە کایە جیاوازەکان و توندوتیژی دژی ژنان، ژنانی کوردستان و جیهان بە گڕوتینێکی دیکەوە لە دژی جیاکاری کۆمەڵگە، توندوتیژی و داگیرکاری تێکۆشانیان کرد و مۆری خۆیان لە مێژووی ساڵی ٢٠٢٣دا.
-لە کۆتا ڕۆژەکانی ٢٠٢٢دا، ٣٠ی کانوونی یەکەم، لە گەڕەكی هوانەی شاری سلێمانی كە تێیدا گەنجان نمایشی ماتۆڕسكیل دەكەن، ژمارەیەك گەنج هێرشیان كردە سەر ژنێکی گەنجی ئامادەبووی نمایشەکە، ئەم ڕووداوە دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە ئەقڵیەتی سیاسی و کۆمەڵگەی پیاوسالاریان بە هۆکاری سەرەکی ئەو ڕووداوە دانا، ژنانی چالاکوان لە سەری ساڵ، ١ی کانوونی دووەمدا لە شاری سلێمانی بە بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "دەبێت ئەم وەحشیگەریە کۆنەپارێزیە شکست بهێنێت" و چەندین دروشمی تر گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد.
ڕژاک پێشەنگایەتی چالاکییەکانی کرد
-٢ی شوبات، لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک مەراسیمێک بۆ بەرز ڕاگرتنی ١٧ەمین ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی شەهید ڤیان جاف ڕێکخرا، هەر لەمساڵدا لە چەندین چالاکی جیاوازدا، ڕژاک یادی شەهیدان، زیلان- زەینەب کناجی، ناگیهان ئاکارسەل، یادی لەیلا قاسم، شیرین عەلەمهولی، غوربەت ئایدن و شەهیدانی مانگی ئایار و حوزەیرانی لە شار و شارۆچکەکان بەرز ڕاگرت.
-لە درێژەی چالاکییەکانیشدا بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، گروپێک لە ژنانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ژنانی تەڤگەری ئازادی، کۆنگرەی ستار، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ژنانی باکووری کوردستان لە شاری سلێمانی، سەردانی بنەماڵەی شەهیدانیان کرد و ٢٥ نەمامیان پێشکەشکردن، لە ٨ی ئاداریشدا ڕێپێوانێکی جەماوەری بە دروشمی" ژن، ژیان، ئازادی، ڕێپێوانی گەلە بەرەو شۆڕشی ژنان" و بە بەشداری ژنانی چالاکوان و ئازادیخوازان و خەڵکی شاری سلێمانی ئەنجامدرا.
هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەردەم باخی گشتی گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، ٨ی ئاداری ئەمساڵ لە کاتێکدایە دەنگی ژنانی کوردستان و ئێران جیهانی تەنیووە و "ژن، ژیان، ئازادی" پێشەنگایەتی دەکات لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی پیاوسالاری.
-١ی شوبات، فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژی ژنان و خێزان ڕایگەیاند ساڵی ٢٠٢٢، ١٥ هەزار و ٨٩٧ کەیسی توندوتیژی خێزانی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تۆمارکراوە و ٤٤ ژن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کوژراون، بەڵام بەپێی ئەو ئامارەی ئاژانسی نوژنها ساڵانە بڵاوی دەکاتەوە، هەمان ساڵ ٧٣ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون.
-١٨ی شوبات، لە گوندی عەبابەیلێی شاری هەڵەبجە پەردە لە سەر گلکۆی عادیلە خانم (شاژنی بی تاج) لابرا و چەند وتار و لێکۆڵینەوەیەک خرایەڕوو دەربارەی ژیان و بنەماڵەی عادیلە خانم، هەروەها لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئاداردا، یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی عادیلە خانم لەلایەن ڕێکخراوی کارسازی کار بەخشرایە ئاڵا سەڵاحەدین، لە بواری وەرزشی، شەهێن عومەر لە بواری دەروونی و سۆزان شەعبان، لە بواری داهێنان.
-٧ی ئادار، لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان و هاوپەیمانی ژنانی کوردستان دیدارێکیان سەبارەت بە پرسەکانی ژن سازکرد و پانێڵی "پانتایی گشتی و حکومەت و حزبەکان و هەڵوێستیان لە بابەتەکانی ژناندا" و "بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشداری ژنان لە ناوەندی بڕیار و بونیادنانی ئاشتی لە کوردستان" بەڕێوەچوو.
-ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەرمیان ٧ی ئادار سەردانی ژنانی کارمەندی خۆبەخش لە ناوەندە تەندروستییەکانی گەرمیانیان کرد، ٦ی ئادار ژنانی ئازادیخوازی چوار پارچەی کوردستان گوڵیان بەسەر ژنانی ڕەنجکێشدا دابەشکرد و ١٦ نەمامیان بۆ ڕۆحی ژینا ئەمینی چاند، ڕۆژی ٨ی ئادار گردبوونەوەیەک ئەنجام درا و سەبارەت بەو ڕۆژە و دۆخی ژنان بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، ٨ی ئادار ژنانی كەركوك لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتی شارەکە گردبوونەوە و لە بەیاننامەیەکدا داواکارییەکانی ژنانیان خستەڕوو.
-٨ی ئادار، یەکێتی ژنانی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان چالاکیەکی هونەرییان بە دروشمی "هێزی ژن لە یەکبووندایە" ڕێکخست و تێیدا چەند نمایشێکی هونەری پێشکەشکرا، لەلایەکی دیکەوە، سیمینارێک لەسەر یاساکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان لەلایەن پارێزەر، شۆخان عەبدوڵاوە پێشکەشکرا و ڕایگەیاند، فرە مەزهەبی لە کوردستان و عێراقدا ڕێگری دەکات لە گۆڕینی بەشێک لە یاساکان.
- ١٨ی ئادار، ڕێكخراوی پەیوەندییەكانی ژنانی كورد-ڕێپاک لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی نوێنەرانی ژنی ڕێکخراوی وڵاتە جیاوازەکان کە پێکهاتبوون لە، کلا کوپەر لە وڵاتی پۆلیڤیا، کارۆلین کیم لە وڵاتی کۆریا، رەها زەمانی لە وڵاتی ئێران، کۆخۆب مهریتاب لە وڵاتی ئێریتریا، زەینەب بایەزیدی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی ژنانی لایەنە سیاسەییەکانی باشووری کوردستانیان کرد، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد کە بووەتە نمونەی تێکۆشان بۆ ژنانی جیهان، هەر ئەمساڵ و لە مانگی تشرینی دووەمدا شاندێک لە ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکوانانی باكووری کوردستان، سەردانی لایەن و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستانیان کرد و پرسی ژن و خەباتی هاوبەشیان بۆ دەربازبوون لە کێشە و قەیرانەکانی ڕووی لە ژنان کردووە، هەڵسەنگاند.
-یەکێک لە دەستەوتە گرنگەکانی ساڵی ٢٠٢٣، کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد بوو بە مەراسیمێک لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، لە ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران، بە بەشداری ژنانی چالاکوان و کەسایەتییەکانی چوار پارچەی کوردستان و بیانییەکان، دوا بە دوای ئەوە، ٢٥ی حوزەیرانیش بە فەرمی ناوەندەکە بەڕووی سەردانیکاراندا کرایەوە، کە چەندین پەرتووک و گۆڤار و نامیلکەی تایبەت بە ژنان لە خۆدەگرێت، بەرهەمی ڕەنجی چەندین ساڵەی ژنانی چوار پارچەکەی کوردستانە، کە بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکان کێشاویانە.
-٥ی ئەیلوول، ڕژاک نامیلکەیەکی بە ناوی "بەدواداچونێکی بۆ پرسی ژنان" بڵاوکردەوە، کە لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر پرسی ژنان لە ئاستی جیهان بە گشتی و دۆخی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنی کورد بە تایبەتی، هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی حاڵەتەکانی قومارکردن بە ژنانەوە لە هەرێمی کوردستان، ڕژاک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، قومارکردن بە ژن و خێزانەوە، قومارکردنە بە خاک و نیشتمانەوە و دەبێت هەمووان هەڵوێستی توند بنوێنن.
-١٣ی ئەیلوول، بە پێشەنگایەتی کەژار و بە بۆنەی ساڵڕۆژی دەستگیرکردنی ژینا ئەمینی و دەستپێکتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سیمینارێک بۆ هەریەک لە ڕۆزەرین کەمانگەر، چیمەن جەوانروودی و کانی کەرەمپوور ڕێکخرا و باس لە گرنگی ئەو شۆڕشە بۆ ژنان کرا. لەلایەکی دیکەوە شانۆیی "پەرچەمی ئاگرین" کە لەلایەن ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری ئامادەکرا بوو، بڕیاربوو بۆ ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی نمایش بکرێت، سەرەڕای بوونی مۆڵەتی فەرمی، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ڕێگری لە نمایشکردنی کرد.
هەروەها لە ناوەندی کولتووری ژینا لە شاری سلێمانی چالاکییەک بۆ یەکەم ساڵیادی شۆڕشی ژینا لەلایەن ئەندامانی ئەو ناوەندەوە ڕێکخرا و بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان چالاکییەکە دەستی پێکرد.
دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی
-دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا هێرشەکانی لە ماوەی ٢٠٢٣دا بەردەوام بوو بۆ سەر چوار پارچەی کوردستان، لە پاریسی پایتەختی فەرەنساش ڕۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر ناوەندی کولتووری کوردی ئەحمەد کایا کرد و لە ئەنجامدا ئامینە کارا-ئەڤین گۆیی، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە و دوو هەڤاڵی شەهید کرد، دوای هێنانەوەی تەرمی ئەڤین گۆیی لە شاری سلێمانی مەراسیـمی ماڵئاوایی بۆ ڕێکخرا و بە شکۆوە بەرەو قەندیل بەڕێکرا، لە ٩ی کانوونی دووەمیشدا مەراسیمی ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس لە شاری سلێمانی کرایەوە و خەڵاتی ساکینە جانسز بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بەخشرایە ئامینە کاکە باوە، ئامینە شەنیاشار و ژینا ئەمینی، هاوکات لە بناری قەندیل، ڕانیە و کەلار و کەرکوک و چەندین شوێنی دیکە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ساڵی ٢٠١٣ی پاریس بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک کرایەوە.
-٢١ی کانوونی دووەم، لە شاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا و کەسایەتییە سیاسی و ئاکادیمیەکان، بە دروشمی "نا بۆ داگیرکاری دەوڵەتی تورک، بژی بەرخۆدانی گەلی عەفرین" مەراسیمێک بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین ڕیکخرا و سینەفزیۆنێک لەسەر داگیرکاری عەفرین و بەرخۆدانی گەل پێشکەشکرا.
-٤ی شوبات، لە سەکۆی ئازادی شاری سلێمانی، کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان، بە دروشمی "کاتی کۆتاییهێنانە بە پلانگێڕی نێودەوڵەتی" چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لە باشووری کوردستان دەستپێکرد و بانگەوازی کرا "پێویستە بە بەشداری بەرفراوان کۆتایی بەم شەرمەی سەر مرۆڤایەتی بهێنین"، دوا بەدوای ئەوەش چالاکییەکان لە شار و شارۆچکەکان دەستی پێکرد، بۆ ماوەی دوو ڕۆژیش چالاکی مانگرتن لە خواردن بۆ شکاندنی گۆشەگیری و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندرا کە ژنان تیایدا بەشداربوون.
لە ١٥ی شوبات، لەگەڵ تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا، لە شاری سلێمانی بە بەشداری سەدان کەس بە دروشمی "ئیدی بەسە سیستمی زیندانی و گۆشەگیری ئیمڕالی" لە سلێمانی ڕێپێوانێک ڕێکخرا، لە شاری ڕانیەش ژنانی گەنج ستاندی پەرتوکیان دانا.
-٢١ی ئادار، لە قەندیل، نەورۆزی هەزاران کەسی بە دروشمی "بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان، پەیمانی سەدە تێکدەشکێنین، کوردستان دەپارێزین" بەڕێوەچوو.
-٤ی نیسان، یادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانە، ئەو ڕۆژە بە چالاکی جۆراوجۆر بەرز ڕادەگیرێت، لە باشووری کوردستانیش، لە شاری سلێمانی، گەرمیان، ڕانیە و شار و شارۆچکەکان بە چاندنی نەمام و ئاهەنگ گێڕان ٤ی نیسان یاد کرایەوە.
-لە ٣ی نیساندا دەوڵەتی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕاگرت و لە ٧ی نیسان هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی، ٩ی نیسان، لە شەقامی سالم خەڵکی شاری سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکەی تورکیا ڕێپێوانێکی جەماوەریان ئەنجامدا، لە بادینانیش چەندین کەسایەتی ئازادیخواز و چالاکوانی سیاسی و زیندانیان هێرشەکەیان بە بەیاننامەیەک شەرمەزار کرد، دوابەدوای ئەوەن، لە شاری کەلار-پارکی تەنیشت گەراجی شەهیدان، ڕانیە-باخی گشتی ڕانیە و لە دەربەندیخان-قاوەخانەی کولتووری گردبوونەوەی جەماوەری دژی هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدرا و وەک تیرۆری نێودەوڵەتی هەژمار کرا.
-١١ی نیسان، ڕژاک دژی گۆشەگیرییەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و دەستپێکردنی کەمپەینی نامە نووسنیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند، ژنانیش لە نامەکانیاندا باسیان لە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان دەکرد، تەڤگەری ئازادی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دەوڵەتی تورکیا هیچ دەرفەتێک لە دەست نادات بۆ تێکدانی سەقامگیری کوردستان و پاکتاوکردنی گەلی کورد"، لە ٢٨ی نیسانیشدا هەڵمەتی هاشتاگیان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی دەستپێکرد.
