سێ ساڵ دوای بوومەلەرزەکە...قەیرانێکی تەندروستی بەردەوام لە هاتای
دوای سێ ساڵ لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکە، پارێزگای هاتای تورکیا بەردەوامی دەدات بە وێرانکارییەکی بەرفراوان و کەمی توندی ژێرخانی و خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی، ئەمەش بارگرانییەکی قورس دەخاتە سەر ئەو ژنانەی کە ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی ژیانی ڕۆژانەیان لە ئ
بنەفش ستێرک
هاتای- نزیکەی سێ ساڵ دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ تورکیای گرتەوە، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پاشهاتەکانی هێشتا بەردەوامن، تەنها لە پارێزگای هاتای، هەشت نەخۆشخانە ڕووخاون کە سێ نەخۆشخانەی گشتی و پێنج نەخۆشخانەی تایبەتن.
سێ نەخۆشخانەی گشتی دیکەش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و بەکارنەهێندراون، جگە لەوەش ٥٧ یەکەی پزیشکی فریاگوزاری داڕما و دوو ناوەندی چاودێری تەندروستی خێزان کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێن زیانێکی بەرفراوانیان بەرکەوت، ئەمەش قەیرانی چاودێری تەندروستی لە ناوچەی کارەساتبارەکەدا زیاتر کرد.
لەیلا کالین، پەرستارێک کە لە شاری هاتای کاردەکات، دوای بوومەلەرزەکە گەڕایەوە شارەکە، بەڵام ڕاستیەکە بە دوور لە گێڕانەوەی فەرمی پێناسە دەکات، وتی: نزیکەی سێ ساڵە بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین هیچ شتێک بە تەواوی ئاوەدان کراوەتەوە، شارەکە هێشتا خوێنی لێدەڕژێت، ڕاگەیاندنەکان ناوچەکە پاک و خاوێنە و پارێزراون، بەڵام کاتێک بەدەوریدا دەگەڕێین، دەبینین کە نیوەی دانیشتووان هێشتا لە ژوورە پێش دروستکراوەکاندا دەژین کە لە مێژە تەمەنیان لە سوودەکانیان زیاترە، ئەم کۆنتێنەرانە ئێمە لە باران ناپارێزن، ئاو دزە دەکاتە ژوورەوە، ئەمەش وایکردووە بارانەکە ببێتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆمان، تێگەیشت کە گەشتکردن بە شارەکەدا بووەتە ئاڵەنگاریەکی ڕۆژانە، پێش بوومەلەرزەکە مەودای نێوان ماڵەکەم و نەخۆشخانەکە لە نیو کاتژمێر زیاتری نەدەویست، ئێستا تەنانەت ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان هەیە بەلایەنی کەمەوە پێویستیان بە کاتژمێرێکە بۆ ئەوەی بگەنە ئەوێ، ئەگەر ئۆتۆمبێلت نەبێت و ناچار بوویت گواستنەوەی گشتی بەکاربهێنیت یان بە پێ بڕۆیت، ئەوا لە دوو کاتژمێر کەمتری پێناچێت.
وتیشی: هیچ ڕێگایەکی قیرتاوکراو لە شارەکەدا نییە و لەوانەیە ئەوە لە هەندێک ڕاپۆرتی هەواڵدا دیار بێت، بەڵام ڕاستیەکە زۆر توندترە، لە ڕۆژانی وشکدا، لە نێوان خۆڵدا کار دەکەین، لە ڕۆژانی باراناویشدا، بە قوڕ و ئاودا دەسوڕێینەوە، هیچ ڕێگایەکی پاک نییە کە شایەنی شکۆمەندی مرۆڤ بێت، وەک ئەوەی ژیان لەم شارەدا بووبێتە تاقیکردنەوەی ڕۆژانەی ئارامی و بەرگەگرتن.
