دەنگی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی دووبارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەرز دەبێتەوە

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شاهیدی خۆپیشاندانە نوێکان بوون، کە تێیدا هاوڵاتیان دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی بەرامبەر دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی، بە پێێ زانیارییەکانیش تاکو ئێستا ١٦ ژن دەستگیرکراون.

هێڤی سەڵاح

 

ناوەندی هەواڵ- فشارە ئابوورییەکان، بەرزبونەوەی نرخەکان و کەمبوونی هەلی کار، بوونەتە هۆی دروست بوون و سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە ڕۆهەڵاتی کوردستان و شارە جیاوازەکانی ئێران، کە ژیان و ئاستی ژیانی زۆرێک لە هاووڵاتیانی تووشی قەیران کردووە،  کە خۆپیشاندەران داوای چاکسازی ئابووری، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاری لە سیاسەتە ناوخۆییەکان دەکەن.

 

سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان لە هەندێک شوێن بەرامبەر خۆپیشاندەران ڕەفتاری توندیان پیشان داوە، ئەم دۆخە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ئێران لە ناوچە و ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی قەیران سیاسی و ئابووری دەبێتەوە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دووبارە بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی.

                                                 

بە پێی سەرچاوە ناوخۆی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆپیشاندانەکان لە چەنین شار وەک تاران، مەشهەد، ئەسفەهان و شارەکانی دیکە ڕوویانداوە،کە خۆپیشاندەران ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە لە بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکەکان و کەمبوونەوەی موچە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری بێکاری ڕوو لە زیاد بوون دەکات، هەروەها خۆپیشاندەران داوای چاکسازییە بنچینەییەکان دەکەن و دەڵێن سیاسەتە ئابووریەکان نەیانتوانیوە کاریگەری ئەرێنیی لەسەر ژیانیان دروست بکات، بابەتی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربرینیش داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەرانە.

 

ڕژێمی ئێران لە سەرکوتکردنی دەنگی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا، لە خۆپیشاندانەکەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێران ژنێکی کورد لە کرماشان دەستبەسەر کرا و ١٥ ژنی دیکەش ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا، هەروەها ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران، دوایین زانیاری سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە خستەڕوو،  کە تێیدا هاتووە، ژنێکی کورد بە ناوی مەهسا زارەعی، خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بەبێ فەرمانی دادوەر لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ١٥ ژنی خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە ژمارەیەکیان بریندارن و ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کراون.

 

باس لەوەش کراوە، ژنانی خوێندکاری زانکۆکان بە درووشمی''ژن، ژیان، ئازادی'' لە نێو زانکۆکاندا  ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و پێشەنگایەتی خۆپیشاندانەکان دەکەن و پاڵپشتی خۆیان بۆ هاوڵاتییان دەربڕیووە، لەوانە زانکۆ عەلامە، زانکۆی شاهروود، زانکۆی شەریف.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''هەرانا'' سەبارەت بە ڕەوشی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم ٥٨٢ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و لانیکەم ١٦ خۆپیشاندەر کوژراون و لەنێو کوژراو و بریندارەکان گەنجانی تەمەن ١٧ ساڵی تێدایە.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، ژووری ١٥ و ١٦ی زیندانی کەرەج بۆ دەستبەسەر کردنی خۆپیشاندەرەکان تەرخانکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ٢٠٠ خۆپیشاندەری دەستبەسەر کراو بۆ زیندانی قوم گواستراوەتەوە، هەروەها ٨١ خۆپیشاندەر لە  شارۆچکەی یاسوجی سەر بە پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد دەستبەسەر کراون، کە ٧٠ کەسیان تەمەنیان لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵیدایە و بۆ زیندانی یاسوج گواستراونەتەوە.

 

باس لەوەشکراوە، لە هەشتەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری وڵاتدا، هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران بەردەوامن لە بەکارهێنانی ئامڕازی سەرکوتکردن لەوانە، تەقەکردن، بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و بڵاوەپێکردنی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان.

 

هەروەها سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، دەبێت ترەمپ بزانێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، بەم لێدوانەى ترەمپ ئەجێندا شاراوەکانی ئەمریکا  ڕوون بووەتەوە.

 

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سەبارەت بە پەیامە هەڕەشەئامێزەکەی ترەمپ لەسەر وڵاتەکەى، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هۆشداری دەدەنە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران و ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت ترەمپ درک بەوە بکات، کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، بە لێدوانی ترەمپ و بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەجێندا شاراوەکانی پشت پەردەکان ڕوون بووەتەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو ئێمە جیاوازی دەکەین لە نێوان داواکاری ڕەوای خۆپیشاندەران و گرووپە تێکدەرەکان، دەبێت ترەمپ درک بەوە بکات، کە دەستوەردانی ئەمریکا کاروباری ناوخۆ بە مانای تێکدانی سەقامگیری تەواوی ناوچەکە و تێکدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە.

 

هەروەها لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا سەرۆک کۆماری ئێران دانی بەوەدانا، کە بەرپرسیارێتی سەرەکی لە تێکچوونی بارودۆخی ژیان لەو وڵاتە لە ئەستۆی حکومەتدایە و داوای کۆتایی هێنان بە تاوانبارکردنی ئەمریکای کرد، ئەمە لە کاتێکدایە، ناڕەزایەتی جەماوەری لە چەند شارێکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوبووەتەوە.