-٦ی ئایار، ئەزمیە ئارسون، سیاسەتمەداری کورد کە خەڵکى شاری شرناخی باکووری کوردستانە و نەخۆشی توندی دڵی هەیە، ویستى بەمەبەستی چارەسەر ڕوو لە دەرەوەى وڵات بکات، بەڵام لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى پەدەکەوە دەستگیر کرا و چارەنووسی نادیارە، ژنانی باشووری کوردستانیش بە بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند، "دەبێت پەدەکە لە خیانەتکردن بووەستێندرێت و عەزیمە ئارسوون ئازاد بکرێت"، ٩ی حوزەیران، حسێن ئاراسان، پەنابەری سیاسی باکووری کوردستان و ئەندامی ڕێکخراوی میزۆپۆتامیا لەلایەن میتی تورک بە هاوکاری ناوخۆیی لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا، ڕۆژێک دواتر بە مەراسیمێک تەرمەکەی بەرەو قەندیل بەڕێکرا و بە خاک سپێردرا.
-ڕۆژانە ناوچەکانی ئامێدی، برادۆست، بادینان، باکوورمان لە نزیک ئاکرێ، زنجیرە چیای قەندیل لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردوومان دەکرێت و زیانی گیانی و مادیشی هەبووە، لە بۆردوومانی گوندی بۆکریسکان لە قەندیل ژنێکی ٥٠ ساڵ بە ناوی ئەستی محەمەد بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
هەروەها لەمساڵدا، چەندین جار سەرۆک و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دانیشتنیان کردووە، لە سەرچاوەی میدیاکانی پەدەکەشەوە، ٢٠ی حوزەیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و وەزیرانی کابینە تازەکەی تورکیا، بۆپەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا کۆبوونەتەوە، هەموو ئەمانەش لەلایەن گەلەوە جێگەی ناڕەزایەتی و کاردانەوە بوون.
-١١ی ئاب، لەسەر ڕێگای سەرەکی پێنجوێن ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە بۆردوومان کرا، لە ئەنجامدا حهسهن ئهحمهد نۆزهت، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە دانیشتووی دهۆكە لەگەڵ زیاب مستهفای هاوژینی و ڕیام حهسهن ئهحمهد، کە كچیان بووە گیانیان لەدەستدا، هەروەها ناوچەکانی ساڵیاوای پێنجوێن، مێرگەسوور لە برادۆست و ڕێگای سنینێ لە سیدەکان لە یەک کاتدا بۆردوومان کران و چوار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا.
-١٨ی ئەیلوول، لە دوو هێرشی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیادا، لە شاری هەولێر دەنیز جەودەت بولبول، ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لە بارەگای کەنەکە تیرۆر کرا و دوو کاتژمێر دواتر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت رێگای فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بۆردوومانکرا و سێ پێشمەرگەی هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان شەهید بوون و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.
-١٢ی کانوونی یەکەم، لەلایەن فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی تورکەوە چیای بەربزێن و چەند ناوچەیەکی دیکە لە سنووری برادۆست بۆردوومان کران، هەروەها سوپای داگیرکەری تورکیا بەرزاییەکانی گوندی گوهەرزێ لە زنجیرە چیای مەتینا لە سنووری ئامێدی بۆردوومان کرد، لایەکی دیکەوە بەپێی گرتەیەکى سوپای داگیرکەری تورك بە ئۆتۆمبێلی سەربازی چووەتە ناو گوندی هێشمە لە ناوچەی بەرمیزە لە سنووری برادۆست و سەربازەكان دانیشتووانی گوندەكەیان ڕاگرتووە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردوون.
-لە ٥ی مانگیشدا دەوڵەتی داگیركەری تورك سنووری بامەڕنێی نزیك لە پارێزگای دهۆكی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان كرد و کەسێک گیانی لەدەستدا کە خەڵکی باتیفایە و بریندارێک و بێسەروشوێنێک هەیە، ٢٠ی کانوونی یەکەمیش ناوهندی گوندی گوههرزێی له سنوری ئامێدی تۆپباران کرد و گولـلە تۆپێک بەر ماڵێک کەوت کە زیانی لێكهوتەوە.
دۆخی هاوڵاتیان بەهۆی قەیران و گەندەڵییەوە لە خراپیدایە
-بەرەبەیانی ٦ی شوبات، بوومەلەرزە زیاتر لە ١٠ شاری باکووری کوردستانی هەژاند و چەندین بینا داڕووخان و زیان بە ڕۆژئاوای کوردستانیش کەوت، وەک پشتیوانی بۆ کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کەمپەینەکانی هاوخەمتانین، هانا و چەندین کەمپەینی دیکە لە سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، هەولێر، کۆیە و کەرکوک و شار و شارۆچکەکان ڕاگەیەندران و یەکێتی ژنانی کوردستان ٥٠ کارتۆن هاوکاریان پیشکەشی کەمپینەکە کرد، کە زیاتر لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێکهاتبوو.