لەیلا کالین دژایەتییەکی پڕ لە ئازاری نێوان ئەوەی بە هاوڵاتیان دەوترێت سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی تەندروستی خۆیان و ئەو ڕاستیەی کە خۆی دەژی دەربڕی، وتی: ئەوانی تر فێری ئەوە دەکەم چۆن ئاگاداری خۆیان بن، بەڵام ناتوانم بڵێم دەتوانم خۆم بپارێزم، جاری وا هەیە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئاو نامێنێت، هەندێکجاریش بە درێژایی ڕۆژ کارەبا کوژاوە، ناتوانین گەرماو بەکاربێنین، ناتوانین ماڵەکانمان بە باشی پاک بکەینەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ ژێرخانییەک نییە، هیچ باڵەخانەیەکی هەمیشەیی و هیچ ڕێگایەکی بەکارهێنراو نییە، لە ناوچەی ڕووباری ئۆرۆنتێس، ڕێڕەوێکی دووانە دروستکرا تەنها بۆ ئاسانکاری تێپەڕاندنی بارهەڵگرەکانی چیمەنتۆ، بەڵام ناتوانم بڵێم ڕێگایەکی ڕاستەقینە هەیە کە دەچێتە ناوەندی شار، هەندێک جار ئاوەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەبڕدرێت، یان کارەبا بۆ تەواوی ڕۆژەکە نابێت، ناتوانم ماڵەکەم پاک بکەمەوە، هەروەها ناتوانم لە شەقامە تۆزاوی و خۆڵییەکاندا بڕوم، چۆن دەتوانین لەم هەلومەرجەدا باسی تەندروستی مرۆڤ بکەین؟
لەیلا کالین ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی دانیشتووان دەبنەوە تەنها لە بارودۆخی سەختی ژیاندا سنووردار نین، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ مەترسییەکانی پاراێزراوی، لەکاتێکدا بۆ مۆڵەتی شۆفێریم دەخوێند، بەهۆی ئەو ڕێگا ناپارێزراوانەی کە دەچنە ناو شارەکەوە، کێشەم هەبوو لە بە کرێی گرتنی ئۆتۆمبێلێک، هەروەها کێشەی کارەبا تەنها بابەتی پچڕانی ناوبەناو نییە، بەڵکو ساڵێک لەمەوبەر، دوو منداڵ لە سامانداغ گیانیان لەدەستدا، لەم دواییانەشدا منداڵێکی دیکە بەهۆی شۆرتێکی کارەباوە ژیانی لەدەستدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ترس لە پاریزراوی منداڵەکان دایک و باوک ناچار دەکات بیهێننە سەر کارەکانیان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی کەمی ناوەندی چاودێری ڕۆژانە، کە زۆربەی ناوچەکان ناگرێتەوە و ٢٤/٧ کراوە نین، لەکاتێکدا ئێمە بە تەواوی کات کاردەکەین، بۆ نموونە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، یەکێک لە هاوکارە پەرستارەکانم لە شەفتی شەوانەدا بوو، هاوژینەکەی بە تەواوی کات کاردەکات و دایکی نەخۆش بوو، هەر بۆیە شوێنێکی نەبوو کە دوو منداڵەکەی بەجێبهێڵێت، لەبەر ئەمەش هێنانی بۆ سەر کارەکەی تا هاوژینەکەی گەڕایەوە بۆ ئەوەی بیان باتەوە لەگەڵ خۆی.
ڕوونیکردەوە، شوێنەکانی کارکردن ئامێری تێدا نییە بۆ ئەوەی منداڵان لەخۆبگرن، ئەم منداڵانە بچوکن و دەتوانن نەخۆشی بگرنەوە، هاوکارەکەم ناتوانێت بە باشی چاودێریان بکات، دەبێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و چاودێری نەخۆشەکان بکات، هەروەها ناتوانێت کاتیان بۆ تەرخان بکات، تەنها شتێک کە دەتوانێت بیکات ئەوەیە کە لە بەر چویدا بیانهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی بتوانێت وەک پێویست چاودێرییان بکات.
لەیلا کالین وتی: دۆخەکە بۆ هاوکارەکانمان لە کەرتی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر جیاواز نییە، هەرچەندە ئێمە لەو دامەزراوانەدا کاردەکەین کە پاڵپشتیی پاراستنی ژنان و منداڵان دەکەن، حکومەت ئەمساڵی بە 'ساڵی خێزان' ڕاگەیاند، بەڵام ڕاستی بە تەواوی دژایەتی ئەم دروشمانەن، هیچ شتێک نەگۆڕاوە، بەڵکو پێدەچێت ئەم هەڵمەتانە تەنها کاری بانگەشەکردن بن کە بەکاردەهێنرێن بۆ زیادکردنی بارگرانی لەسەر ژنان و پاڵنانییان بۆ خاڵی شکاندنیان، ئەمەش نادادپەروەرییە، کە بە ناوی خێزانەوە ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا ژنان بە تەنها دەمێننەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەموو شتێک ببنەوە.
جەختیشی لەوەکردەوە، کە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسانە دەتوانێت چەند کاتژمێرێک بخایەنێت، بەڵام ئەو دۆخەکە کورت دەکاتەوە، وتی: لە کۆتاییدا هەموو بارگرانییەکان دەکەوێتە سەر ژنان، کاتێک منداڵان دەچنە خوێندنگە، کێ یاوەرییان دەکات؟ ژنان، ئەگەر پێویستیان بە چوونە نەخۆشخانە بێت، کێ ئاگاداریان دەبێتەوە؟ ژنان، ئەگەر داینگە بەردەست نەبن، ژنان ناچار دەبن جێگرەوە بۆ منداڵەکانیان بدۆزنەوە، هەموو ئەم بارگرانیانەش دەکەوێتە سەرانی ژنان.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، دەزانین کە ژنان ئەوانەن کە ژیان لێرە بونیاد دەنێنەوە، هەروەک چۆن لە ڕۆژی بوومەلەرزەکەدا، کاتێک کەس لەوێ نەبوو، ژنان یەکەم کەس بوون کە جوڵەیان کرد، پاڵپشتییان بۆ دراوسێکانیان دابین کرد، دەستیان کرد بە هەڵگرتنی پارچەکانی ژیان، هەر بۆیە ئێمە دەست بە هیواوە دەگرین، بەڵێ، ئاڵەنگاریەکان زۆر گەورەن، هەندێک جار هەست دەکەین خەریکە هەناسەمان تەواو دەبێت، هەروەها پێمان سەیرە چۆن بەردەوام دەبین، بەڵام دەزانین تەنها نین، ژنانی خۆڕاگر هەن، هەر بۆیەش بەردەوام دەبین لە دەستگرتنی یەکتر و ژیان پێکەوە بونیاد دەنێینەوە.