 

مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا سەبارەت بە گژییەکانى وڵاتەکەى و ناڕەزایەتییەکان وتارێکى پێشکەش کرد.

 

وتی: خەڵک ناڕازییە، ئێمەش تاوانبارین، نابێت چاومان لە ئەمریکا بێت، ئەو کێشانەی هاوڵاتیان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە سیاسەتە ناوخۆییەکان و هەڵەکانی ئیدارە و حوکمڕانییەوە سەرچاوە دەگرن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت دەچێتە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە، ئاماژەی بە گەورەیی ئەو ئاڵنگاری و بەرگرییانە کرد، کە ڕەنگە سیاسەتە نوێیەکان ڕووبەڕووی ببنەوە.

 

مەسعوود پزیشکیان وتى: چیتر حکومەتەکەی دۆلار بە ڕێژەی ٢٨ هەزار و ٥٠٠ تمەن دابین ناکات ، چیتر دۆلاری پاڵپشتیکراو نادەین بە کەس، ئەو دۆلارانەی دەدرێن خراپ بەکاردەهێنرێن.

 

ئەمە لە کاتێکدایە شۆرشی ''ژن، ژیان، ئازادی»''لە ساڵی ٢٠٢٢دا  بە پێشەنگایەتی ژنان دوای کوژرانی ژینا ئەمینی ''مەهسا'' دەستی پێکرد، کە بە خێرایی بوو بە یەکێک لە گەورەترین جوڵانەوە ناڕەزایەتییەکان لە مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  ئەم شۆرشە زیاتر لە خۆپیشاندانێکی کاتی بوو، چونکە گوتاری ناڕەزایییەکان لە سنووری داواکانی تاکەکەسی تێپەڕاند و بوو بە هێڵێک بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی.

 

ئەگەرچی خۆپیشاندانەکانی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ماوەکەی کەمبوو، بەڵام کاریگەرییەکانیان هێشتا لە ناو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵایئ کوردستان و  ئێران بەردەوامە، ئەم جوڵانە گۆڕانکارییەکی قووڵی لە بیرکردنەوەی گشتی دروست کرد، بە تایبەت لە پرسەکانی تایبەت بە ماف و ڕۆڵی ژنان و ئازادییە گشتییەکان و سنووردارکردنی دەسەڵات.

 

خۆپیشاندانە نوێکان کە ئێستا لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێران دەردەکەون، زۆربەی جار بە هۆکاری ئابووری دەست پێدەکەن، بەڵام ناوەڕۆک و گوتاریان بە ئاشکرا پەیوەندی بە میراسی شۆرشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' هەیە، داواکانی ئێستای خۆپیشاندەران تەنها لە سنووری نرخ و موچە نەماون، بەڵام گەیشتوونەتە بابەتی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئازادی دەربڕین و مافی مرۆڤ.

 

چالاکبوونی ژنان لەم خۆپیشاندانانەدا بە شێوەیەکی دیار بەردەوامە، کە ئەمەش بەرهەمی ڕاستەوخۆی شۆرشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' دادەنرێت، هەروەها  ژنان ئێستا نەک تەنها وەک بەشداربووان، بەڵکو وەک دەنگی سەرەکی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی دەردەکەون، ئەمەش شێوەی خۆپیشاندانەکان و پەیامیان گۆڕیوە.

 

شیکەرەوەکان ئاماژەیان بەوەداوە، ئەم خۆپیشاندانانە نیشانەی ئەوەیە کە شۆرشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' بوو بە خاڵی گۆڕانکاری لە مێژووی جوڵانەوە ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەرچەندە فۆڕمی خۆپیشاندانەکان گۆڕاوە، بەڵام بنەمای داواکانیان هێشتا بەردەوامە و لە دۆخە ئابوورییەکانەوە بۆ پرسیارە گشتییەکانی ئازادی و مافی مرۆڤ درێژ بوونەتەوە

 

میدیا فەرمییەکانی ئێران زۆرجار ئەم ناڕەزاییانە وەک کێشەیەکی ئابووری و کاتی باس دەکەن و دەڵێن، حکومەت هەوڵی چارەسەری دۆخەکە دەدات، بەڵام شیکەرەوەکان دەڵێن، ئەم خۆپیشاندانانە نیشانەی قووڵبوونی ناڕەزایی کۆمەڵایەتییە و پەیوەندی هەیە بە کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی، وەک سزا نێودەوڵەتییەکان، کێشەی بەڕێوەبردنی دارایی و کەمبوونی متمانەی گشتی.

 

بە پێی ئەم شیکردنەوانەش، ئەگەر داواکانی خەڵک بێ وەڵام بن و گۆڕانکارییە بنچینەییەکان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە لە داهاتوودا دەکرێت دووبارە و بە قەبارەیەکی گەورەتر دەربکەون، ئەم بارودۆخەش دەکرێت کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر دۆخی ناوخۆیی و هەروەها پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران هەبێت.