هەروەها ئاسایشی سلێمانی بە بیانووی ئەوەى کە مۆڵەت بۆ کەمپەینەکە وەرنەگیراوە، ڕێگری لە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکانی کەمپەینی هانا کۆبکرێتەوە و ئاستەنگی دروستکرد.
-١٦ی ئادار، ٣٥ ساڵ بهسهر كیمیابارانكردنی ههڵهبجەدا تێپهڕی، لە چوار پارچەی کوردستان بۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە پێنج خولەک بێدەنگی ڕادەگەیەنرێت، ١٢ی نیسانیش ٣٥ ساڵ بەسەر شاڵاوی ئەنفالدا تێپەڕی، کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە و گەرمیان ئەمساڵ بە فەرمی ڕایانگەیاند کە، بەهۆی گەندەڵی و بێدەربەستی دەسەڵات بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و ژیان و بارودۆخیان، ڕێگە نادەن حکومەت و بەرپرسەکان بەشداری مەراسیمەکان ببن و تەنها خۆیان یادی کەسوکاریان دەکەنەوە.
-٢٩ی نیسان، لە شاری سلێمانی ڕۆژنامەی دەنگی کرێکار کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تیایدا ئاماری گیان لەدەستدانی کرێکاران خرایەڕوو، لە ماوەی ١٢ مانگی ساڵی ٢٠٢٢ لە هەولێر ٢٤ کرێکار، سلێمانی ٢١ کرێکار، هەڵەبجە ٥ کرێکار، دهۆک ٩ کرێکار، کە بە کۆی گشتی ٥٩ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، لە کۆی ئەم ئامارە ٣ کرێکاریان ژن بووە، هەروەها ئاماری قوربانیان لە ٤ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ لە هەولێر ٥ کرێکار، سلێمانی ٦ کرێکار، هەڵەبجە ١ کرێکار، دهۆک ٢ کرێکار، ناوچەی دەرەوەی هەرێم ٦ کرێکار و کۆی گشتی ٢٠ کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
-١١ی ئایار، مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و لە شاری کەرکوکیش مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. ئەمە لە کاتێکدا بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٣ مامۆستایانی وانەبێژ لە شار و شارۆچکەکانی سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و کۆیە و ...هتد لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕیندا بوون و داواکارییان ئەوەیە دابمەزرێن و ماوەی سێ مانگیشە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە درێژەی هەیە.
-١٢ی حوزەیران، لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵ لەسەر شەقامەکان، لە شاری هەولێر ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بە هاوبەشی کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کارواری کۆمەڵایەتی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا، وەزیر ڕایگەیاند، ئامارى تەواو لەبەردەستدا نییە لەبارەى زانینی ژمارەى ئەو منداڵانەى لەسەر شەقام کاردەکەن، بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەرین و گەرمیان هەزار و ٤٦٦ منداڵ هەن کە کاردەکەن.
- ٢٠ حوزەیران ساڵیادی کۆچ و پەنابەرییە، ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆی گشتی ٩٢٨ هەزار و ٦٤٩ ئاوارە و پەنابەری عەرەب و سووری و نەتەوەکانی تر، لە ٢٦ کەمپەدا نیشتەجێن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
-٢١ی حوزەیران، ڕێکخراوی هاریکایی یاسای ژنان ڕاپۆرتێکی دەربارەی ئامارەکانی توندوتیژیی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری هەولێر ٤ هەزار و ٦٧ حاڵەت، لە دهۆک ٤ هەزار و ٣٤٨ حاڵەت، لە سلێمانی ٥ هەزار و ٤١١، لە گەرمیان ١٠ هەزار ٨٢ حاڵەت، لە ڕاپەڕین ٦٢٤ حاڵەت، لە سۆران ٣٦٥حاڵەت، لە هەڵەبجە ٧٤ حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراون، کە کۆی گشتی دەکاتە ١٥ هەزار و ٨٩٧ حاڵەتی توندوتیژی.
-١٧ی تەمموز، سۆلاڤ حەمە غەریب ناسراو بە "سۆلاڤ شەیدا"، ئەکتەری شانۆ و درامای کوردی پاش دوو ساڵ تووشبوونی بە شێرپەنجەی خوێن، لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی هیوا گیانی لەدەستدا، لە ژیانی هونەریدا سۆلاڤ شەیدا بەشداری لە چەند فێستیڤاڵێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ سینهما کردووە، خاوەنی چەند خەڵاتێكیشه، وەک خەڵاتی لاوی ساڵ بۆ باشترین سیناریۆ بۆ کورتە فیلمی "فرمێسک بۆ تارا".
-٣٠ی تشرینی یەکەم، دالیا محەمەد موراد، شێوەکاری دانیشتووی شاری سلێمانی و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٥، لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.
-٨ی کانوونی یەکەم، ئاگر لە باڵەخانەیەکی گشتی کە شوێنی نیشتەجێی چەند هاوڵاتییەک بوو لە شارۆچکەی سۆران کەوتەوە و لە ئەنجامدا ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ٧ کەسیش برینداربوون.
لە مەراسیم و کۆنفرانسەکاندا شەنگال و دۆخی ژنان هەڵسەنگێندران
-٢٢ی تەمموز، لە لۆزانی پایتەختی سویسرا، کۆنفرانسی ١٠٠ ساڵەی لۆزان بە بەشداری کوردانی چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەڕێوەچوو، کە باس لە لێکەوتەکانی پەیماننامەی لۆزان کرا، لەسەر ژن و کوردستان، هەروەها لە ٢٤ی تەمموز، ساڵیادی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە ١٠٠ هەزار کورد لەو شارە ڕێپێوانیان کرد و ژنانی کورد پێشەنگایەتییان کرد.
-١٢ی ئاب، لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی ٩یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال، کۆنفرانسی "ژنانی باوەڕی و پێکهاتە جیاوازەکان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگال" بە دروشمی "تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی پێکهاتە و باوەڕییەکان، زامنی کۆتایی هێنانی کۆمەڵکوژییەکانە، هەنگاونانە بەرەو بونیادنانی سیستمێکی دیموکرات" دەستیپێکرد.
-ڕۆژانی ١٨-١٩ی ئاب، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژین-ی ژنان و کۆمەڵەی کولتووری و کۆمەڵگەیی نەورۆز، بە دروشمی" بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، ئەزمونی تەڤگەری ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ ژن، لە ١١ وڵاتە بەڕێوەچوو و تیایدا گروپێک لە ژنانی چالاکوان لە باشووری کوردستانەوە بەشداربوون و دۆخی کوردستان و ژنان و گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان هەڵسەنگێندرا.
-٢٢ی ئاب، لە شاری سلێمانی کۆڕێک بۆ ناساندنی ڕۆمانی دایە "ڕێگە درێژەکەی ڕەنج و تێکۆشانی دایە یادە" کە لەلایەن وەرگێڕ ڕۆزا حەمە ساڵح، کە لە زمانی عەرەبی وەرگێڕانی کوردی بۆ کردووە، بەڕێوەچوو.
-٢٧ی ئاب، لە مەراسیمێکدا لە شاری کۆیە، خەڵاتی خوشکە فریشتە بەسەر ژنانی تێکۆشەردا دابەشکرا، کە ساڵانێکە لەپێناو ماف و ئازادی ژناندا تێکۆشانیان کردووە.
-١٠ی تشرینی یەکەم، لە شاری پزیشکی فاروق لە شاری سلێمانی، لە چوارچێوەی مانگی تشرینی یەکەم، هەڵمەتی هۆشیاری نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک پانێلێک ڕێکخرا و باس لە چارەسەر و دوور کەوتنەوە لە نەخۆشییە دەروونییەکانی دوای ئەو نەخۆشییە کرا. هەروەها چەندین چالاکی دیکە لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەچوون.
باشووری کوردستان دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە چالاکیدا بوو
-٥ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی تورکیا هێرشی بەرفراوانی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و تاوانی جەنگی ئەنجامدا، لە باشووری کوردستانەوە، نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست و داوایان لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد، بە کرداری کار بۆ وەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بکات، هەروەها گروپی هەڵویست دژی داگیرکاری گردبوونەوەیەکیان ساز کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، پێویستە ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دابنرێت، دایکانی ئاشتی، کۆنگرەی ستار و نوێنەری بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە کۆنگرەیەکی دیکەدا ڕایانگەیاند، "داوا لە کەسانی ئازادیخواز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین یەکگرتوو بن و دژی ئەم هێرشانە بوەستنەوە".
هاوکات، پرسەی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەهید بوون، لەلایەن نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوبەری لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
-٩ی تشرینی یەکەم، ٢٥ ساڵ بەسەر پلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان تێپەڕی، ژنانی باشووری کوردستانیش وێڕای شەرمەزارکردنی پیلانگێڕییەکە، داوای یەکڕیزی بۆ شکاندنی گۆشەگیریان کرد و ڕایانگەیاند، "خۆڕاگری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان وەڵامێکە بۆ دوژمن"، هەروەها نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە شاری سلێمانی سیمینارێکیان بۆ هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئاوارەی شاری سلێمانین ڕێکخست.
هاوکات کۆمەڵێک پارێزەری باشووری کوردستان داوا دەکەن بە زووترین کات یاسا نێودەوڵەتییەکان کاریان پێبکرێت و ڕێبەر ئۆجالان ئازاد بکرێت.
-١٤ی تشرینی یەکەم، لە شاری سلێمانی بە دروشمی" ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" و بە بەشداری ئازادیخوازان، چالاکوان، کەسایەتی سیاسی و هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بۆ شەرمەزارکردنی پلانگێڕی نێودەوڵەتی و ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان گردبوونەوەیەک ڕێکخرا و هەڵمەتێک دەستی پێکرد.
-١٧ی تشرینی یەکەم، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕاگەیاند، کە لە ماوەی ١٠ مانگدا ١٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ١٢ هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون.
هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان چەندین چالاکییان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد، ئەوانیش؛
- ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بە دروشمی "لە دژی ڕەشەکوژی ژنان، بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە تێکۆشان بەردەوام دەبین" ڕیزە چالاکییەکانی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتینیی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕاگەیەند، هەروەها لە کەرکوک، ڕانیە، گەرمیان و سلێمانی سیمیناری هۆشیاری و تێکۆشانی ژنانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕێکخست و لە شاری کەرکوک پۆستەری بە ناو شاردا بڵاوکردەوە.
-٢١ی تشرینی دووەم، لە شاری سلێمانی، لە پێناو ئاواکردنی ژیانێکی ئازاد و لەبەر ڕۆشنایی چەمکی "ژن، ژیان، ئازادی" مەراسیمی ناساندن بۆ پەرتووکی "گەڕیدەی حەقیەت" لە نووسینی ناگیهان ئاکارسەر، لەلایەن کنێر عەبدوڵا و شیرین تاهیرەوە بەڕێوەچوو.
-٢٣ی تشرینی دووەم، سیمینارێک بە ناونیشانی "توندوتیژی ئەلیکترۆنی و ڕێگەچارەسەرییەکانی" لە چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی لەلایەن اوێن کوردە، چارەسەرکاری دەروونی و لاڤە کوردە، ڕۆژنامەنووس پێشکەشکرا. هەمان ڕۆژ بە دروشمی "ههموو ڕۆژ ٢٥ى نۆڤهمبهر، ههموو ڕۆژ تێكۆشان" ژنانی چالاکوان لە پارکی نالی کۆبوونەوە و لهم ڕۆژهدا جارێكى تر پهیامى بهردهوامیدان به بڵندكردنى تێكۆشانی ژنانیان لە چوار پارچەی کوردستان دووپات کردەوە.
-٢٥ی تشرینی دووەم، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەکانی سەر ژنان و ئەو کوشتنە بەردەوامەی لە بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت، بە دروشمی "لە دژی ڕەشەکوژی ژنان بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، لە تێکۆشانەکان بەردەوام دەبین" و بە جلوبەرگی کوردیی و دەف لێدانەوە ڕژاک ڕێپێوانێکی ڕێکخست.
-٢٦ی تشرینی دووەم، لە سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە بە ئامادەبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان و نوسینگەی مافی مرۆڤی هەڵەبجە، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاندرا و چالاکییەکان لەو شارە دەستی پێکرد و لە زانکۆی هەڵەبجە سیمینارێک لەبارەی چۆنیەتی خۆپاراستن و هۆشیاری لە مەترسییەکانی ئۆنلاین پێشکەشکرا.
لە شاری کۆیەش بە دروشمی”بۆ پێشەوە لە پێناو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادو دوور لە چەوسانەوە"، کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لیژنەی ناوچەی کۆیە، سیمینارێکی بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم پێشکەشکرد.
-٥ی کانوونی یەکەم، لە پارکی دایک لە شاری سلێمانی، ژنانی پارتی سەوزی کوردستان لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ١٦ نەمامیان چاند.
-٧ی کانوونی یەکەم، ئەنجامی توێژینەوەیەکی مەیدانی سەبارەت بە "دیاردەی خۆکوشتنی ژنان" لەلایەن وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاوکرایەوە، کە لە ماوەی پێنج ساڵدا ٥٤٩ ژن ناچار بە خۆکوشتن کراون.
٧ی کانوونی یەکەم یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژن بە ناونیشانی (ژن لە ئاوێنەی کۆمەڵگە و مێژوودا) لەلایەن کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی جیهان بەڕێوەچوو، تیایدا خوێندنەوە و توێژینەوەی ڕۆڵی ژن لە ڕابردوو و ئێستادا کرا و لە ماوەی دوو ڕۆژدا بەشداری ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا هەڵسەنگێندرا.
-٩ی کانوونی یەکەم، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئەو ئاماری توندوتیژی ئەلکترۆنییانەی کە لە دادگا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی شار و شارۆچکەکان کۆکراونەتەوە، خرایەڕوو، لەم لینکەوە دەتوانن بیبینن (https://jinhaagency.com/so/zhan/g-40451).
-١٠ی کانوونی یەکەم، کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لقی کۆیە، لە شاخی گڵەڕەشان لەسەر چیای هەیبەت سوڵتان هەڵمەتی چاندنی ٢٥ نەمامیان وەک ئاماژە بە ٢٥ی تشرینی دووەم و لە کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنانیان بەڕێوە برد.
-١٦ی کانوونی یەکەم، لە ١٠یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک به نمایشی ١١٦ بهرههمی فیلمسازانی وڵاتان، کە هەریەک لە پەروین ڕەجەبی، ئایشە پۆلات، ژینۆ هادی، ماریا بندێر و میلینا ئابۆیان خەڵاتی باشترینەکانیان پێبەخشرا.
-١٧ی کانوونی یەکەم، کۆنفڕانسێک لە شاری هەولێر بە ناونیشانی "سهد ساڵهی لۆزان، ڕۆڵی ژن له پاراستنی خاك و ناسنامه" بەڕێوەچوو، لێکەوتە و دەرئەنجامەکانی پەیماننامەی لۆزان له سهر ژنان له باشووری كوردستان تاوتوێ کرا.
لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا پێگە بە ژنان نادرێت
ڕۆژنامەگەری لە باشووری کوردستان بە بەشداربوونی ڕێژەیەکی بەرز لە ژنان بەڕێوەدەچێت، بەڵام نەتوانراوە ئەم بەشداربوونە ڕۆڵی پێبدرێت و لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندندا پێگەی باڵا بە ژنان نادرێت و لە ئامارەکانیشدا، ئەگەرچی ژنانی ڕۆژنامەنووس پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت و ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکاندا وەک پێویست ئاماژەیان پێناکرێت و شاراوەیە.
-لە ١٦ی کانوونی دووەمدا، لە شاری سلێمانی سەنتەری میترۆ و ڕێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی لە مەراسیمێکدا ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ خستەڕوو، کە ٤٣١ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٠١ ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ژن نەکردووە، هەروەها سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان ئاماری بڵاوکردەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٣ پێشێلکاری بەرامبەر ١٥٨ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، کە تەنها چواریان ژن بوون.
لە شاری هەولێر ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان ڕاپۆرتی ساڵانەی بڵاوکردەوە، کە لە هەمان ساڵدا لە هەرێمی کوردستان، ٢٥٩ پێشلکاری بەرامبەر بە ٣٩٩ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، لەناویاندا ٢٣ ڕۆژنامەنووسی ژنن، بە پێی ئاماری ٦ مانگی سەرەتای ٢٠٢٣ی ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، ٤٩ حاڵەتی پێشێلکاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەرامبەر ٩٩ ڕۆژنامەنووس کراوە، کە شەش حاڵەتیان دەستگیرکردن بووە و ئاماژە بە ژنانیش نەکراوە.
لە بواری هونەری و کولتووریدا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە
ژنان لە بواری هونەی و کولتووریدا ڕۆڵی کارایان هەبووە، لەمساڵدا چالاکییەکانی کردنەوەی پێشەنگا و فێستیڤاڵ و پێشەنگای شێوەکاری و پەیکەرتاشی بەڕێوەچوون، کە ژنان بەشدارییان تیادا کرد و لە ڕێگەی کارەکانیانەوە ئازار، ژیان، دۆخ و دەروونی ژنانیان خستەڕوو، گرنگی ژینگە و ژیانیان نیشاندا و لە ڕووی زیندوکردنەوەی کولتورییەوە کاریان کردووە، ئەوانیش، کردنەوەی پێشەنگای هاوبەشی مامۆستایان لە هەرێمی ڕانیە، بە دروشمی "هەست و سۆزێک بۆ خۆشەویستی جوانی ڕەنگەکان"، هەروەها پێشەنگای هاوبەشی کاری دەستی ژنانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و شاری سلێمانی.
چەندین چالاکی هونەریش پێشکەشکراون وەک پێشەنگای "هەنگاوی ڕەنگەکان بۆ ٣٩ هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاران، لە شاری سلێمانی و هەڵەبجەش، پێشەنگای هاوبەشی هونەرمەندانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە ناونیشانی "ژن و ژیانی ڕۆژئاوا" بەڕێوەچوو، جگە چەندین نمایشی شانۆیی بە ناوەکانی "پیتە نەلکاوەکان، ژێ و پێ، دوو دانە دوو نابێت بە چوار، دەبێت بە یەک"، هەروەها پێشانگەیەکی هونەری بۆ ٢٩ تابلۆی هونەرمەند بێرۆ عەبدوڵا، بە ناونیشانی "بۆنی فیشەک و مێخەک" لە شاری هەولێریش کرایەوە، کە ڕۆژئاوای کوردستان، ماریا سام و ژینا ئەمینی تیایدا نەخشێنرابوو.